نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا: پێداگیری لە لێپرسینەوە لە تاوانەکانی سوەیدا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا جەخت لە "پابەندبوونی سووریا بە پرۆسەیەکی یەکگرتوو دەکاتەوە کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێ و بپارێزێ." لێدوانەکەی نێردەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی هات لە عەممان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئوردن و سووریا.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا؛ ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە عەممان و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆبوونەوە.
تۆم باراک دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "بەدیهێنانی دادپەروەری و کۆتاییهێنان بە بێ سزایی، بنچینەی گەیشتنە بە ئاشتییەکی بەردەوام."
نێردەی ئەمریکا گوتی، دوای "گفتوگۆیەکی بەرهەمدار" حکومەتی سووریا بەڵێنی دا "هەموو ئامرازەکانی بەکاربێنێ بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانە قێزەونەکانی سوەیدا و دڵنیایی دا کە هیچ کەسێک دەربازی نابێت."
کۆبوونەوەکە درێژەپێدەری گفتوگۆکانی پێشووی نێوان هەمان بەرپرسان بوو لە 19ـی تەممووز کە دوای تووندووتیژییەکی خوێناویی تائیفی لە پارێزگای سوەیدا هات کە بووەهۆی کوژرانی سەتان کەس.
تۆم باراک ئاماژەی بەوەدا کە سووریا "بە تەواوی هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە، بە تایبەتی تووندوتیژییە مەترسیدارەکەی نەخۆشخانەی نیشتمانیی سوەیدا."
رۆژی یەکشەممە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە و تێیدا دەرکەوت کەسێک بە جلی سەربازییەوە لە نەخۆشخانەیەکی سوەیدا تەقە لە کارمەندێکی تەندروستی دەکات و دەیکوژێت.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، لایەنەکان رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی گرووپێکی کاری هاوبەش بۆ "پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سووریا بۆ چەسپاندنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا."
تۆم باراک جەختی لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ سووریا کردەوە و گوتی: "چاودێریی مرۆیی وەک چارەسەرێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە دابەشکارەکان و ئێمە پابەندین بە زیادکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ باشووری رۆژئاوای سووریا."
هەر لە عەممان، شا عەبدوڵڵای دووەم، پاشای ئوردن بە جیا چاوی بە شەیبانی و باراک کەوت و پشتیوانیی خۆی بۆ "پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا" دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری نیشان دا.