مەزڵووم عەبدی و وەزیری دەرەوەی سووریا پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکان لەلایەن ترەمپەوە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و وەزیری دەرەوەی سووریا پێشوازی لە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا دەکەن. وەزیری دەرەوە دەڵێت، بڕیارەکە "خاڵی وەچەرخان دەبێت بۆ سووریا."
رۆژی سێشەممە 13ی ئایاری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە سعودیە باسی لە سیاسەتی ئیدارەکەی بەرامبەر سووریا کرد و رایگەیاند، بڕیاری داوە سەرجەم سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت، "تاوەکو دەرفەتێکیان پێ بدات بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی پرشنگدار."
دوای ئەو بڕیارە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سوپاسی ترەمپی کرد و بڕیارەکەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە ناوبرد.
عەبدی نووسیوویەتی، "سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ دەکەین بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا. ئەو بڕیارە کاریگەرییەکی ئەرێنیی بۆسەر وڵاتەکە دەبێت. هیوادارین ئەو هەنگاوە سوودی لێوەربگیرێت بۆ سەقامگیریی زیاتر و بوونیاتنانەوەی وڵاتەکە و دڵنیابوون لەوەی سەرجەم سووریاییەکان داهاتوویەکی باشتریان دەبێت، چونکە سووریا شیاوی باشترینە."
هاوکات ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پێشوازیی لەو هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، "ئەو بڕیارە خاڵی وەچەرخان دەبێت بۆ سووریەکان، تاوەکو بتوانن بەرەو پێشەوە بڕۆن و هەنگاوی کردەیی بنێن لە بونیاتنانەوەی سووریا، دوای چەندین ساڵ لە جەنگ و وێرانکاری."
هەفتەی رابردوو، لەکاتی سەردانەکەی بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆقۆناخی راگوزەر رایگەیاند، هیچ رەوایەتییەک بۆ بەردەوامی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا نییە.