ئەمریکا و سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان دژی شانە نووستووەکانی داعش دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە هێزەکانی سووریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیان دژی شانە نووستووەکانی رێکخراوی داعش دەستپێکردووە، ئەوەش رۆژێک دوای هێرشێکی خوێناوی کە کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.
رۆژی شەممە، لە هێرشێکدا کە حکومەتی سووریا بە "هێرشێکی تیرۆریستی" ناوی برد، دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی سڤیل کوژران. واشنتن رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن چەکدارێکی داعشەوە کراوە و دواتر چەکدارەکەش کوژراوە. بەڵام حکومەتی سووریا رایگەیاند، هێرشکارەکە ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئەوان بووە و هەڵگری بیری "تووندڕۆیی" بووە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "هەڵمەتێکی ئەمنی" لە بیابانی سووریادا دەستی پێکراوە بۆ گەڕان بەدوای "شانە نووستووەکانی داعش"، ئەمەش "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا".
ئەو بەرپرسە گوتی، تاوەکو ئێستا سێ کەس بە گومانی تێوەگلان لە هێرشەکەی رۆژی شەممە دەستگیرکراون کە لە ناوچەی تەدمور لە پارێزگای حومس روویدا.
رۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و "هاوخەمیی" وڵاتەکەی بۆ "خێزانی قوربانییەکان" دەربڕی.
پێشتر دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاندبوو، هێرشکارەکە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بووە و بڕیاربووە رۆژی یەکشەممە بەهۆی "بیروباوەڕە تووندڕۆکانی"ـەوە لە کارەکەی دووربخرێتەوە، وەک چۆن نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی گوت.
رۆژی یەکشەممە، ترەمپ دووپاتی کردەوە کە هێرشکارەکە سەر بە داعش بووە نەک حکومەتی سووریا و گوتی، شەرع و دیمەشق "شانبەشانی ئێمە شەڕیان کرد."
بەرپرسێکی ئەمنیی سووریا رۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "11 ئەندامی ئاسایشی گشتی دوای هێرشەکە بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیرکران".
ئەو بەرپرسە ئەمنییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ گوتی، "چەکدارەکە بۆ زیاتر لە 10 مانگ لە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکاندا بووە و پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ تەدمور، لە چەندین شاری دیکەدا کاری کردووە".
تەدمور، کە شوێنەوارە مێژووییەکانی لە لیستی یونسکۆدان، لە لووتکەی دەسەڵاتی داعش لە سووریادا لەژێر کۆنترۆڵی ئەو رێکخراوەدا بوو.
"وەڵامدانەوەی تووند"
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا، ئەوە یەکەم هێرشی لەو جۆرە بوو تۆمار بکرێ.
ترەمپ دوای هێرشەکەی رۆژی شەممە، هەڕەشەی "وەڵامدانەوەی زۆر تووندی" کرد.
بەرپرسێکی سەربازیی سووریا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، رۆژی شەممە گوتی: "تەقەکردنەکە لە کاتی کۆبوونەوەیەکی نێوان ئەفسەرانی سووریا و ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازیی سووریا لە تەدمور روویداوە".
بەڵام بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتنی گوت، هێرشەکە "لە ناوچەیەکدا روویداوە کە لەژێر کۆنترۆڵی سەرۆکی سووریادا نییە".
هەروەها سەرچاوەیەکی دیکەی سوپای ئەمریکا لە سووریاوە بە رووداوی گوت، ئەو وەرگێڕەی کوژراوە، کریستیانێکی بە رەچەڵەک خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە.
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، رۆژی یەکشەممە گوتی، هێرشەکە تەنیا ستراتیجی ئەمریکا "بەهێزتر دەکات" بۆ "توانادارکردنی هاوبەشە سوورییە بەهێزەکان تاوەکو تۆڕەکانی داعش رابماڵن، پەناگەی ئارامیان بۆ نەهێڵن و رێگە لە سەرهەڵدانەوەیان بگرن".
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، هاوتا ئەمریکییەکەی، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرەخۆشیی خۆی دەربڕی و گوتی، هێرشەکە "ئاڵنگارییەکی نوێیە لە شەڕی دژی تیرۆردا".
"ئاگادارکردنەوە پێشوەختەکان"
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، سەربازەکان "لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا بوون" بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی "دژی تیرۆر" کاتێک هێرشەکە روویدا.
ترەمپ رووداوەکەی بە "هێرشێکی داعش دژی ئەمریکا و سووریا، لە بەشێکی زۆر مەترسیداری سووریادا" ناوبرد.
لە نوێترین لێدوانیشیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو سێ سەربازە ئەمریکییەی دیکە کە لە رووداوەکەدا بریندار بوون، دووانیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و "ئەوەی دیکەشیان باش دەبێت."
ئاژانسی فەرمیی سانا رایگەیاند، لە هێرشەکەدا دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریاش بریندار بوون.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە رۆژی شەممە، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا گوتی: "پێشتر لەلایەن فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆوە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە درابووە هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچە بیابانییەکان".
هەروەها گوتی: "هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هۆشدارییەکانی سووریایان سەبارەت بە ئەگەری دزەکردنی داعش بەهەند وەرنەگرت".
داعش لە ساڵی 2014 و لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووریادا، دەستی بەسەر بەشێکی زۆری خاکی سووریا و عێراقدا گرت، پێنج ساڵ دواتر لە رووی جوگرافییەوە لە وڵاتەکەدا تێکشکا. سەرەڕای ئەوەش، چەکدارانی هێشتا ماون، بەتایبەتی لە بیابانە فراوانەکەی سووریادا.
مانگی رابردوو، لە کاتی سەردانە مێژووییەکەی شەرع بۆ واشنتن، دیمەشق بە فەرمی چووە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات.