بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: دوورخستنەوەمان لە چارەسەری سیاسی لە سووریا چارەنووسەکەی شکستهێنانە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، هەر پرۆسەیەکی سیاسی بۆ داهاتووی سووریا کە ئەوان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەخۆنەگرێت، "پرۆسەیەکی ناتەواوە و مەترسیی شکستی لەسەر دەبێت."
 
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێشوازی لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، کە لە 10ی ئابدا دەرچووە و تێیدا تاوانەکانی دژی خەڵکی سڤیل لە سوەیدا سەرکۆنە کراون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش هاوتەریبە لەگەڵ خاڵەکانی رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەروەها لەگەڵ ئەنجامەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە لە 8ی ئەم مانگە لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوە دەکات، پابەندبوون بە بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش و بنەماکانی، "چوارچێوەیەکی گشتگیرە و هیچ جێگرەوەیەکی نییە" بۆ گواستنەوەیەکی سیاسیی راستەقینە لە سووریا.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە بەشداریی هەموو هێزە کاریگەرەکانی سەر زەوی مسۆگەر بکرێت، لەنێویاندا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزە سەربازییەکەی، هەسەدە، وەکو لایەنێکی سەرەکیی هاوکێشەی سووریا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری."
 
هەروەها هۆشداری داوە لەوەی "هەر پرۆسەیەکی سیاسی کە ئەو هێزانە دووربخاتەوە کە نوێنەرایەتیی ویستی ملیۆنان سووریایی دەکەن، ئەنجامی خراپی دەبێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی نێوەڕۆکی بڕیاری 2254 دەربڕیوە، کە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
 
• پێکهێنانی دەستەیەکی بەڕێوەبردنی راگوزەری گشتگیر.
 
• راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەڕەشەکان لە هەموو لایەکەوە.
 
• داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بە سازان.
 
• پێکهێنانی حکومەتێکی راوگوزەر کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆبگرێت.
 
• بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
 
• گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
 
• بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای کردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان "رۆڵێکی سەرەکی و کاریگەر" بگێڕێ لە سەرپەرشتیکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر کە هەموو لایەنە سووریاییەکان بەبێ جیاوازی لەخۆبگرێ، بۆ بنیاتنانی "سووریایەکی دیموکراسی، فرەپێکهاتە و یەکگرتوو."
 
لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش، کە رۆژی یەکشەممە لەلایەن ئەندامانییەوە پەسند کرا، باڵیۆزەکان رایانگەیاند، "زۆر نیگەرانن" لە پێکدادانەکانی ئەم دواییە کە "کوشتنی بەکۆمەڵ"یان تێدا بوو و بوونەهۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 192 هەزار کەس.
 
ئەنجوومەنەکە "بە تووندی" سەرکۆنەی ئەو تووندوتیژییەی کرد بەرامبەر خەڵکی سڤیل کرا، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست بن و پاراستنی دانیشتووانی سڤیل مسۆگەر بکەن.
 
ئەنجوومەنە 15 ئەندامییەکە ئەرکەکانی هەموو لایەنەکانی بەپێی مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بیرهێنایەوە، بەتایبەتی جەختی لە ئەرکی "رێزگرتن و پاراستنی" هەموو کارمەندانی پزیشکی و مرۆیی کردەوە.
 
ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش داوایان لە هەموو لایەنەکانی سووریا کرد رێگە بە "گەیشتنی تەواو، سەلامەت، خێرا و بێبەربەستی هاوکاریی مرۆیی" بدەن بۆ کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکانی ناوچەی سوەیدا کە زۆرینە دروزن، بە پێی پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی، بێلایەنی و سەربەخۆیی.