هەسەدە: سوپای سووریا و تورکیا بە هاوئاهەنگی هێرش دەکەنە سەر دێرحافر و مەسکەنە
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ناوچەکانی دێرحافر، مەسکەنە و بەنداوی تشرین رووبەڕووی هەڵکشانێکی سەربازیی مەترسیدار بوونەتەوە. هەسەدە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و درۆنەکانی تورکیا بە هاوئاهەنگی بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە تۆمەتبار دەکات.
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، هێزەکانی سەر بە دیمەشق زیاتر لە 12 جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و تۆپبارانکردن هێرشیان کردووەتە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین و گوندەکانی مەحشییە، شێخ حەسەن و قەشڵە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە نانەواخانەی نان و فەرمانگەی پۆستەی دێرحافر بە ئامانج گیراون، ئەمەش بووەتە هۆی بڕانی نان و دروستکردنی مەترسی لەسەر بژێویی خەڵک.
تێکشکاندنی هەوڵێکی دزەکردن
هەسەدە رایگەیاند، شەڕڤانانیان هەوڵێکی دزەکردنی هێزەکانی دیمەشقیان لە میحوەری گوندی (زوبەیدە) لە گوندەواری باشووری دێرحافر تێکشکاندووە و هێرشکارانیان ناچار بە راکردن کردووە. هەسەدە دەڵێت، حکومەت رێگری لە جووتیاران دەکات بچنە سەر زەوییەکانیان و هەوڵی پەکخستنی ژیانی ئاسایی خەڵک دەدات.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سوپای سووریا، هەسەدە رایگەیاندووە، "درۆنەکانی بایراکتاری تورکیا بە چڕی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەفڕن". هەسەدە ئاشکرای کرد، "تەنیا ئەمرۆ درۆنەکانی تورکیا دوو جار خاڵێکی سەربازیی ئەوانیان لە ناو شاری مەسکەنە کردووەتە ئامانج، هەروەها خاڵێکی دیکەیان لە گوندی "بۆعاسی" لە گوندەواری تەبقە پێکاوە. ئەوەش 4ـەمین هێرشی درۆنی تورکیایە بۆ سەر مەسکەنە لەوکاتەی هەڵکشانی گرژییەکان دەستیپێکردووە."
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی سێشەممە سوپای سووریا داوای لە هێزە کوردییەکان کرد لە ناوچەکانی روژهەڵاتی حەلەب بکشێنەوە و ئەو ناوچانەی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند. پێکدادانەکان لە کاتێکدان کە هەفتەی رابردوو سوپای سووریا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی لە حەلەب راگەیاند، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس.
حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، کە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتی گرتە دەست، هەسەدە بە کۆکردنەوەی هێز و بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی تۆمەتبار دەکات. لە بەرامبەردا، هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە دیمەشق و ئەنقەرە "لۆژیکی شەڕ"یان هەڵبژاردووە بۆ سڕینەوەی مافە سیاسییەکانی کورد و جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025.