سانا: لە هێرشێکدا لە تەدمور ژمارەیەک سەربازی سووریا و ئەمریکا بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) دەڵێ، لە نزیک تەدمور لە پارێزگەی حومس هێرش کراوەتە سەر کاروانێکی هاوبەشی هێزەکانی سووریا و ئەمریکا، دوو سەربازی سووریا و ژمارەیەکی دیکەی ئەمریکی بریندار بوون و هێرشکارەکەش کوژراوە. 

سانا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە لە کاتی گەڕانێکی مەیدانیی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و سووریادا بووە. 

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەی ئەمنیی ناونەهێنراوەوە دەڵێ، هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا چوونەتە شوێنەکە لە نێوەڕاستی بیابانی سووریا و بریندارەکانیان بۆ بنکەی سەربازیی تەنەف لە نزیک سێگۆشەی سنووریی سووریا-عێراق- ئوردن گواستوەتەوە. 

سانا ئاماژە بەوە دەکات، رێگەی نێودەوڵەتیی دێرەزوور - دیمەشق لە دوای رووداوەکە بە شێوەیەکی کاتی داخراوە و هاوکات "فڕۆکەکان بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە."

هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە کە بە گوێرەی سانا تەنیا یەک هێرشکار تێیدا بەشدار بووە، بەڵام تەدمور ماوەیەکی زۆرە چەکدارانی داعش تێیدا جموجووڵیان هەیە.

پێنتاگۆن تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەبووە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، هاوئاهەنگیی ئەمریکا و سووریا دژی شانە نووستووەکانی داعش زیادی کردووە، ئەوەش دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 و دەستبەکاربوونی حکومەتێکی راگوزەر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع.

تشرینی دووەم، سووریا بە فەرمی پەیوەندی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە کرد کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە پەیوەندییەکاندا.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لەو کاتەوە باسی چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی کردووە، لەوانەش تێکشکاندنی زیاتر لە 15 کۆگای چەکی داعش لە باشووری سووریا لە کۆتایی مانگی رابردوودا.

ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم بەم دواییانە ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە زیاتر لە 20 ئۆپەراسیۆنی دژی داعش "راوێژ و هاوکاریی پێشکێش بە هاوبەشە سووریاییەکان کردووە و کارئاسانی بۆ کردوون"، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپەکە.

سەرەڕای تێکشکاندنی داعش لە رووی جوگرافییەوە لە ساڵی 2019، ئەو رێکخراوە هێشتا بەردەوامە لە هێرشی بچووک لە ناوچە بیابانییە فراوانەکانی سووریا.

شارۆچکەی تەدمور لە نێوان ساڵی 2015 و 2016 لەژێر دەستی داعشدا بوو.