سوپای عەرەبیی سووریا پلانی هێرش بۆ سەر دێرحافر و دەوروبەری رادەگەیێنێت

رووداو دییجیتاڵ

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبی سووریا لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا ناوچەیەکی فراوانی لە باشووری رۆژهەڵاتی حەلەب وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند و داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات بۆ رۆژهەڵاتی فورات بکشێنەوە.
ناوچەکە لە دێرحافرەوە دەستپێدەکات تاوەکو قەواسە و مەسکەنە لە کەناری رۆژئاوای فورات. 
 
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە راگەیێندراوەکەدا کە لە میدیای فەرمیی سووریا بڵاوکراوەتەوە، هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "هەسەدە بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێزەکانی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە و پاشماوەکانی رژێمی پێشوو لەو ناوچەیە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو ناوچەیە بووەتە سەرچاوەی هەڵدانی "درۆنە بۆمبڕێژکراوە ئێرانییەکان" کە شاری حەلەبیان کردووەتە ئامانج. 
 
سوپاکە داوا لە خەڵکی سڤیل دەکات لە پێگەکانی هەسەدە لەو ناوچەیە دووربکەونەوە.
 
هەروەها دەڵێت، پێویستە "سەرجەم گرووپە چەکدارەکان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان بکشێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات." دەشڵێت: "سوپای عەرەبی سووریا تەواوی رێکارە پێویستەکان دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەو گرووپانە لەوەی ناوچەکە بۆ هێرشکردن بەکاربهێنن."
 
بەگوێرەی نەخشە بڵاوکراوەکە، ناوچە قەدەخەکراوەکە دەکەوێتە رۆژئاوای رووباری فورات و باشووری منبج، هەریەک لە شارۆچکەکانی دێر حافر، مەسکەنە و گوندەکانی دەوروبەری تاوەکو کەناری دەریاچەی ئەسەد دەگرێتەوە.
 
نوێدەکرێتەوە...