رێڤەبەری خۆسەر: رێککەوتن لەگەڵ ئەحمەد شەرع کەشەکەی نەگۆڕی

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئەیلوولی 2025، لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رێڤەبەری خۆسەر بڵاوکراوەتەوە، تێیدا جەخت لەسەر یەکێتیی خاک و گەلی سووریا کراوەتەوە و هەر پڕۆژەیەک یان پێشنیازێک رەت دەکەنەوە کە زیان بە سەروەریی خاک بگەیێنێت یان ببێتە هۆی دابەشبوون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، رێککەوتنی 10ی ئادار و کۆبوونەوەکانی دواتر لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و سەرۆکی کاتیی سوریا، وەک وێستگەیەکی گرنگ بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەش بۆ گفتوگۆیەکی بنیاتنەر هەژمار کراوە. کۆبوونەوەکان بە کەشێکی ئەرێنی و نیازێکی راستەقینە بۆ گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش بەڕێوەچوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم کەشە نەگۆڕاوە بۆ هەنگاوی کردەیی و کۆنکرێتی، ئەمەش پرسیاری رەوا دەوروژێنێت لەسەر مکوڕی دامەزراوە فەرمییەکانی دیمەشق بۆ قۆستنەوەی ئەم هەلە مێژووییە بۆ چارەسەر.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەزموونی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رێڤەبەری خۆسەر) سەلماندوویەتی کە زۆرترین پەرۆشی بۆ یەکێتی و پاراستنی سەقامگیری وڵات هەبووە، چ لە رێگەی ئەو قوربانییە گەورانەی بۆ رزگارکردنی ئەم ناوچانە لە رژێمی پێشوو داویەتی و پاشان لە رووبەڕووبوونەوەی بەهێزترین سیستمی تیرۆریستی نێودەوڵەتی لەپێناو بەرگری لە هەموو سووریاییەکان و چ لە رێگەی توانای بەڕێوەبردنی کاروباری ملیۆنان کەس و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە بێ جیاوازی.
 
ئیدارەی خۆسەر لە راگەیێندراوەکەیدا رەخنە لەو تێڕوانینە دەگرێت کە هاوبەشیکردن و حوکمی لامەرکەزی و بانگەواز بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی بە بانگەواز بۆ جیابوونەوە وەسف دەکات و، پێیوایە دوورە لە راستی و کردار و دەبێتە هۆی زیادبوونی دابەشبوون لە نێوان سووریاییەکان لەبری بەهێزکردنی یەکێتییان. 
 
هەروەها باسی رێژەی دانیشتووان و جیاکردنەوەی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە یەکتر بە رێبازێکی هەڵە دادەنێت کە هەڕەشە لە بنەماکانی پێکەوەژیان دەکات و هەر ئەگەرێک بۆ بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان سووریاییەکاندا لاواز دەکات.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رێڤەبەری خۆسەر، دووپاتی دەکاتەوە کە هەموو لیژنە تایبەتمەندەکانی سەر بە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لەوانەش ئەوانەی پەیوەندییان بە دۆسیەکانی دەستووری، کارگێڕی، ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە هەیە، بە تەواوی ئامادەن بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان، بە مەرجێک دیمەشق کاتی گونجاو دیاری بکات.
 
"ئیدارەی خۆسەر کار بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان دەکات، لەوانەش دەروازەی قامشلۆ- نسیبین، کە بە پردێکی پەیوەندی بنیاتنەر لە نێوان سووریا و وڵاتانی دراوسێ دادەنرێت، بە شێوەیەک کە دراوسێکان دڵنیا ببنەوە لەوەی سیاسەتی ئیدارەی خۆسەر لەسەر بنەمای کراوەیی و هاوکارییە، نەک داخستن یان دوورخستنەوە".
 
لە کۆتاییدا، فەرمانگەکە بیرهێنانەوە دەکاتەوە کە هیچ رێبازێکی واقیعی بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا ناتوانێت بڕیاری ژمارە 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان تێپەڕێنێت، کە رێککەوتنی لەسەرکراوە بۆ پڕۆسەیەکی سیاسی سووریایی- سووریایی. لەسەر ئەم بنەمایە، دووبارە داواکارییەکەی بۆ گۆڕینی کۆنفرانسی نیشتمانی بۆ پڕۆسەیەکی یەکگرتوو کە هەموو هێز و پێکهاتە سورییەکان لەخۆ بگرێت، دووپات دەکاتەوە، تاوەکو ببێتە مینبەرێکی گشتگیر بۆ دەستپێکردنی رێڕەوێکی جیدی بەرەو سووریایەکی دیموکراتی لامەرکەزی، کە هیواکانی گەلەکەی رەنگبداتەوە و یەکێتییەکەی بپارێزێت.
 
ئیدارەی خۆسەر پێیوایە کە گفتوگۆی گشتگیر و بەرپرسیارانە تاکە رێگەیە بۆ دڵنیابوون لە یەکێتیی سووریا و پاراستنی داهاتووی، و بەشداریکردنی هەموو پێکهاتە سووریاییەکان لە داڕشتنی چارەسەردا گەرەنتی راستەقینەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی، لامەرکەزی، دادپەروەر کە رێز لە فرەیی بگرێت و مافەکانی هەموو هاووڵاتییانی مسۆگەر بکات.
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) "هێواش بوونەتەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "سووریا واز لە یەک بست لە خاکەکەی ناهێنێت".
 
لەبارەی دۆخی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و پرسی کورد، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، هەر بیرۆکەیەک بۆ دابەشکردن "ئەستەمە" و سووریا "قبووڵی ناکات".
 
رۆژی 10ی ئاداری 2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
 
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.