هیومەن رایتس وۆچ: بەهۆى رووداوەکانى حەلەب 119 هەزار کەس ئاوارە بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژى رێکخراوى هیومەن رایتس وۆچ لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و باکورى ئەفریقا رایگەیاند، بەهۆى ئاڵۆزییەکانى حەلەبەوە لە سووریا 23 کەس کوژران و 119 هەزار کەس ئاوارە بوون و هێزەکانى سەر بە حکومەتى سووریا نزیکەى 300 کەسیان دەستگیرکردووە.
 
ئەحمەد شەمسی، گوتەبێژى رێکخراوى هیومەن رایتس وۆچ لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و باکورى ئەفریقا لە بەشداری لە بووڵتەنی 17:00ى رووداو رایگەیاند: بەگوێرەى ئەو ئامارانەى تاوەکو 14ى کانوونى دووەم دەستیان کەوتووە بەهۆى پێکدادانەکانى  شارى حەلەبی سووریا 23 کەس کوژران و 119 هەزار کەسی دیکە ئاوارە بوون، بەڵام روون نییە چەند لەو کەسانەى کوژراون هاووڵاتى سڤیل بوون.
 
ئەحمە شەمسی رایگەیاند، ئەو زانیارییانەیان لە رێگەى وەزارەتى تەندروستیى سووریا و بەدواداچوونکارى کاروباری ئاوارەکان دەستیان کەوتووە، گوتیشى:" بە راورد بە رووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا، پێشێلکاریەکان سنوردارتر بوون کە  ئەگەر هەیە ئەوە بەهۆى ئەستەمى گەیشتن بێت بەو ناوچانەى کە ئاڵۆزى تیایدا روویداوە.
 
6 بۆ 11ى کانوونى دووەمى 2026 ، پێێکدادان لە نێوان گروپە چەکدارەکانى سەر بە سوپاى عەرەبی سووریا و هێزەکانى ئاسایشى سەر بە بەڕێوەبەرێتى خۆسەر لە هەردوو گەڕەکى ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە حەلەب روویدا کە زۆرینەى دانیشتوانەکەى کوردن.
  
گوتەبێژى رێکخراوى هیومەن رایتس وۆچ لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و باکورى ئەفریقا رایگەیاند: هێرشی هەڕەمەکی لەو رووبەڕووبوونەوانەدا روویانداوە، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەیەک بەپاساوی ئەوەی سەربازگەی هێزە  کوردییەکان بووە.
 
ئەحمەد شەمسی گوتى: "هێزەکانی حکومەت 300 کەسیان دەستگیر کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەموویان چەکدارن، بەڵام هێزە کوردییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکیان هاووڵاتیی سڤیلن، ئەگەر هاووڵاتیی سڤیل دەستگیر کرابن، ئەوە جێگەی نیگەرانییە".