مەزڵووم عەبدی: لەوانەیە لە سەردانەکەم بۆ تورکیا ئۆجەلان ببینم
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی مۆنیتەر رایگەیاند، سەردانێک بۆ ئەنقەرە "لەسەروبەندی ئامادەکردندایە" و رەنگە دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەخۆبگرێت.
عەبدی دان بەوەدا دەنێت، لە دانوستاندنەکاندا لەگەڵ دیمەشق هەڵەیان کردووە و "نەرمی"ـی پێویستیان نەنواندووە، هاوکات وردەکاریی نوێی لەبارەی رێککەوتنی تێکەڵبوونەوەی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای سووریا و چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان دەخاتەڕوو.
چوار مانگ دوای رێککەوتنی تێکەڵبوونەوە و ئاگربەست لەگەڵ حکومەتی سووریا، کە کۆتایی بە پێکدادانە تووندەکان هێنا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە رێگەی وەتسئەپەوە وەڵامی رەخنەکان و پرسیارە چارەنووسسازەکان دەداتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 14-05-2026 مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، کاری لەپێشینەیان "جێبەجێکردنی دروستی رێککەوتنی تێکەڵبوونەوەیە لەگەڵ دیمەشق." عەبدی وردەکارییەکانی پرۆسەکەی خستەڕوو:
هێزە سەربازییەکان: چوار لیوای سەربازی پێکهێنراون کە لە شەڕڤانانی هەسەدە پێکدێن و لەلایەن فەرماندەکانی هەسەدەوە سەرکردایەتی دەکرێن، بەڵام ناوی نوێیان وەرگرتووە وەک بەشێک لە سوپای سووریا. عەبدی رایگەیاند، تاوەکو پرۆسەکە تەواو دەبێت، هەسەدە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئاسایش: رێککەوتن کراوە کە ئاسایش لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکاندا وەک خۆی بمێنێتەوە و نزیکەی 15 هەزار کارمەندی ئاسایش تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریا دەبن و مووچەکانیان لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە وەردەگرن.
خوێندن: عەبدی دانی بەوەدا نا، جێبەجێکردنی رێککەوتنی خوێندن دوادەکەوێت، بەڵام رایگەیاند، رێککەوتنێکی کۆتایی کراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو منداڵانەی ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوو قۆناخی ناوەندی و ئامادەیی تەواو دەکەن، بڕوانامەکانیان لەلایەن دەوڵەتی سووریاوە پێدەدرێت.
هەروەها هەموو بڕوانامەکانی پێشووی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریش دانپێدانراو دەبن. عەبدی گوتی، داواکاریی سەرەکییان ئەوەیە خوێندن لە ناوچە کوردییەکان بە زمانی کوردی بێت.
پۆستە حکومییەکان: فەرماندەی هەسەدە رەخنەی لە دیمەشق گرت و گوتی، "زیاتر لە 20 ناومان بۆ پۆستی جیاواز لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکاندا پێشنیاز کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە."
لە گرنگترین بەشی هەڤپەیڤینەکەدا، مەزڵووم عەبدی بۆ یەکەمجار پشتڕاستیکردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بەردەوامە و پلانی سەردانێک بۆ ئەنقەرە لە ئارادایە.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا سەردانەکە رەنگە دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەخۆبگرێت، عەبدی لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ، لەوانەیە."
عەبدی گوتی، دوایین نامەیان لە ئۆجەلانەوە پێش شەڕەکەی مانگی کانوونی دووەم پێگەیشتووە و رۆڵی ئۆجەلانی بە "گرنگ" وەسفکرد و گوتی، "ئەو سەرکردەیەکی نەتەوەییە و جەماوەرێکی گەورە لێرە لە رۆژئاوا وەک سەرکردەی خۆی سەیری دەکات."
عەبدی بە تووندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە گوایە فەرماندەکان پێگەکانیان جێهێشتووە یان ئەوان بە فەرمانی تورکیا "رۆژئاوا"یان رادەست کردووە.
فەرماندەی هەسەدە روونیکردەوە، کشانەوەیان لە (دێر حافر) بەشێک بووە لە رێککەوتنێکی ئاگربەست بە نێوەندگیریی ئەمریکا، بەڵام سوپای سووریا رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، عەبدی دانی بە بەشێک لە راستیی رەخنەکاندا نا، بەتایبەتی سەبارەت بە شکستهێنان لە بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی باشتر پێش ئەوەی حکومەت بە زۆر (رەققە) و (دێرەزوور) بگرێتەوە.
"بەشێک لە راستی لەم رەخنەیەدا هەیە،" عەبدی وای گوت و درێژەی پێدا، "هەڵەی ئێمە ئەوە بوو کە بەدوای رێگەچارەیەکی ناوەندیدا نەگەڕاین. ئێمە نەرمیی پێویستمان نەنواند. دەمانتوانی بە تێکەڵکردنەوەی ناوچە زۆرینە عەرەبییەکان وەک رەققە و دێرەزوور دەستپێبکەین."
عەبدی نیگەرانیی خۆی لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ دەربڕی و گوتی، گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا بەرەو دیمەشق "چاوەڕواننەکراو" بوو و ئەمریکییەکان "زۆر درەنگ هەنگاویان نا."
سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی کورد، کە گوتبووی کورد کاتێک شەڕ دەکەن، کە پارەیان بدرێتێ. عەبدی گوتی، "تەنیا دەتوانم بڵێم پێموابێت کە بە هەڵە زانیاریی پێدراوە." عەبدی رەتیکردەوە هێزەکانیان "بەکرێگیراو" بن و جەختیکردەوە، هەرگیز پارەیان لە کەس وەرنەگرتووە.
دەقی تەواوی هەڤپەیڤینەکەی مەزڵووم مەزڵووم عەبدی و پێگەی ئەلمۆنیتەر
پرسیار: چوار مانگ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی نوێکراوەی تێکەڵبوونەوە و ئاگربەست لە 29ـی کانوونی دووەم لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع لە دیمەشق تێپەڕیوە. رۆژئاڤا بەشێوەیەکی بەرچاو بچووک بووەتەوە. هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کشاونەتەوە و گفتوگۆکانی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەردەوامن. تۆ، وەک فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لەم ماوەیەدا خەریکی چ بوویت، کاری سەرەکیت چییە؟ زۆر کەس حەزدەکەن بزانن.
مەزڵووم عەبدی: کاری سەرەکیمان جێبەجێکردنی دروستی رێککەوتنی تێکەڵبوونەوەیە لەگەڵ دیمەشق. لەم چوارچێوەیەدا، تێکەڵکردنەوەی هێزە سەربازییەکانمان لەنێو سوپای سووریادا بەڕێوەدەچێت، هەروەها دامەزراوەکانی پەیوەست بە ئیدارەی خۆسەرمان. دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە بە دادپەروەرانە و یەکسانانە جێبەجێ بکرێت. لایەنێکی سەرەکیی کارەکانمان لەم پرۆسەیەدا دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە تایبەتمەندییەکانی ناوچە کوردییەکانمان رێزیان لێدەگیرێت و دەپارێزرێن.
پرسیار: دەتوانیت بەڕێزتان وردەکاریی زیاترمان پێبدەیت؟
مەزڵووم عەبدی: هەوڵێکی گرانە. چەندین تیمی جیاوازمان هەن کە کاریان لەسەر دۆسیەی جیاوازە. بۆ نموونە، ئەو تیمەی کە کاری لەسەر تێکەڵکردنەوەی سەربازی دەکات، سیپان حەمۆ [جێگری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ ناوچەی رۆژهەڵات] یەکێکە لەوان. پاشان هاوکارانمان هەن کە کاریان لەسەر تێکەڵکردنەوەی بەشەکانی دیکەی ئیدارەی خۆسەر دەکەن. ئاسایش بۆ نموونە. لەگەڵ دیمەشق رێککەوتین کە ئاسایش لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکاندا وەک خۆی بمێنێتەوە. هەموو بەرپرس و کارمەندانی ئاسایش لە پۆستەکانیان دەمێننەوە و تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریا دەبن و دەبنە بەشێک لە دەوڵەتی سووریا. ئێمە باسی نزیکەی 15 هەزار پیاو و ژن دەکەین. لە راستیدا، دوو بنەمای سەرەکی هەن کە لەسەریان رێککەوتووین. هیچ کام لە کارمەندانی ئیدارەی خۆسەر نە لە کار لادەبرێن و نە بە (ناشایستە) دادەنرێن. ئەوان لە کارەکانیان دەمێننەوە و مووچەکانیان لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە وەردەگرن. ئێمە باسی نزیکەی 50 هەزار کەس دەکەین. بنەمای دووەم ئەوەیە کە لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکان، حکومەتی خۆجێی دەبێت لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بەڕێوەببرێت و لە ناوچە تێکەڵە نەتەوەییەکانیش، حوکمڕانی دەبێت لەسەر بنەمای کۆدەنگی دابەش بکرێت. مەبەستم لە ناوچە تێکەڵەکان شوێنەکانی وەک شاری حەسەکەیە، کە عەرەب، کورد، کریستیان و ئەوانی دیکەی تێدایە. لە کۆبانێ دوو شارۆچکە هەن کە زۆرینەیان عەرەبن، سڕین و شێخلەر. پاشان سەرێکانی هەیە. عەرەبەکان لەو ناوچانەدا پێویستە رۆڵی سەرکردایەتی وەربگرن لەسەر بنەمای خواستی جەماوەری. دۆخی عەفرین کەمێک ناسکە چونکە دەوڵەتی تورکیا هێشتا لەوێ ئامادەیی هەیە، بەڵام بێگومان کوردییە، وەک هەرێمی شەهبا لە دەوروبەری عەفرین. شێخ مەقسوود لە حەلەب زۆرینەی کوردن.
پرسیار: چەندین پۆستت لەلایەن حکومەتی سووریاوە پێشکێشکرا، بەڵام هیچت قبووڵ نەکرد. بۆچی؟
مەزڵووم عەبدی: پێمگوتیت، کاری سەرەکیمان تەواوکردنی ئەم کارەی تێکەڵبوونەوەیە. هۆکاری دووەم ئەوەیە کە کاری لەپێشینەی دیکەمان پتەوکردنی یەکڕیزیی کوردە.
پرسیار: مەبەستت لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردە؟ [ئەنەکەسە – ENKS]
مەزڵووم عەبدی: لەگەڵ ئەوان و پارتەکانی دیکە.
پرسیار: تێدەگەم کە پێشنیازت کردووە ENKS دوو لەو چوار کورسییەی پێبدرێت، کە بڕیارە بۆ کورد تەرخان بکرێت لە حەسەکەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەنەکەسە قبووڵی کردووە؟
مەزڵووم عەبدی: کاردەکەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە.
پرسیار: راستە کە پارتێکی سیاسیی نوێ دادەمەزرێنیت؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر. ئەوە داواکارییەکە لە خەڵکەوە دێت. هەر لەبەرئەوە هەڵیدەسەنگێنین. بەڵام بەڕاستی بڵێم، ئێستا لە لیستی خاڵە لەپێشینەکانماندا نییە.
پرسیار: با بگەڕێینەوە سەر تێکەڵبوونەوە. حکومەت داواکاریی ئەوە قبووڵ ناکات کە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) بەشێک بن لە پرۆسەی تێکەڵبوونەوە. چەندین جار گوتراوە کە حکومەت بڕوانامەکانی ناوەندی و ئامادەیی ئیدارەی خۆسەر قبووڵ کردووە، بەڵام هیچ شتێک نەجووڵاوە. دیمەشق لەم چوار مانگەدا چ هەنگاوێکی کرداریی ناوە؟
مەزڵووم عەبدی: تێکەڵکردنەوەی هێزە سەربازییەکان وەک پلان بۆی داڕێژرابوو بەڕێوەدەچێت. رێککەوتبووین لەسەر دامەزراندنی چوار لیوای سەربازی کە لە هێزەکانی هەسەدە پێکهاتبێت و لەلایەن فەرماندەکانی هەسەدەوە سەرکردایەتی بکرێن. پێکهێنان و دانپێدانانی فەرمیی ئەم لیوایانە کەم تازۆر تەواو بووە. ناوی نوێیان هەیە وەک بەشێک لە سوپای سووریا، بەڵام بەتەواوی لە شەڕڤانانی هەسەدە پێکهاتوون. بۆ نموونە، ئەو لیوایەی بۆ کۆبانێ پێکهێنراوە، لە کۆبانێ جێگیرکراوە و بەشێکە لە فیرقەیەک کە بنکەکەی لە حەلەبە. سێ لیوای دیکەی لەو شێوەیە لە هەرێمی جزیرە هەن. یەکێکیان بنکەکەی لە دێرکە، یەکێکی دیکە لە حەسەکە و چوارەمیان لە قامشلۆ. چیا کۆبانێ بەرپرسی هەموو لیواکانی جزیرەیە. لیواکەی دێرک لەلایەن ساسون دێرکەوە سەرکردایەتی دەکرێت، ئەوەی قامشلۆ لەلایەن لوقمان خەلیلەوە. لیواکەی حەسەکە لەلایەن سەردار عەفرینەوە فەرماندەیی دەکرێت و لە کۆتاییدا لیواکەی بۆ کۆبانێ پێکهێنراوە لەلایەن مەحمود کۆبانێوە سەرکردایەتی دەکرێت.
پرسیار: ئایا هەسەدە هێشتا هەیە؟
مەزڵووم عەبدی: تاوەکو پرۆسەی تێکەڵبوونەوە تەواو دەبێت، هەسەدە بەردەوام دەبێت. هەسەدە هەڵنەوەشاوەتەوە.
پرسیار: بەڵام کە تەواو بوو هەڵدەوەشێتەوە؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ.
پرسیار: ئەو کاتە ناسناوی تۆ چی دەبێت؟
مەزڵووم عەبدی: پرسیارێکی باشە. من لەنێو خەڵکەکەماندا دەمێنمەوە. سەرنجمان لەسەر رێکخستنی خەڵکەکەمان دەبێت و بە شێوەیەکی سرووشتی رێکخراوی نوێ دروست دەبن.
پرسیار: خوێندن چی؟ بۆچی دیمەشق خاوەخاو دەکات؟
مەزڵووم عەبدی: جێبەجێکردن دواکەوتووە، ئەوە راستە. بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی کۆتایی کە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. بەپێی ئەوە، ئەو منداڵانەی ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوو قۆناخی ناوەندی و ئامادەیی تەواو دەکەن و لەسەر پڕۆگرامی ئیدارەی خۆسەر خوێندوویانە، بڕوانامەکانیان لە دەوڵەتی سووریاوە وەردەگرن. هەروەها هەموو بڕوانامەکانی ناوەندی و ئامادەیی کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەریەوە لە سەرەتاوە دەرچوون، بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتی سووریاوە دانپێدانراو دەبن.
پرسیار: دوای ساڵی خوێندنی داهاتوو چی روودەدات؟ ئایا قوتابخانەکانی ناوچەکەتان دەگەڕێنەوە سەر پڕۆگرامی نیشتمانیی حکومەت؟
مەزڵووم عەبدی: لیژنەیەکی هاوبەش، کە بەرپرسانی لایەنی ئێمە و دیمەشقی تێدایە، پێکدەهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە. گرنگترین داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە خوێندن لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکان بە زمانی کوردی بێت. پڕۆگرامی نیشتمانی جێبەجێ دەکرێت و بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕدرێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەم لیژنەیە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا رای خۆی پێشکێشی حکومەت بکات.
پرسیار: دەتوانیت بەڕێزتان پێمان بڵێیت چەند کەس لەوانەی لەلایەن هەسەدە و ئیدارەی خۆسەریەوە بۆ پۆستەکانی حکومەت کاندید کراون، تاوەکو ئێستا پۆستیان پێدراوە؟
مەزڵووم عەبدی: ئەوە خاڵێکی دیکەیە کە رەخنەی لێی لە دیمەشق دەگرین. ئێمە پێکەوە رێککەوتبووین کە خەڵکی ئێمە بەشداری لە حکومەت و سوپادا بکەن. زیاتر لە 20 ناومان بۆ پۆستی جیاواز لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکاندا پێشنیاز کردووە. زۆربەیان کارمەندی پێشووی ئیدارەی خۆسەرن. تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەبووە.
پرسیار: سەرۆک شەرع کابینەکەی گۆڕی. چاوەڕێ بوون هەندێک لە خەڵکی ئێوە پۆست وەربگرن؟
مەزڵووم عەبدی: هەندێک ناومان بۆ ئەو پۆستانە پێشکێش کردبوو. دیمەشق پێویستە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات لەخۆبگرێت، نەک تەنیا کورد.
پرسیار: دۆخی بودجە چۆنە؟ ئایا دیمەشق هیچ بودجەیەک بۆ ئیدارەی خۆسەر دابین دەکات؟
مەزڵووم عەبدی: ئەو هێزە سەربازییانەی کە لەگەڵ سوپای سووریا تێکەڵکراون، مووچەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دەدرێت. لە هەر لیوایەکدا 3000 هێز هەن. کاردەکەین بۆ تێکەڵکردنی هەموو هێزەکانی هەسەدە لە سوپای سووریادا. ئەمە پرسێکە کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. بۆ ئێستا، ئیدارەی خۆسەر مووچەکانیان دەدات.
پرسیار: ئیدارەی خۆسەر داهات چۆن کۆدەکاتەوە؟ لەدەستدانی کێڵگە نەوتییەکانی دێرەزوور داهاتی کەم کردووەتەوە؟
مەزڵووم عەبدی: تاوەکو پرۆسەی تێکەڵبوونەوە تەواو دەبێت، هەندێک لە سەرچاوە داهاتە کۆنەکان بەردەست دەمێنن. داهاتی سنوور و باج و هەندێک داهاتی نەوت کۆدەکەینەوە.
پرسیار: کێ ئێستا کێڵگەکانی رمێلان و کێڵگە نەوتییەکانی دیکەی ناوچەکەتان کۆنترۆڵ دەکات؟
مەزڵووم عەبدی: بەپێی رێککەوتنەکە، دەوڵەت ئامادەیی خۆی لە کێڵگەکاندا چەسپاندووە. کۆمپانیاکەی خۆشمان، کۆمپانیای جزیرە، کە ئەو کێڵگانەی بەڕێوەدەبرد، هێشتا ئامادەیە. دانوستاندنەکان بەردەوامن بۆ رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر دابەشکردنی بەرهەم. کێڵگەکان موڵکی دەوڵەتی سووریان.
پرسیار: چەند بەرپرسی حکومەت ئێستا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئێوەدان؟
مەزڵووم عەبدی: ئاماری وردم لا نییە، بەڵام با بڵێین بە دەیان بەرپرس. هێشتا زووە. سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکان، هێندەی لە رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمدا دیاریکراوە هەن. هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیان نەبووە. دەمەوێت بڵێم کە لەم قۆناخەدا هەڵەیە جیاوازی بکرێت لەنێوان هێزەکانی ئێمە و هێزەکانی سوپای سووریادا چونکە ئێستا بەشێکن لە هەمان سوپا.
پرسیار: تێڕوانینی گشتی ئەوەیە کە لە سەرەتادا تۆ و سەرۆک شەرع زۆر حەزتان لە یەکدی نەبووە، بەڵام ئێستا زۆر باشن پێکەوە.
مەزڵووم عەبدی: هەردووکمان هەمان شتمان دەوێت: سەرکەوتنی پرۆسەی تێکەڵبوونەوە.
پرسیار: پێتانوایە ئەوەی کە هەردوکتان لە پاشخانێکی سەربازییەوە هاتوون، یارمەتیتان دەدات باشتر لە یەکتر تێبگەن؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ. ئەوە هۆکارێکە.
پرسیار: ئایا سەردانی ناوچەکەتان دەکات؟ بانگهێشتت کردووە؟
مەزڵووم عەبدی: پار بانگهێشتمان کردبوو. بانگهێشتەکەمان نوێ دەکەینەوە کاتێک پرۆسەی تێکەڵبوونەوە کۆتایی هات.
پرسیار: ئەوە کەی دەبێت؟
مەزڵووم عەبدی: بەندە لەسەر ئەوەی کە لایەنەکان چەندە خێرا دەجووڵێن، چەندە پابەندن بە جێبەجێکردنی تەواوی بەپێی ئەو مەرجانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە. ئێمە بە تەواوی پابەندین.
مەزڵووم عەبدی: بەندە لەسەر ئەوەی کە لایەنەکان چەندە خێرا دەجووڵێن، چەندە پابەندن بە جێبەجێکردنی تەواوی بەپێی ئەو مەرجانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە. ئێمە بە تەواوی پابەندین.
پرسیار: پرسی ژنە شەڕڤانەکان، چۆن چارەسەر دەکرێت؟ زۆر قورس دیارە بەهۆی ئەوەی کە زۆر لە هێزە نوێیەکانی سوپای سووریا پاشخانی جیهادییان هەیە و رەنگە لە بوونی ژن لە ریزەکانیاندا بترسن.
مەزڵووم عەبدی: دیمەشق دەڵێت هیچ بڕگەیەکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی ژنان ئەرکی شەڕی چالاک یان پۆستی دیکە لە سوپادا وەربگرن و دەبێت وەک بەشێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە وەزارەتی ناوخۆدا تێکەڵ بکرێن. راستییەکە ئەوەیە، ژنەکانی ئێمە هێندەی هەر شەڕڤان یان فەرماندەیەکی پیاو ئازا و زیرەک و لێهاتوون، ئەگەر زیاتریش نەبن. دانوستاندنەکان بەردەوامن بەڵام وا دیارە کە لەم بارودۆخەی ئێستادا ژنە شەڕڤانەکانمان دەبنە بەشێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
پرسیار: با بچینە سەر بابەتێکی دیکەی هەستیار: گۆڕینەوەی بەردەوامی دیلەکان لەگەڵ دیمەشق. چەند شەڕڤانی هەسەدە و خەڵکی دیکەی ناوچەکەتان لەلایەن حکومەتەوە دەستبەسەرکراون؟
مەزڵووم عەبدی: دایکانمان زۆر لەم دۆخە نیگەرانن و مافی خۆشیانە. دەبوو گۆڕینەوەی دیلەکان زۆر زووتر دەستیپێکردایە. حکومەت تائێستا نزیکەی 900 کەسی ئازاد کردووە. ئێمە زیاتر لە 500 کەسمان ئازاد کردووە. ئیستا نزیکەی 500 کەس لەلایەن حکومەتەوە دەستبەسەرکراون کە نیوەیان شەڕڤانی هەسەدە و نیوەیان هاووڵاتیی سڤیلی کوردن. هیوادارین ئەم پرسە بە زووترین کات چارەسەر بکەین.
پرسیار: دەگوترێت هەندێک لە شەڕڤانانی هەسەدە عەلەوین کە پەیوەندییان بە هێزەکانتانەوە کردووە.
مەزڵووم عەبدی: چەند سەد کەسێکیان هەن. ئێمە جیاوازی ناکەین لە نێوان کێ کوردە و کێ عەلەوییە. ئەمە پرسێکی مرۆییە. زۆر لەم خەڵکە پەنایان بۆ ناوچەکەی ئێمە هێنا دوای ئەو تووندوتیژییە بەکۆمەڵەی کە لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا دژی دانیشتووانی عەلەوی لە ناوچە کەنارییەکان کران. ئەوان بۆ ژیانی خۆیان هەڵاتبوون و هەندێکیان لە ئیدارە و لە هەسەدەدا کاریان وەرگرت بۆ بژێویی ژیانیان و بۆ مانەوە. حکومەت لەمە تێدەگات. ئێمە کاردەکەین بۆ مسۆگەرکردنی ئازادییان وەک شەڕڤانانی هەسەدە، نەک لەسەر بنەمای نەتەوە یان ئایینیان. ئێمە هەموومان یەکسانین، عەرەب، کورد، عەلەوی، درووز، کریستیان. لە هەموو ئەم پێکهاتانە خەڵکت لەنێو هەسەدەدا دەدۆزیتەوە. ئەمە بۆ ئێمە بنەمایە و هەمیشە وا بووە.
پرسیار: ئاماری فەرمیی کوژراوانی شەڕەکەی کانوونی دووەم چەندە؟ دەنگۆی ئەوە هەیە کە شەڕڤانی هەسەدە هەن کە هێشتا بێسەروشوێنن و ئەمەش تووڕەیی لەنێو خەڵکدا دروستکردووە.
مەزڵووم عەبدی: تەرمی هەموو پاڵەوانە شەهیدەکانمانمان هێناوەتەوە. کۆی گشتیی ژمارەکە 260 کەسە. بەردەوامین لە کارکردن لەسەر ئەم دۆسیەیە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هیچ کەسێک بێسەروشوێن نەمێنێت. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ دیمەشق کارگرووپێکمان پێکهێناوە. چەند ناوێک لە دۆسیەکانماندا هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ پێکدادانەکانی پێش کانوونی دووەم و لێکۆڵینەوە لە شوێنیان دەکەین. سوورین لەسەر ئەوەی کە هیچ شتێک ناهێڵینەوە تاوەکو هەموو خێزانەکان وەڵامێکی تەواویان لەبارەی خۆشەویستانیانەوە دەستدەکەوێت.
پرسیار: تۆمەتی ئەوە هەیە کە یەکێک لە هۆکارەکانی لەدەستدانی خێرای خاکی زۆر لەلایەن هەسەدەوە ئەوە بووە کە فەرماندەکان پێگەکانیان جێهێشتووە.
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، ئەوە بە تەواوی ناڕاستە. رێککەوتنێکی ئاگربەست لەنێوان ئێمە و دیمەشقدا هەبوو کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بۆ دێر حافر نێوەندگیری کرابوو. هەر کە ئێمە دەکشاینەوە، وەک لەژێر ئاگربەستەکەدا رێککەوتبووین، سوپای سووریا مەرجەکانی پێشێل کرد و چووە ناو دێر حافرەوە. ئەمە بووە هۆی پێکدادان و ئێمە فەرمانمان بە هێزەکانمان کرد شەڕ نەکەن. ئێمە پابەندی ئاگربەستەکە بووین و دەمانویست رێگری لە لەدەستدانی گیانی زیاتر بکەین. خەڵکەکەمان شەڕیان نەدەویست. سەرەتا لەگەڵ گرووپێکی دڕندەی وەک داعش شەڕمان کرد و پاشان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە هێرشمان کرایە سەر. خەڵک لە شەڕ بێزار بووە. ئێمە لە بەرژەوەندیی خەڵکەکەماندا کارمان دەکرد. پرسی ئەوە نییە کە فەرماندەکان هاوڕێکانیان جێهێشتبێت. بەداخەوە، لە دۆخی ململانێدا زۆر ئەفسانە دروست دەکرێن، بەتایبەتی لە دوورەوە.
پرسیار: من لە کانوونی دووەمدا لە رۆژئاڤا بووم، لە کاتی پێکدادانەکاندا و خەڵک بە روونی ململانێیان نەدەویست. بەڵام، ئێستا تووڕەییەکی زۆر ئاراستەی ئێوە و هاوکارە فەرماندەکانتان دەکرێت، هەروەها دژی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). تۆمەتبار دەکرێن بەوەی کە پێکەوە لەژێر فەرمانی تورکیا کارتان کردووە بۆ "وێرانکردنی" رۆژئاڤا، بۆ خۆبەدەستەوەدان. هەندێکی دیکە دەڵێن دەبوو زۆر زووتر و بە مەرجی باشتر لە رەققە و دێرەزوور بکشانایەتەوە و هتد. بە کورتی، رەخنەیەکی زۆرە. ئایا هیچیان پاساویان هەیە؟
مەزڵووم عەبدی: نەخێر، پاساویان نییە. دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی چەندین ساڵ بێ هیچ هۆکارێک شەڕی لەگەڵ کردین. سەبارەت بە رەققە و دێرەزوور... سەرەتا، ئێمە بەڕاستی ئارەزوومان نەبوو ئەوەندە دوور بڕۆین. بەڵام زۆر لە هێرشەکان دژمان لە رەققە، منبج و دێرەزوورەوە دەهاتن. بۆ پاراستنی ناوچە سەرەکییەکانمان پێویست بوو بچینە دوای دوژمن لە پێگە سەرەکییەکانی خۆیدا. ئەمە پێویستییەکی سەربازی بوو. جگە لەوەش، داواکاری لەلایەن خەڵکی ژێر دەستی داعش لەو ناوچانەدا هەبوو کە بێین و رزگاریان بکەین. ئێمە هەموو ئەو ناوچانەمان بە یارمەتیی خەڵکی ناوچەکە رزگار کرد. شانبەشانی یەکدی شەڕمان کرد و پێکەوە لە شەڕدا مردین. هاوپەیمانیی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بێگومان لە ئاسمانەوە پشتیوانیی دەکردین. کاتێک رەققە لە کۆتاییدا رزگار کرا، وێران بوو. خۆت بینیت. ئێمە بە توانایەکی زۆر کەمەوە رەققەمان زیندوو کردەوە، لە کاتێکدا رووبەڕووی هێرشی تورکیاش دەبووینەوە. زۆربەی بودجەی هاوپەیمانان بۆ رەققە و دێرەزوور چوو. ئەگەر خەڵک دڵخۆش نەبووایە، بۆچی رەققەیان جێنەدەهێشت و نەدەچوونە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەسەد، تەنانەت دوای رووخانی ئەسەدیش؟ پێچەوانەکەی روویدەدا. عەرەب لە ناوچەکانی حکومەتەوە دەهاتنە لای ئێمە. بۆیە سەرسوڕهێنەرە کە خۆمان تۆمەتبارکراو دەبینینەوە بەوەی "هیچمان" نەکردووە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەڵە نەکراوە، سیاسەتی هەڵە جێبەجێ نەکراوە. بەڵام هیچ شتێک ئەوەندە رەش و سپی نییە کە وێنا دەکرێت.
پرسیار: وێنەی ئەو خەڵکەی کە ئاهەنگیان بۆ کشانەوەتان دەگێڕا چی؟ منداڵانێک کە لە زیندانەکاندا بوون چی؟
مەزڵووم عەبدی: ئەوانە حاڵەتی تاک و تەرا بوون. وەک گوتم، هەندێک هەڵە کران.
پرسیار: بەڵام شکستهێنانتان لە دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێکی باشتر چی، لەبری ئەوەی چاوەڕێ بکەن حکومەت بە زۆر رەققە و دێرەزوور بگرێتەوە؟
مەزڵووم عەبدی: بەشێک لە راستی لەم رەخنەیەدا هەیە. رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 کە لەگەڵ دیمەشق واژۆ کرا، تێکەڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی پێشبینی کردبوو. ئێمە رێککەوتنێکی کۆتاییمان دەویست کە مافی خەڵکی ناوچەکە مسۆگەر بکات بەگوێرەی سووریایەکی دیموکرات کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان دانپێدانراو و بە دادپەروەرانە نوێنەرایەتی کرابن، پێش ئەوەی هێزەکانمان لەوێ بکشێنینەوە. ئێمە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتمان وەک هەرێمێک دەبینی نەک خاکێک کە پارچە پارچە تەسلیم بکرێت. بۆچی دەبوو تەنیا نیگەرانی مافی گەلی کورد بین بە بێبەشکردنی هەموو ئەو خەڵکەی کە پێکەوە کارمان لەگەڵ کردن، شەڕمان لەگەڵ کردن، قەرزاری زیاتر بووین. زۆر بە جددی کارمان بۆ ئەمە کرد بەڵام بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووین.
پرسیار: بۆچی؟
مەزڵووم عەبدی: دەڵێم هەردوو لا بەرپرسیار بوون لەم ئەنجامە. حکومەت بەردەوام کاتی دەکوشت، وەڵامی هیچ کام لە پێشنیازەکانمانی نەدەدایەوە. هەڵەی ئێمە ئەوە بوو کە بەدوای رێگەچارەیەکی ناوەندیدا نەگەڕاین. ئێمە نەرمیی پێویستمان نەنواند. دەمانتوانی بە تێکەڵکردنەوەی ناوچە زۆرینە عەرەبییەکانی وەک رەققە و دێرەزوور دەستپێبکەین. لەبری ئەوە داوامان کرد کە تەواوی ناوچەی ژێر کۆنترۆڵمان وەک یەک پاکێج مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لەبەر ئەو هۆکارانەی کە پێشتر باسم کردن.
پرسیار: لەو نێوەندەدا ئەمریکییەکان روویان لە دیمەشق کردبوو. لە پشتتان نەوەستان.
مەزڵووم عەبدی: ئەوەش راستە. سیاسەتی ئەمریکییەکان لە بەرژەوەندیی حکومەتی ناوەندیدا بوو.
پرسیار: ئایا ئەوە شتێکی شۆکهێنەر نەبوو بۆتان؟
مەزڵووم عەبدی: چاوەڕێمان نەدەکرد. کاتێک ئەم شەڕە دەستیپێکرد، ئەمریکییەکان دەیانتوانی قورسایی خۆیان بەکاربهێنن بۆ راگرتنی پێش ئەوەی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی ئەوەندە پێشڕەوی بکەن. دەیانتوانی یارمەتیدەر بن بۆ رێککەوتنێک پێش ئەوەی دۆخەکە ئەوەندە خراپ بێت. زۆر درەنگ جووڵان و تەنیا کاتێک هێزەکانی حکومەت گەیشتنە نزیک ناوچە زۆرینە کوردنشینەکان. ئەوەی دواتر کردیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، دەیانتوانی زووتر بیکەن. من بێگومان رەخنە لە سیاسەتی ئیدارەکە دەگرم. فەرماندە و سەربازە ئەمریکییەکان کە لێرە لە رۆژئاڤا لەگەڵمان خزمەتیان کرد، هەمیشە زۆر پشتیوانمان بوون و نابێت ئەوان تاوانبار بکەین. ئەوان فەرمانیان جێبەجێ دەکرد. بە شێوەیەکی سرووشتی بیرى هاوڕێیەتییان دەکەین. زۆر هاوڕێی ئازیز و دڵسۆزمان دروست کرد و لە پەیوەندیدا دەمێنینەوە لەگەڵیان. بێگومان سوودمان لە زانست و ئەزموونی ئەوان وەرگرت و ئەوانیش لە هیی ئێمە. ژینگەیەکی نوێیە بەبێ ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لێرە و ئێمە خۆمان لەگەڵ ئەم ژینگە نوێیەدا دەگونجێنین.
پرسیار: هێشتا لە پەیوەندیدایت لەگەڵ نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بە تەلەفۆن قسەمان کرد. ئەو و تیمەکەی بەردەوامن لە بەدواداچوون و جێبەجێکردنی رێککەوتنی تێکەڵبوونەوە.
پرسیار: ماوەیەکە، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ هەندێک لێدوانی زۆر دژبەرانەی سەبارەت بە کورد داوە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەوان چەکیان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێرانی بۆ خۆیان هەڵگرتووە. ئەوە چ هەستێکت پێدەدات، وەک سەرکردەیەکی کورد کە ئەوەندە نزیک لەگەڵ ئەمریکا کارتان کردووە؟
مەزڵووم عەبدی: تەنیا دەتوانم پێموابێت کە بە هەڵە زانیاریی پێدراوە. هەندێک لێدوانیشی هەبوو سەبارەت بە هێزەکانمان کە گوایە ئێمە جۆرێک لە بەکرێگیراو بووین. ئێمە هەرگیز پارەمان لە کەس وەرنەگرتووە. ئەو بودجەیەی کە بۆ شەڕی دژی داعش بەکارهێنرا، لەلایەن پێنتاگۆنەوە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرابوو و ئێمە پێکەوە ئەو شەڕەمان بەڕێوەبرد و نەک تەنیا بۆ پاراستنی خۆمان بەڵکو بۆ پاراستنی جیهان لەم بەڵایە. ئەو بودجەیە لەلایەن ئەوانەوە کۆنترۆڵ دەکرا.
پرسیار: ئایا بەردەوامن لە وەرگرتنی بودجە لە پێنتاگۆن؟
مەزڵووم عەبدی: گفتوگۆ هەیە لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ "هێزە تێکەڵکراوەکان لەگەڵ سوپای سووریا" نەک بۆ هەسەدە. هیچ شتێک کۆتایی پێنەهاتووە. لەژێر گفتوگۆدایە.
پرسیار: ئەگەر هیچ ئامۆژگارییەکت بۆ کوردی ئێران هەبێت، چی دەبێت؟ ئایا دەبێت متمانە بە ئەمریکییەکان بکەن؟
مەزڵووم عەبدی: کوردی رۆژهەڵات داواکاریی رەوایان هەیە. هەموو مافێکیان هەیە کە بەدوای مافەکانیاندا بگەڕێن. جا لە رێگەی دیالۆگەوە بێت یان بەرگریی چەکداری، ئەوە هەڵبژاردنێکە کە دەبێت بیکەن. ئێمە رێز لە بڕیارەکەیان دەگرین لە هەردوو حاڵەتەکەدا. بەڵام ئەمریکییەکان گەرەنتیی پێویستیان پێنەداون بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵمەتێکی چەکداریدا بکەن بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران.
پرسیار: با بچینە سەر تورکیا. روونە کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پەیوەستە بە دانوستاندنەکانی ئێوە لەگەڵ دیمەشق. ئێوە خۆتان گفتوگۆی نافەرمیتان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا هەبووە، لەوانەش لە نسێبین. ئایا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بەردەوامن؟ راپۆرت هەبوو کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق، نوح یڵماز، کۆبوویتەوە؟
مەزڵووم عەبدی: راپۆرتەکانی نێو رۆژنامەکان ورد نەبوون. بەڵام پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بەردەوامن. ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە. بەڵام، پێمانوایە کە بەسوودتر دەبێت ئەگەر حکومەتی سووریا بەشێک بێت لە هەر گفتوگۆیەک کە لەگەڵ تورکیا دەیکەین. ئەوە هەڵوێستی ئێمەیە.
پرسیار: هیچ پێشکەوتنێکتان هەبووە سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی نسێبین-قامشلۆ؟
مەزڵووم عەبدی: لە کاتی گفتوگۆکانمدا لە دیمەشق دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا رێککەوتبووین کە سنوورەکە بکرێتەوە. تەنانەت رێکەوتێکیش دیاریکرابوو. بەڵام بەهۆی رووداوەکانی پەیوەست بە تابلۆکەی سەر باڵەخانەی دادگا لە حەسەکە، کردنەوەکە دواخرا. بەڵام ئێمە ئەم قەیرانەمان هێور کردووەتەوە و دەبێت کردنەوەکە بەم زووانە رووبدات.
پرسیار: تورکیا لەگەڵ ئەمەدایە؟ دەزانین کە تورکیا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە بوونی چەکی قورس لەسەر سنووری هاوبەشتان.
مەزڵووم عەبدی: تورکیا هیچ شتێکی نییە نیگەرانی بێت. هەمیشە روونمان کردووەتەوە کە پەیوەندیی ئاشتییانە و دراوسێیانەمان دەوێت. جگە لەوەش، ئێمە ئێستا بەشێکین لە سوپای سووریا.
پرسیار: لە هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییەدا، کاتێک پرسیاری ئەوەت لێکرا کە ئایا بیر لە سەردانیکردنی ئەنقەرە دەکەیتەوە، وەڵامت دایەوە "بۆچی نا؟" ئایا بانگێشتنامەیەکت لە حکومەتی تورکیاوە پێگەیشتووە؟
مەزڵووم عەبدی: دەتوانین بڵێین کە پلانی لەو شێوەیە ئێستا لەسەروبەندی ئامادەکردندایە.
پرسیار: ئەگەر سەردانەکەت بۆ تورکیا پشتڕاستکرایەوە، رەنگە ئەمە دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەخۆبگرێت؟
مەزڵووم عەبدی: بەڵێ، رەنگە.
پرسیار: کەی دوایین جار قسەت لەگەڵ ئۆجەلان کرد؟
مەزڵووم عەبدی: بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ نەکردووە.
پرسیار: ئایا هیچ نامەگۆڕینەوەتان نەبووە؟ زۆر راپۆرت کرا کە چەندین نامەی نووسراوی بۆ ناردوویت.
مەزڵووم عەبدی: نامەمان پێگەیشتووە. دوایینیان یەکێک بوو پێش شەڕەکەی کانوونی دووەم.
پرسیار: دەتوانین بڵێین کە ئۆجەلان هێشتا وەک سەرکردەیەک بۆ کوردی سووریا دەمێنێتەوە؟
مەزڵووم عەبدی: ئەو سەرکردەیەکی نەتەوەییە و جەماوەرێکی گەورە لێرە لە رۆژئاڤا وەک سەرکردەی خۆی سەیری دەکات. رۆڵی هێشتا گرنگە.
پرسیار: ئایا مەترسیی ئەوە نییە کە ئامانج و بەهاکانی شۆڕشەکەتان وازیان لێبهێنرێت لەپێناو قازانج و دەسەڵاتدا؟ دۆخی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی خەمناکە لەوەی کە چۆن شتەکان دەتوانن هەڵە بڕۆن. چی دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەڵەی وا لە رۆژئاڤا دووبارە نەبێتەوە؟
مەزڵووم عەبدی: ئەو مەترسییانە هەمیشە بوونیان هەبووە و ئەگەری سیناریۆی وا بێگومان زیادیکردووە. هەر بۆیە پێمگوتیت کاری لەپێشینەمان ئەوەیە کە رێککەوتنی تێکەڵبوونەوە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبهێنین لە لایەک، لە کاتێکدا خەڵکەکەمان رێکدەخەین و بیر لە دامەزراوە و ستراتیژییەکانمان دەکەینەوە لە لایەکی دیکەوە. باشترین رێگە بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان لە گەندەڵی و چاوچنۆکی، زیندووهێشتنەوەی گیانی شۆڕشگێڕیمان و پتەوکردنی یەکڕیزیمانە وەک کورد لە هەموو لایەنە سیاسییەکان. پێکەوە، ئەرکی ئێمەیە کە سیستمێکی تەواو شەفاف و گشتگیر دروست بکەین.
پرسیار: دان بەوەدا دەنێیت کە هەڵە کراوە. داننان بەمەدا بە ئاشکرا شتێکی دەگمەنە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. کەواتە، لە شیکاریی کۆتاییدا، کاتێک سەیری ئەم 15 ساڵە دەکەیتەوە، دەڵێیت گەلی کورد لە رۆژئاڤا چی بەدەستهێناوە؟
مەزڵووم عەبدی: زۆر گرنگە لەبیرمان بێت لە کوێوە دەستمانپێکرد. لەسەر لێواری لەناوچوون بووین لەلایەن داعشەوە. خەڵکەکەمان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدرابوون. بە پێچەوانەی براکانمان لە کوردستانی عێراقەوە، ئێمە هیچ شوێنێکمان نەبوو بۆ پاشەکشەکردن. لە لایەک تورکیا هەبوو و لە لایەکی دیکە داعش. با بیرمان بێتەوە کە مەزڵووم عەبدی لە ساڵی 2014 چی لێهاتبوو. زۆربەی دانیشتووانەکەی بە زۆر ئاوارە کرابوون. ئێمە لە لێواری لەناوچوونەوە گەڕاینەوە. بۆ مانەوەمان شەڕمان کرد و ماینەوە. ئەمڕۆ، بەهۆی قوربانیدانی خەڵکەکەمانەوە، لە هۆڵەکانی کۆنگرێسی ئەمریکاوە تا دوورترین گۆشەکانی جیهان، جیهان ئاگاداری بەرگرییە قارەمانانەکەیانە دژی یەکێک لە خراپترین و خوێنڕێژترین رێکخراوەکان کە تائێستا بوونی هەبووبێت. ئەمڕۆ، لە سووریادا، کە کوردەکان ناسنامەی فەرمییان پێنەدەدرا، چ جای ئەوەی هیچ مافێکی نەتەوەییان پێبدرێت، دەتوانین بە فەرمی لەسەر ئەو مافانە لەگەڵ حکومەت لە دیمەشق، لەگەڵ خودی سەرۆک شەرع، وەک کورد و بەناوی کوردەوە دانوستاندن بکەین. راستە کە هیوا و خەونەکانی خەڵکەکەمان بەو شێوەیەی کە دەمانویست بەدینەهاتوون. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بەردەوام نابین لە خەبات بۆ مافەکانمان، کە چیرۆکەکە لێرە کۆتایی دێت و هەموو شتێک ناکەین کە لە تواناماندایە بۆ یارمەتیدان لە بنیاتنانی داهاتوویەکی دیموکرات بۆ سووریا. تەنانەت ئەگەر لەژێر فەرماندەیی گشتیی سوپای سووریاداش بێت، کوردەکان هێزی خۆیان هەیە کە لە خاکی خۆیاندا بەرگرییان لێدەکەن. بۆ ماوەی 15 ساڵی رابردوو، منداڵانی کورد بە زمانی دایکی خۆیان خوێندوویانە و دڵنیادەبینەوە کە بەردەوام دەبن لەوە. بیربکەرەوە لەژێر دەسەڵاتی ئەسەددا، کاتێک هێشتا منداڵێکی بچووک بووم و دەچوومە قوتابخانەی ناوەندی، لەلایەن رژێمەوە زیندانی کرام لەبەر هەڵگرتنی کتێبێک بە زمانی کوردی. سووریای ئەمڕۆ بەراورد ناکرێت بەوەی کە پێش ساڵی 2011 بوونی هەبوو. ورەمان نەشکاوە. دروستکردنی کۆدەنگی بە ئاشتی، لە رێگەی دیالۆگەوە، بەبێ سازشکردن لەسەر کەرامەتمان، ناسنامە تایبەتە کوردییەکەمان، ئەوە رێگەی ئێمەیە. کوردی سووریا راستییەکە کە چیدی ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن.