لیندزی گراهام: رێگە نادەین سووریا و تورکیا پاسەوانیی زیندانیانی داعش بکەن؛ دەبێت کورد بیکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سیناتۆرێکی دیاری ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دیمەشق دەیەوێت بە رێککەوتن لەگەڵ ئەنقەرە هێرش بکاتە سەر کوردی رۆژئاوای کوردستان، هۆشداریش دەدات و دەڵێت: "کەس وا بیر نەکاتەوە رازی دەبین زیندانییەکانی داعش لەبری کورد، لەلایەن سوپای سووریا یان تورکیاوە پاسەوانی بکرێن".
 
رۆژی پێنجشەممە، 16-01-2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) رایگەیاند: "نیگەرانییەکانم تادێت زیاتر دەبن کە حکومەتی نوێی سووریا لەگەڵ تورکیا رێکدەکەوێت بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی کوردی سووریا، کە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمەن لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش لە سووریادا".
 
گراهام ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) "نزیکەی نۆ هەزار لە خراپترین و مەترسیدارترین زیندانییەکانی داعشیان لەژێر دەستدایە." دەشڵێت: "ئەمە لە بەرژەوەندیی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێمەدایە، کە ئەم زیندانیانە نەگەڕێنەوە بۆ بەرەکانی جەنگ".
 
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە دەڵێت، پاڵپشتی لە پێدانی دەرفەتێکی دادپەروەرانە بە حکومەتی نوێی سووریا دەکات، بەڵام "ئەگەر هێرشەکانی هێزەکانی سووریا بە پاڵپشتیی تورکیا بۆ سەر کوردەکان پەرەبسێنێت، ئەمە بارودۆخێکی تەواو نوێ دروست دەکات".
 
لیندزی گراهام جەخت دەکاتەوە، بڕوای وایە پاڵپشتییەکی فراوان و قووڵی هەردوو پارتەکە (کۆماری و دیموکراتەکان) دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر کورد.
 
سەبارەت بە چارەنووسی چەکدارانی داعش، گراهام بە تووندی هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر کەسێک پێی وابێت من یان هەر یەک لە هاوکارەکانم لەم قۆناخەدا رازی دەبین بەوەی زیندانییەکانی داعش لەبری کوردەکان، لەلایەن سوپای سووریا یان تورکیاوە پاسەوانی بکرێن، ئەوا بەداخەوە زۆر لە هەڵەدایە".
 
ئەو قسانەی گراهام دوای ئەوە دێت، دوێنێ ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە هۆشداریدا لە هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچەکانیان و مەترسیی هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکان.
 
هەروەها سەرەتای ئەم مانگە، هێزەکانی سوپای سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب، کە بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 150 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.