نەتەوە یەکگرتووەکان: تووندوتیژییەکانی ناوچە کەناراوییەکانی رۆژئاوای سووریا سیستماتیک بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سووریا رایگەیاند، ئەو تاوانانەی لە ناوچە کەناراوییەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە کراون، "سیستماتیک" بوون و لەوانەیە تاوانەکانی جەنگ بووبن.
 
رۆژی پێنجشەممە 14ی ئابی 2025 پاوڵۆ سێرگیۆ پینێرۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "قەبارە و دڕندەیی تووندوتیژییەکان کە لە راپۆرتەکەماندا دۆکیۆمێنت کراون، زۆر دڵتەزێنن. داوا لە دەسەڵاتدارانی کاتی دەکەین بەردەوام بن لە بەدواداچوونی بەرپرسیارێتی بۆ سەرجەم تاوانباران."
 
بە گوتەی کۆمیسیۆنەکە، تووندوتیژییەکە "کوشتن، ئەشکەنجەدان و کردەوەی نامرۆیی" لەخۆگرتووە.
 
لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بۆیان دەرکەوتووە بەشێکی قوربانییەکان لەسەر بنەمای ئایین کوژراون، هەروەها "تەرمەکان بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە شەقامەکاندا بەجێهێڵدراون،" هەندێکیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بەبێ بەڵگەنامەی گونجاو نێژراون.
 
لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هەندێک لە هێزەکانی حکومەتی کاتی هەنگاویان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان ناوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، ئەندامانی هەندێک گرووپ "لە دەرەوەی یاسا هاووڵاتییانیان لە چەندین گوند و گەڕەکی ناوچە زۆرینە عەلەوییەکان کوشتووە، ئەشکەنجەیان داون و خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون."
 
کۆمیسیۆنەکە ستایشی حکومەتی کاتیی سووریای کرد، کە رێگەیەکی کردووەتەوە بۆئەوەی هاوکاریی مرۆیی بگەیێندرێتە ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە.
 
وەکو کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات، حکومەتی کاتیی سووریا، نزیکەی 600 کەسی دەستنیشان کردووە کە گومان دەکرێت دەستیان لە تاوانەکان هەبێت، 298 کەسیان سەر بە هێزەکانی حکومەت و 265 کەسیشیان سەر بە گرووپەکانی نزیک لە حکومەتی پێشوون.
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاندووە، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان عەلەوییەکان و هێزەکانی سووریا لە ناوچە کەناراوییەکانی رۆژئاوای سووریا، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1700 کەس، کە زۆربەیان عەلەوی بوون.
 
شەڕ و پێکدادانە سێ رۆژییەکە لە 6ی ئاداردا بە پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدار و لایەنگرانی حکومەتی پێشووی بەشار ئەسەد دەستیپێکرد، دواتریش بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق هێزێکی زۆریان بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای سووریا نارد.
 
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، زۆربەی کوشتارەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و گرووپەکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی سووریاوە کراون.
 
حکومەتی سووریا لایەنگرانی ئەسەدیان بە هۆکاری تووندوتیژییەکان دانا، بەڵام بەڵێنیشیان دا ئەوانەی لەپشت خوێنڕشتنی خەڵکی سڤیلن، دادگایی بکەن.