تەرمی 21 شەڕڤان و سڤیلی عەفرین بەخاکسپێردران
رووداو - هەولێر
تەرمی 21 شەڕڤان و خەڵکی سڤیلی عەفرین بە خاکسپێردران، بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان ئەوان لە ئەنجامی بۆردوومانی هەرێمەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، تاوەکو ئیستا سەدان کەس گیانیان لە دەستداوە. خەڵکی عەفرین بە ئاپۆرا یاوەری تەرمی ئازیزانیان بەرەو کرد و بەگریانەوە تەرمەکانیان ناشتن.
هێڤی عوسمان، ئەندامی کۆمەڵەی ئەستێرەی ژنان دەڵێ "ئێمە بە ئەردۆغان دەڵێین هەرگیز ناتوانێت بێتە عەفرین، چونکە خاکی عەفرین خاکی ئەم گەلەیە، منداڵەکان هی ئێمە و هی عەفرینن".
تەنیا رۆژی چوارشەممە (14-2-2018) تەرمی 21 کەس، کە لە نێویاندا خەڵکی مەدەنی و شەڕڤانانی یەپەگە هەبوون، لە گۆڕستانی ئاڤێستا خابوور لە عەفرین بەخاک سپێردران.
بەگوتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەی عەفرین، لەماوەی 26 رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، نەخۆشخانەکەیان 405 برینداریان لەسەرانسەری عەفرین بۆ هاتووە، هەروەها بە گشتی 157 کەس گیانیان لەدەستداوە.
گوشارەکان بۆ سەر تورکیا بۆ وەستاندنی ئەم ئۆپەراسیۆنە کەم نین، بەڵام سەرباری ئەم گوشارانە، تورکیا سوورە لەسەر چوونە نێو عەفرین، خەڵکی عەفرینش دەڵێن، ئەوان تاوەکو دوا هەناسە لە شارەکەیان ناچنە دەرەوە و عەفرین بۆ تورکیا چۆڵ ناکەن.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار