ژمارەی کوژراوانی شەڕەکەی سوەیدای سووریا گەیشتە 64

رووداو دیجیتاڵ
 
نزیکەی 48 کاژێرە شەڕی نێوخۆیی لە پارێزگای سوەیدای سووریا بەردەوامە. شەڕەکە لە ئێوارەی رۆژی شەممە دەستیپپێکرد و تاوەکو ئێستا 64 کەس کوژراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە شەڕەکەدا 64 کەس کوژراون. 
 
ئاماری قوربانییەکان، بەپێی روانگەی سووری بەمجۆرەیە:
 
64 کوژراو.
48 کوژراو لە دروزەکانی سوەیدا کە دوو منداڵ و ژنێکیان تێدایە.
10 کوژراو لە دەشتەکی (بەدەوی)یەکان.
6 کوژراو لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری.
دەیان بریندار کە ژن و منداڵیان تێدایە.
 
شەڕەکە چۆن سەریهەڵدا؟
 
گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممە لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.
 
ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا. 
 
مورهەف شاعیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: تاوەکو ئێوارەی یەکشەممە، ژمارەی رفێندراوان گەیشتووەتە 24 کەس.
 
رامی عەبدولڕەحمان گوتی، وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزی پشتیوانیی بۆ سوەیدا ناردووە کە چەکی جۆراوجۆریان پێیە بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و پشتیوانی ئەو بازگانە بکەن کە هێرشیان کراوەتە سەر.
 
 بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هێزێکی پۆلیسی خۆجێیی لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا بازگە دادەنێن، بەڵام گرووپێکی دەشتەکییەکان هێرش دەکەنە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە.
 
بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، چەکدارەکان چەند گولـلەهاوەنێکیان ئاراستەی دەوروبەری گوندی "سورە کەبیرە" کردووە، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پێشڕەویکردن بەرەو بازگەکە.