وەزارەتى بەرگریی سووریا: هێرشەکەی شەوی رابردوو لەسەر بارهەڵگرێکی جووڵاو کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى بەرگریى سووریا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت، هێرشەکەى شەوى رابردوو بە دوو مووشەکى جۆرى کاتیۆشا بووە، خانوویەک لە گەڕەکی مەزێی دیمەشق کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە دوو هاوڵاتی بریندار بوون.
 
لەبارەى شوێنى هەڵدانى کاتیۆشاکانەوە، وەزارەتەکە رایگەیاندووە، لە دەوروبەرى دیمەشقەوە و لە بارهەڵگرێکى جووڵاوەوە هەڵدراون.
 
وەک وەزارەتەکە دەڵێ، ئامێرى سەرەتایی دۆزراوەتەوە کە بۆ هەڵدانى کاتیۆشاکان بەکارهێندراوە. وەزارەتەکە رەتیدەکاتەوە کە ئامانج لەو هێرشە پێکانى هیچ بنکەیەکى سەربازى بووبێت.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا باس لەوە دەکات "بە هاوئاهەنگى وەزارەتى ناوخۆ لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و بەڵگەى پێویست کۆدەکەنەوە بۆ دەستنیشانکردنى سەرچاوەی هێرشەکە و بەسزا گەیاندنى ئەنجامدەرانی."
 
گەڕەکی مەزێ شوێنی چەند پێگەیەکی گرنگی سەربازییە، لەنێویاندا بنکەی ئاسمانیی مەزێ، کە لە ساڵی 2023ـەوە چەندین جار کەوتووەتە بەر هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل.