سەرکردەیەکی ئەنەکەسە بۆ رووداو: سەرۆک بارزانی پێیگوتین سووریای داهاتوو بەبێ کورد نابێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) جەختی کردەوە کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە پشتیوانی مافەکانی کوردن لە سووریا و پێویستە کورد لەوێ نوێنەرایەتی دەنگی هەموو پێکهاتەکانی دیکە بکات.
رۆژی چوارشەممە 15-10-2025 بارەگای بارزانی رایگەیاند: "لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای (ئەنەکەسە) کرد کە پێکهاتبوو لە سکرتێری پارتە سیاسیەکانی ناو (ئەنەکەسە). لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کرا."
بارەگای بارزانی رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیە سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی کورد لە سووریا، "جەختی لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردەکانی سووریا کردەوە، هەروەها داواشی کرد لایەنە کوردییەکان بە ئاراستەی بەهێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تەبایی بن، لەگەڵ عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا کار بکەن."
سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی ئەرێنی بووە و "سەرۆک بارزانی گوێی لە تێڕوانینمان گرت سەبارەت بە دۆخی گشتیی سووریا و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان".
ئۆسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک بارزانی "باسی لە کۆنگرەی یەکڕیزیی کورد لەنێوان لایەنە کوردییەکان (26ی نیسانی 2025) و دەرەنجامەکانی کرد و بە دەستکەوتێکی گرنگی بۆ کورد وەسفیکرد کە پێویستە پارێزگاریی لێبکرێت".
سلێمان ئۆسۆ گوتیشی، "سەرۆک بارزانی جەختی لە پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان و پەیوەندیی کورد لەگەڵ عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا کردەوە و رایگەیاند کە پێویستە کورد نوێنەرایەتی دەنگی هەمووان بکات".
ئەو بەرپرسەی ئەنەسەکە ئاماژەی بەوەدا، کە سەرۆک بارزانی دووپاتیکردەوە پشتیوانی مافەکانی کوردن لە سووریا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و سووریای داهاتوو بەبێ کورد نابێت.