ژمارەی کوژراوانی شەڕەکەی سوەیدای سووریا بۆ زیاتر لە 30 کەس بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی شەڕەکەی پارێزگای سوەیدای وڵاتەکە بۆ زیاتر لە 30 کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ سەروو 100 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14-07-2025 وەزارەتی بەرگریی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی گرژییەکانی پارێزگای سوەیدا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بە خەم و نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی ئەو پێشهاتە خوێناوییانە دەکەین کە لە دوو رۆژی رابردوودا پارێزگای سوەیدایان گرتووەتەوە، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 30 کەس و برینداربوونی نزیکەی 100 کەسی دیکە لە ژمارەیەک گەڕەک و شارۆچکەدا."
شەڕەکە لەنێوان چەکدارانی دروز و چەکدارانی هۆزەکانە.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا باس لەوە دەکەن، 37 کەس کوژراون کە 27 کەسیان دروزن و 10 کەسەکەی دیکەش چەکداری سەر بە هۆزەکانن.
وەزارەتی ناوخۆی سووریاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە هاوئاهەنگی وەزارەتی بەرگری سووریا، هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکەن.
ئەو وەزارەتە گوتی، هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن، ئارامی و ئاسایش دەچەسپێنن، لێپێچینەوە لەو کەس و لایەنانە دەکەن کە بوونەتە هۆی دروستبوونی شەڕەکە.
مستەفا بەکور، پارێزگاری سوەیداش داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد دان بە خۆیاندا بگرن و رێگە نەدەن شەڕەکە گەورەتر بێت.
پارێزگای سوەیدا کەوتووەتە باشووری سووریا و زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن. دروزەکان پێکهاتەیەکی ئایینین و نزیکەی 3%ی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن و چەکداری تایبەت بە خۆیان هەیە.
پارێزگای سوەیدا هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای دەرعا. بەرپرسانی دەرعا ترسیان لە زیادبوونی گرژییەکان هەیە.
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە لە 08-12-2024ەوە چەند جارێک شەڕ لەنێوان چەکدارانی دروز و چەکدارانی هۆزەکان یان حکومەتی سووریادا دروستبووە، دیارترینیان لە کۆتایی نیسان بۆ سەرەتای ئایار بوو. بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەو کات لە شەڕەکەدا 119 کەس کوژران.