چیرۆکی شەهیدکردنی ئامارا؛ "هەڤاڵەکانم جێناهێڵم"
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب، چەندین چیرۆکی تراژیدیا بینران و نووسران، یەکێک لەوانە چیرۆکی شەهیدکردنی ئامارا خەلیل بوو، چونکە ئەو کیژێکی تازە پێگەیشتووی شەڕڤان بوو.
ئامارا خەلیل، یەکێکبوو لەو شەڕڤانە گەنجانەی کە لە سەرەتای هێرشەکانەوە لە 6ی کانوونی دووەمی 2025، بەرگریی لەو دوو گەڕەکە کوردنشینە کرد، بەڵام دواتر لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە شەهید کرا.
مەحموود خەلیلی باوکی ئامارا، میوانی بەرنامەی 'بەکاتی دهۆک'ی رادیۆی رووداو بوو کە لەلایەن ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی دهۆکەوە پێشکێش دەکرێت.
"هەڤاڵەکانم منیان رزگارکرد و منیش دەستبەرداریان نابم"
ئامارا، خوشکی گەورەی سێ منداڵ بووە و نەدەچوو بۆ قوتابخانە. باوکی دەڵێت: "خۆی بڕیاری دابوو ببێتە هەڤاڵ (شەڕڤان)، ئارەزووی خۆی بوو. دەیگوت: ئەگەر شەهیدیش ببم، ناوێکی سەربەرزانە دەبێت."
مەحموود خەلیل دەڵێت: 10 مانگ بوو قسەم لەگەڵ نەکردبوو. لە کاتی شەڕدا قسەم لەگەڵ کرد، پێی گوتم: "بابە، شوێنەکەم تەنگە. هەڤاڵەکانم منیان رزگار کرد و منیش دەست لە هەڤاڵەکانم هەڵناگرم."
"بابە شەڕەکە سەختە"
باوکی ئامارا باسی گفتوگۆی خۆی و کچەکەی دەکات و دەڵێت: "ئامارا گوتی، بابە، شەڕەکە سەختە. پێم گوت: تۆ لە کوێیت؟ پێی گوتم: من لە شێخ مەقسوودی رۆژئاوای کوردستانم."
"رۆشتم بۆ لای، بەڵام نەمبینی"
مەحموود خەلیل، خۆی بۆ ناگیرێت و بڕیار دەدات بچێ بۆ لای کچەکەی کە لەژێر رەهێڵەی ئاگر و ئاسندایە. دەڵێت: پێم گوت بابە گیان، من دێم. "بەیانی زوو هەستام و چووم، بەڵام نەمبینی. شەڕ دەستی پێکرد و خەڵک چوونە دەرەوە. من خۆم لە ناو شەڕەکەی حەلەبدا بووم، بە شوێن ئەو کەوتم."
"شێوازی شەهیدبوونەکەی هەمووانی ئازاردا"
باوکی ئامارا، باسی شێوازی شەهیدکردنی کچە تازە پێگەیشتووەکەی دەکات و دەڵێت: "شێوازی شەهیدبوونی هەموو خەڵکی ئازاردا. هەر لایەک بە قارەمانێتی و بەرخودانی ئەو خەمبار بوون. ئەو شەهیدی هەموو کوردستانە، شەهیدی هەر چوار پارچەی کوردستانە. من پێی سەربەرزم."
"هیچ لەبارەی تەرمەکەیەوە نازانین"
مەحموود خەلیل دەڵێت: "هیچ شتێک لەبارەی تەرمەکەی [ئامارا] نازانین. تەرمەکەی لە لای ئێمە نییە. رێوڕەسممان بۆ کرد و میوانمان هەبوو، بەڵام تەرمەکە نییە."
ئامارا لەو ژیانە کورتەی خۆیدا، تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا ژیاوە. باوکی دەڵێت: "گوتمان باشووری کوردستان دەبینین، بەڵام نەمانبینی."
"کچەکەم چوو با شەهیدی دیکە نەبێت"
باوکی ئامارا، سەرەڕای ئەوەی جەرگی سووتاوە، بەڵام هێشتا خەمی خوێنی شەهیدانییەتی و داوا دەکات بەفیڕۆ نەچن و دەڵێت: "بانگەوازی من بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و تاڵەبانی ئەوەیە کە خوێنی شەهیدەکانمان بە فیڕۆ نەچێت. کچەکەی من چوو، من پێی سەربەرزم، با شەهیدی دیکە نەبێت."
مەحموود خەلیل دەشڵێت: "من ئامارام لەم ماوەیەدا نەبینی، هەرچەندە تەنیا ئارەزووم بینینی بوو."