مانگی سووری کورد: پێنج کارمەندمان لە حەلەب بێسەروشوێنن

رووداو دیجیتاڵ
 
مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی شەڕی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، پێنج ئەندامیان بێسەروشوێن کراون. هاوسەرۆکی رێکخراوەکەش دەڵێت: "زانیارییمان پێدراوە کە لای حکومەتی دیمەشق دەستبەسەر کراون، بەڵام رێگە نادرێ قسەیان لەگەڵدا بکەین".
 
هەدیە قامشلۆ، هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەندامەکانمان سەرەتا بێسەروشوێن بوون، بەڵام دوای سێ رۆژ لە دیارنەبوونیان، مۆبایلی یەکێکیان کرایەوە و کەسێک بە زمانی عەرەبی وەڵامی دایەوە و گوتی، ئەو پێنج کەسە لای حکومەتی دیمەشق دەستبەسەرن."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی مانگی سوور، ئەو تیمە لە سەرەتای هێرشی سوپای سووریاوە بۆ سەر دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) دیارنەماون و دوای راگەیاندنی ئاگربەست زانراوە کە لە ژیاندا ماون.
 
هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد دەڵێت، تیمەکەیان خەڵکی سڤیلن و نابێت وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، "کاری ئەوان تەنیا کاری مرۆیی و تەندروستییە و نابێت دەستگیربکرێن."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رێکخراوەکە بە رووداوی داوە، ناسنامەی دەستبەسەرکراوەکان بەمشێوەیەیە: یوسف حەنان حەمکۆ، شۆفێری ئەمبوڵانس، عەبدۆ محەممەد حەنان، پەرستار، رامی حوسێن ئەلعلی، سەرۆکی تیم، فورات رەشید وەیسی، پەرستار، دلۆڤان ئەحمەد بەکر، پەرستار
 
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ئازادکردنیان، هەدیە قامشلۆ ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ مانگی سووری نێودەوڵەتی و خاچی سووری جیهانی لەسەر هێڵن و گوتی: "لە رابردووشدا ئەنداممان دەستگیرکراون و لە رێگەی ئەوانەوە ئازاد کراون، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێگە نەدراوە پەیوەندی بەم پێنج ئەندامەمانەوە بکەین."
 
مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان، بەرپرسیارێتیی ژیان و تەندروستیی ئەندامەکانی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی کاتیی دیمەشق و داوای هەڵوێست لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان دەکات.
 
رۆژی 6ی ئەم مانگە، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، بەهۆیەوە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کەس، هەزاران کوردیش ئاوارە بوون؛ دواتر لە بەرەبەیانی 10ی مانگەوە ئاگربەست راگەیێندرا.