تورکیا لەبارەی شەڕی نێوخۆیی سوەیدای سووریا: دەبێت یەکێتی و سەروەریی سووریا بپارێزرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی شەڕی نێوخۆیی سوەیدا دەڵێت، هیوادارن سووریا لەڕێی دیالۆگەوە کۆتایی بە گرژییەکان بهێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''دەبێت لە دۆخێکی وەهادا یەکێتی و سەروەریی سووریا بپارێزرێت''.
ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی دووشەممە، 14ی تەممووزی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی شەڕی نێوخۆیی لە پارێزگەی سوەیدای سووریا رایگەیاند: ''هیوادارن حکومەتی سووریا لە کەمترین ماوەدا لەسەر ئاستی نێوخۆیی لەڕێی دیالۆگەوە کۆتایی بە گرژییەکان بهێنێت''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "تورکیا، شانبەشانی هاوبەشەکانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و گەیشتن بە رێککەوتن لە سووریادا."
ئێوارەی رۆژی شەممە، 12ی مانگ، شەڕی نێوخۆیی لە پارێزگای سوەیدای سووریا دەستیپێکرد و ئێستاش بەردەوامە. بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە شەڕەکەدا تاوەکو ئێستا 99 کەس کوژراون و نزیکەی 200ی دیکەش بریندار بوون.
شەڕەکە چۆن سەریهەڵدا؟
گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممە لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.
ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا.