ئەنەکەسە: دەستووری نوێی سووریا تووشی شۆکی کردین

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند کە دەستوورى نوێى سووریا تووشى شۆکى کردوون و فرەیی لە سووریا پشتگوێخستووە، داوا دەکات چاوى پێدا بخشێنرێتەوە.
 
ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رۆژی 14ی ئاداری 2024 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە، راگەیێندراوى دەستوورى لە سووریا "تووشى شۆکى کردووین" و " جێگەى بێ ئومێدى بووە" کە دوور لە خواستنەکان بووە بۆ بنیاتنانى دەوڵەتى دیموکراسی و لەلایەن کۆمیتەیەکیشەوە ئامادەکراوە کە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتە سیاسی و نەتەوەیی و ئاینییەکانى نەکردووە. 
 
ئەنەکەسە ئاماژەى بەوەداوە، ئەو دەستوورە فرەیی لە سووریا پێشتگوێ خستووە وەک دەوڵەتێکى فرە نەتەوەیی و ئایین و تەنیا ناسنامەى یەک نەتەوەیى لە ناونانى دەوڵەت جێگیر کردووە. 
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەى ئەو لایەنانەى رۆژئاواى کوردستان هاتووە، کە دەستوورەکە سیستمى حوکمى ناوەندى تۆختر کردووە و دەسەڵاتى زۆرى داوەتە سەرۆککۆمار، بەبێ گەرەنتى لە جیاکردنەوەى نێوان دەسەڵاتەکان. 
 
ئەنەکەسە پێیوایە، ئەو دەستوورە هەنگاوێکى دیکەیە بۆ تاکڕەوى لە دەسەڵات. بۆیە بە پێویستی دەزانێت هەڵوێستێک لەلایەن سەرجەم هێزە نیشتمانی و دیموکراسیی و نەتەوەییەکانەوە هەبێت، بۆ ئەوەى چاو بەو دەستوورەدا بخشێنرێتەوە و فرەیی سیاسی و نەتەوەیى تێدا بێتەدى. 
 
13ـی ئادارى 2025 کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا، رەشنووسى دەستوورى رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد. 
 
راگەیێندراوى دەستوورى بۆ ماوەى 5 ساڵە وەک قۆناخى راگوزەر دەبێت، تاوەکو هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا دەکرێت.