سووریا رازی بووە دەروازەی بابلهەوا بۆ شەش مانگی دیکە بکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سووریا رازیبووە رێککەوتنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی بابلهەواوە لە تورکیاوە بۆ وڵاتەکەی، بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژبکرێتەوە. لە کاتێکدا، رووسیا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، ڤیتۆی لەسەر درێژکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییەکان لە رێگەی دەروازەکەوە بۆ ماوەی نۆ مانگ کرد.
 
رۆژی هەینی، 14ـی تەممووزی 2023، بەسام سەباغ، نوێنەری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە میدیاکانی راگەیاند کە وڵاتەکەی رازیبووە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی بابلهەوا لە تورکیاوە بۆ وڵاتەکەی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژبکاتەوە. 
 
نوێنەری سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارەکەی بە "بڕیارێکی سەروەری" ناوبردوو و رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، لە بڕیارەکە ئاگادار کراونەتەوە. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 11-7-2023، ئەو ماوەیە کۆتایی پێهات کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2014ـەوە درێژی دەکاتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی بابلهەواوە بەبێ رەزامەندیی سووریا لە تورکیاوە بگەیێندرێنە باکووری رۆژئاوای سووریا.
 
رۆژی سێشەممە، 12-7-2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ دەنگدان لەسەر کردنەوەی دەروازەی بابلهەوا بۆ ماوەی نۆ مانگی دیکە، کۆبووەوە، بەڵام رووسیا ڤیتۆی کرد و رێگەی نەدا کە کردنەوەی دەروازەکە بۆ ماوەی نۆ مانگی دیکە درێژبکرێتەوە. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە باکووری رۆژئاوای سووریا کە رۆژئاوای کوردستانیش دەگرێتەوە، پێویستییان بە ئاوی خواردنەوە، خۆراک و دەرمان هەیە. 
 
شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکردووە، لەو کاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ شەڕەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.