(HRW) دەڵێت گرووپە چەکدارەکانی سووریا بەردەوامن لە دەستبەسەرکردن و سەرانەسەندن

رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند، هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، بەردەوامن لە دەستبەسەرکردن، خراپ مامەڵەکردن و سەرانەسەندن لە خەڵکی سڤیلی دانیشتووانی ناوچەکانی باکووری سووریا. داواش لە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەکات لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ناسراو بە (HRW)، راپۆرتێکی لە بارەی چەکدارانی هێزەکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو چەکدارانە هێشتا بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیلی ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکووری سووریا، بەتایبەت دژی کورد. 
 
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە دەڵێت، هەر ئەو چەکدارانەن کە لەپرۆسەی تێکەڵکردنیانن بە هێزە فەرمییەکانی سوپای سووریا و فەرماندەکانیان لە پۆستە سەرەکییەکانی حکومەت و سەربازیدا دادەنرێن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لەرابردوودا، تۆمەتبارکراون تووندوتیژی. 
 
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ داوای لە حکومەتی سووریا کردووە، کار بکات بۆ کۆتاییهێنان و لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاری و کردەوە تووندوتیژییانەی چەکدارەکان دەیکەن، ئەو کەسانەشی کە پێشینەی خراپیان هەیە لە هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی سووریا دوور بخرێنەوە.
 
ئادەم کۆگڵ، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: "رووخانی حکومەتی ئەسەد کە بەردەوام پێشێلکاریی دەکرد بەو مانایە دێت کە ئەو تووندوتیژییانەی دەیان ساڵە دەکرێن، کۆتایی هاتووە، بەڵام هێزەکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا بەردەوامن لە دەستبەسەرکردن و سەرانەسەندن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی سڤیل."
 
هیومان رایتس وۆچ، ئاماژە بەوە دەکات لەنێو ئەو فەرماندانەی، لە رابردوودا تۆمەتبارکراوە بەوەی پێشێلکاریی کردووە و ئێستا پۆستی باڵایان لە سوپای نوێی سووریادا هەیە، بریتین لە محەممەد جاسم (ئەبو عەمشە) کە سەرۆکایەتیی فیرقەی 62 دەکات؛ سەيف بوڵاد (سەيف ئەبوبەکر) سەرۆکایەتیی فیرقەی 76 دەکات؛ فەهیم عیسا وەکو یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری باکوور؛ لەمدواییانەدا ئەحمەد حەیس (ئەبو حاتەم شەقرا) سەرۆکایەتیی فیرقەی 86 لە ناوچەی رۆژهەڵات دەکات.
 
چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە شوباتی 2024دا تووندوتیژییەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای لە ساڵانی 2018 تاوەکو 2023 بە بەڵگەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا زۆربەی قوربانی پێشێلکارییەکانیان کوردن بوون و بەتایبەتریش ئەوانە بوون کە پەیوەندییان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە هەبووە، کە تورکیا بە هێزێکی درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی دەزانێت.
 
لە یەکی کانوونی یەکەمی 2024، لەدوای پێشڕەوییەکانی چەکدارانی دەستەی تەحریر شام لە دژی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، کە ئێستا سەرکردایەتیی ئێستای حکومەتی دیمەشق دەکەن، سوپای نیشتمانیی سووریا، ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی دەستپێکرد و ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی باکووری شاری حەلەب بوو، لەنێویشیان شەهبا، ئەو ناوچەیەی کە بە شێوەیەکی گشتی وەکو پەناگەیەک بۆ ئاوارەکانی کورد، سوودی لێوەرگیراوە، لە کاتی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 2018.
 
راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەکات دانیشتووانی گوندێکی عەفرین رایانگەیاندووە، سەرانەسەندن لەلایەن هێزەکانی سوڵتان سولەیمان شا بەردەوامە، کە بە وتەی ئەوان باج دەخەنە سەر جووتیارانی زەیتوون و 2000 تاوەکو 5000 دۆلاریان لێ دەسەنن.
 
هەروەها رێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە، لە نێوان کانوونی یەکەمی 2024 و کانوونی دووەمی 2025دا، چەکدارەکان نۆ دانیشتووی ناوچەکەیان دەستبەسەر کرد، بە تۆمەتی ئەوەی کە باجیان نەداوە و داوای نزیکەی 3800 دۆلاریان لە هەر یەکێکیان کردووە بەرامبەر بە ئازادکردنیان.
 
کۆگل، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا رایگەیاند، "لە کاتێکدا حکومەتی سوریا هێزە جیاکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا و گرووپە چەکدارییەکانی دیکە تێکەڵ بە ریزەکانی خۆی دەکات، دەبێت ئەوانەی ناو سوپای نیشتمانیی سووریا کە بەرپرسن لە پێشێلکارییەکان لە ریزەکانیان دووربخاتەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. ئەگەر ئەم کارەش نەکات، گەلی سووریا ناتوانێت متمانە بە هێزە چەکدارە فەرمییەکان بکەن."