گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: ئەوەی لە حەلەب روویدا قبوڵکراو نییە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی نیگەرانە لە تێکچوونی دۆخی ئەمنیی حەلەب و دەوروبەری. دەشڵێت، ئەوەی لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود روویدا بە هیچ شێوەیەک بەلای رووسیاوە قبوڵکراو نییە.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداودا رایگەیاند، "بەدڵنیاییەوە نیگەرانی زیادبوونی گرژییەکانین و بووین لە حەلەب و دەوروبەری. ئامانجی لەپێشینەی ئێمە ئەوەیە کە هاووڵاتییە سڤیلەکانی ئەو ناوچەیە پارێزراوبن. ئەو هێرشانەی لەو گەڕەکانە کران، بەلای رووسیاوە بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین."
سەرەتای ئەم مانگە هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیانکردە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی زۆرینە کوردنشین. بەهۆی هێرشەکەوە دەیان کەس کوژران، سەدان کەس بریندار بوون و نزیکەی 150 هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا رێگە بۆ چارەسەری کۆتایی، دیالۆگی سیاسییە و گوتی: "باوەڕمان وایە کە دانوستاندن تەنیا رێگەی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەیشتنە بە چارەسەرێکی درێژمەودا بۆ سووریا، بە مەرجێک هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بەشداری تێدا بکەن و رێز لە سەروەری و یەکگرتوویی خاکی سووریا بگیرێت."
زاخارۆڤا ئاماژەی بە گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و قامشلۆ کرد و گوتی: "رووداوەکانی ئەم دواییە پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەو رێککەوتنەی ئاداری 2025 لە نێوان سەرکردایەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆکرا، هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بۆ یەکگرتنەوەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فوڕات لەگەڵ دەوڵەتی سووریا."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا و عێراقیش، ماریا زاخارۆڤا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی هاوئاهەنگییەکی نزیکی لەگەڵیاندا هەیە و گوتی: "هاوئاهەنگی نزیکمان لەگەڵ تورکیا و عێراق هەیە لەسەر ژمارەیەک پرس، کە بەرژەوەندی هاوبەشمان تێیاندا هەیە، لەوانە هاوئاهەنگی لە بواری ئەمنیدا."