کۆبوونەوەی هاوپەیمانان و فەرماندەکانی هەسەدە لە دێر حافر کۆتاییهات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی نێوان شاندێکی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و فەرماندە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شارۆچکەی دێر حافر کۆتاییهات، کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە لەژێر هەڕەشەی سوپای سووریادا ئەنجامدرا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە رۆژهەڵات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و چیا کۆبانی، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، شانبەشانی فەرماندە باڵاکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشدار بوون.
 
هاوکات فەرماندەیەکی هەسەدە لە دێر حافرەوە رایگەیاند، جگە لە ئەندامانی فەرماندەیی گشتی، هەریەک لە جەمیل کۆبانی و سەرخۆبوون کۆبانی، فەرماندەی بەرەی دێر حافر و بەدران چیا کورد، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یاوەری شاندەکە بوون.
 
بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی هاوپەیمانان بە سەرپەرشتیی ئەمریکا بووە و کاروانەکەیان لە 6 زرێپۆش پێکهاتبوو، کە لە شاری تەبقەوە بەرەو دێر حافر بەڕێکەوتبوون.
 
دێر حافر دەکەوێتە رۆژئاوای رووباری فورات و لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە. ئەم سەردانە مەیدانییە و کۆبوونەوەی فەرماندە باڵاکان لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە ئەو ناوچەیە لەژێر هەڕەشەی هێرشی سوپای سووریادایە و دیمەشق هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنەوەی دەکات.
 
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاندووە، ماوەی سێ رۆژە لە دێر حافرەوە بەرەو حەلەب رێڕەوێکی مرۆیی بۆ هاووڵاتییان کردووەتەوە، کە ئەو ڕێڕەوە تاوەکو کاژێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ کراوە دەبێت.