سێنتکۆم: دوو سەرباز و هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە سووریا کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم دەڵێت، لە ئەنجامی بۆسەی چەکدارێکی داعش لە سووریا، دوو سەربازیی ئەمریکی و هاووڵاتییەکی سڤیلی ئەمریکی کوژران.
 
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی نزیک شاری تەدموری پارێزگای حومسی سووریا بڵاوکردەوە و گوتی، "لە ئەنجامی بۆسەیەکی دانراو لە لایەن چەکدارێکی داعشەوە لە سووریا، دوو سەربازی سوپای ئەمریکا و هاووڵاتییەکی سڤیلی ئەمریکی کوژران."
 
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، چەکدارەکە یەک کەس بووە و تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
 
پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکە گوتی، چەکدارەکە لە لایەن هێزە هاوبەشەکانییانەوە کوژراوە.
 
وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندیش دەداتە ئەو کەس، هێز و لایەنانەی ئەمریکییەکان دەکەنە ئامانج و دەڵێت، "با روون بێ، ئەگەر ئەمریکییەکان بکەیتە ئامانج، ئیدی لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بی، ئەوا ئەو ژیانە کورتەی کە هەتە بە جۆرێک بەسەر دەبەیت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدواتا دەگەڕێ، دەتدۆزێتەوە و بێبەزەییانە دەتکوژێ."
 
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆنیش لەبارەی رووداوەکەوە نووسی، بۆسەکە لە سنووری تەدموور بووە و هاووڵاتییە سڤیلەکەش وەرگێڕ بووە.
 
هاوکات تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا سەرکۆنەی "بۆسە تیرۆریستییە ترسنۆکانەکەی" کرد کە "گەڕانێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و حکومەتی سووریای کردە ئامانج."
 
تۆم باراک گوتی، "پابەندین بە تێکشکاندنی تیرۆریزم لەگەڵ هاوبەشە سووریاییەکانمان."
 
بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامانە چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، لە نزیک شاری تەدمور لە پارێزگەی حومس هێرش کرایە سەر کاروانێکی هاوبەشی هێزەکانی سووریا و ئەمریکا.