750 خێزانی ئاوارە لە عەفرینەوە دەگەڕێنەوە حەلەب
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاگربەست و هێوربوونەوەی دۆخی گەڕەکەکانیان، نزیکەی 1000 خێزانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کە 750 خێزانیان ئاوارەی عەفرین ببوون، دەگەڕێنەوە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ 750 خێزان کە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە ئاوارەی عەفرین و دەوروبەری بوون گەڕانەوە گەڕەکەکانی خۆیان.
هەر دوێنی نزیکەی 250 خێزانی دیکەی ئەو دوو گەڕەکە کە ئاوارەی نێو شاری حەلەب ببوون گەڕانەوە ماڵەکانیان. ئازاد عوسمان دەڵێت، "هەموو ئەوانەی گەڕاونەتەوە کوردن."
ئەو ئەندامەی ئەنەکەسە کە لە عەفرینە گوتی، "ئەمڕۆش ژمارەیەک خێزانی دیکە دەگەڕێنەوە ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب."
ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵاتی خۆجێی عەفرینەوە بڵاوکراوە راگەیێندراوە، پاسی گواستنەوە دابین دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە بۆ ماڵەکانیان لە گەڕەکەکانی حەلەب.
ئازاد عوسمان گوتی، "دابینکردنی پاس لەلایەن دەسەڵاتی خۆجیی عەفرینەوە بێ بەرامبەرە بۆ ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ سنووری خۆیان."
بەهۆی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا لە 6ی ئەم مانگەدا بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون، لەوانە نزیکەی 150 هەزار کەس چوونە عەفرین و دەوربەری.