سوپای ئیسرائیل: سوپای سووریامان لە سوەیدا کردە ئامانج

 

رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل رۆژی سێشەممە هێرشی کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا لە ناوچەی سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن و رایگەیاند، هێرشەکەیان بۆ پاراستنی کەمینە ئایینییەکەیە.
 
دیمەشق دوای پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی دروز و هۆزە بەدەوییەکان کە زیاتر لە 100 کوژراوی لێکەوتەوە، هێزەکانی رەوانەی سوەیدا کردبوو.
 
ئیسرائیل، کەمێک دوای ئەوەی وەزیری بەرگری سووریا ئاگربەستی لە شاری سوەیدا راگەیاند، دەستپێکردنی هێرشەکانی راگەیاند. هێزەکانی حکومەت بەیانییەکەی چوونە ناو شارەکەوە.
 
لەکاتێکدا زۆربەی سەرکردە ئایینییەکانی دروز پشتگیرییان لە جێگیرکردنی هێزەکان کرد، بەڵام لانیکەم یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکان داوای بەرگریی چەکداری کرد.
 
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، "فەرمانیان بە سوپای ئیسرائیل کردووە کە دەستبەجێ هێرش بکاتە سەر هێز و چەکەکانی رژێم کە هێنراونەتە ناوچەی سوەیدا... بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی دروزەکان."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "ئێمە کاردەکەین بۆ رێگریکردن لەوەی رژێمی سووریا زیانیان پێبگەیەنێت و بۆ دڵنیابوونەوە لە چەکداماڵینی ناوچەی هاوسنوورمان لەگەڵ سووریا."
 
کەمێک دواتر، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەستی کردووە بە لێدانی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا. میدیاکانی حکومەتی سووریاش هەواڵی هێرشەکانیان پشتڕاستکردەوە.
 
ئیسرائیل کە خۆی دانیشتووانێکی دروزی هەیە، لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە مانگی کانوونی یەکەمدا، هەوڵیداوە خۆی وەک بەرگریکاری ئەم کەمینەیە نیشان بدات.
 
ئاگربەستێکی تەواو
 
مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا، ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "بۆ هەموو یەکەکان کە لەناو شاری سوەیدا کاردەکەن، دوای رێککەوتن لەگەڵ کەسایەتی و ناودارانی شارەکە، ئاگربەستێکی تەواو رادەگەیەنین."
 
هەروەها ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ئاماژەی بەوە کرد کە نوێنەرانی دروز لە ماڵی شێخ یوسف جەربوع، کەسایەتی دیاری دروزەکان و پارێزگەی سوەیدا کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە.
 
پێشتر کاتێک هێزەکانی حکومەت چوونە ناو شارەکەوە، سەرکردە رۆحانییەکانی دروز پەیامی دژبەیەکیان ناردبوو پێش گەیشتنیان.
 
زۆربەیان پێشوازییان لە جێگیرکردنەکە کردبوو، بەڵام شێخ حیکمەت حەجەری کە کەسایەتییەکی ئاینییە، هەڵوێستی خۆی گۆڕی و لە راگەیێندراوێکدا داوای "بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڵمەتە دڕندانەیە بە هەموو شێوازێکی بەردەست" کرد.
 
بڕیاربوو قەدەخەی هاتوچۆ لە شارەکە بسەپێنرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی تووندووتیژییەکان رابگیرێت.
 
وەزارەتی بەرگری داوای لە خەڵک کرد "لە ماڵەوە بمێننەوە و هەر جوڵەیەکی گروپە یاساشکێنەکان رابگەیەنن."
 
ئەبو قەسرە ئاماژەی بەوە کرد کە یەکەکانی وەزارەتی بەرگری "ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن" لە شاری سوەیدا ئەنجام دەدەن و دوای تەواوبوونیان ناوچەکان رادەستی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن.
 
سەرچاوە نێوخۆییەکانی سووریا پێشتر رایگەیاندبوو کە لەوکاتەوەی شەڕەکە لە ڕۆژی یەکشەممە دەستیپێکردووە 116 کەس کوژراون کە 64 کەسیان درووزن، لەنێویاندا چوار هاوڵاتی سیڤیل و 52 ئەندامی هێزەکانی و هۆزە بەدەوییەکان هەن.
 
وەزارەتی بەرگری 18 کوژراوی لە ریزەکانی هێزە چەکدارەکاندا راگەیاند.
 
دوژمنایەتیی دروز و بەدەوییەکان
 
دانیشتووانی دروزی سووریا پێش شەڕ بە نزیکەی 700 هەزار کەس مەزەندە دەکرا، کە زۆربەیان لە پارێزگای سوەیدا نیشتەجێن. شوێنکەوتووانی لقێکی ئیسلامی شیعەن، درووزەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە سووریا، لوبنان و ئیسرائیل دەژین.
 
دوای پێکدادانی خوێناوی لەگەڵ هێزەکانی حکومەت لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا، سەرکردە ناوخۆیی و ئایینییەکان گەیشتنە رێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق کە بەپێی ئەو رێککەوتنە چەکدارانی دروز ئاسایشی پارێزگاکەیان دابین دەکرد.
 
توندوتیژییەکان رۆژی یەکشەممە دەستیپێکرد کاتێک چەکدارانی بەدەوی فرۆشیارێکی سەوزەی دروزیان لەسەر رێگای سەرەکی دیمەشق رفاند. 
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، ئەندامانی هۆزە بەدەوییەکان، کە موسڵمانی سوننەن، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکانی پێشووتردا لەگەڵ دروزەکان لایەنگری هێزە ئەمنییەکانیان کردووە.
 
بەدەوی و دروز دوژمنایەتییەکی دێرینیان لە سوەیدا هەیە، و ناوبەناو تووندووتیژی لە نێوان هەردوو لادا سەرهەڵدەدات.