سووریا لەبارەی هێرشەکەی تەدمور: هۆشداریمان دابووە هاوپەیمانان، بەڵام بەهەندیان وەرنەگرت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێ، هێزەکانیان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیان لە ئەگەری هێرشی داعش لە بیابانەکان ئاگادار کردبووەوە، بەڵام هۆشدارییەکەیان بە هەند وەرنەگرت.
نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، "پێشوەختە لەلایەن فەرماندەیی ئاسایشی نێوخۆوە هۆشداری درابووە هێزە هاوبەشەکان و هاوپەیمانان سەبارەت بە ئەگەری روودانی پێشێلکاری یان هێرشی چاوەڕوانکراوی داعش لە ناوچەی بیابان، بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هۆشدارییەکانیان بەهەند وەرنەگرت."
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە سنووری تەدمور لە پارێزگای حومسی سووریا هێرش کرایە سەر هێزێکی هاوبەشی حکومەتی سووریا و هێزە ئەمریکییەکان و لە ئەنجامدا 2 سەربازی ئەمریکی کوژران و هاووڵاتییەکی سڤیلی ئەمریکیش کوژرا.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا گوتی، رووداوەکە لە کاتی گەڕانێکی هاوبەشدا بوو لە ناوچەی بیابان، لەو کاتەدا چەکدارێک کە شوێنکەوتووی داعش بوو، دەستڕێژی گولـلەی کرد.
نوورەدین بابا گوتی، "ئەو کەسەی هێرشەکەی کرد، هیچ پەیوەندییەکی بە فەرماندەیی ئاسایشی نێوخۆ نەبووە و پاسەوان یان یاوەری فەرماندەییەکەش نەبووە، بەڵکو دوای پێکدادانی لەگەڵ ئاسایشی سووریا و هێزەکانی هاوپەیمانان، کوژراوە."
بە گوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە ئایا ئەو چەکدارە پەیوەندیی رێکخراوەیی بە داعشەوە هەبووە یان تەنیا "هەڵگری بیرۆکەی رێکخراوەکە بووە."
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و گوتی، "لە ئەنجامی بۆسەیەکی دانراو لە لایەن چەکدارێکی داعشەوە لە سووریا، دوو سەربازی سوپای ئەمریکا و هاووڵاتییەکی سڤیلی ئەمریکی کوژران."
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، چەکدارەکە یەک کەس بووە و تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکە گوتی، چەکدارەکە لە لایەن هێزە هاوبەشەکانییانەوە کوژراوە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندیش دەداتە ئەو کەس، هێز و لایەنانەی ئەمریکییەکان دەکەنە ئامانج و دەڵێت، "با روون بێ، ئەگەر ئەمریکییەکان بکەیتە ئامانج، ئیدی لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بی، ئەوا ئەو ژیانە کورتەی کە هەتە بە جۆرێک بەسەر دەبەیت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدواتا دەگەڕێ، دەتدۆزێتەوە و بێبەزەییانە دەتکوژێ."