ئەو ئوستراڵییانەی لە کەمپی رۆژ ئازادکران، دیمەشق ناچاریکردن بگەڕێنەوە کەمپەکە


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە کەمپی رۆژ لە سنووری شاری دێرکی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، 11 خێزانی ئوسترالی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبوو، ئازادکران و گوێزرانەوە بەرەو دیمەشق بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، حکومەتی سووریا ناچاریکردن بگەڕێنەوە کەمپی رۆژ. 

خێزانەکان لە 34 ژن و منداڵ بوون. ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو، بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە و دەڵێت، حکومەتی ئوسترالیا پاسپۆرتی تایبەتی بۆ ئەم کەسانە دەرکردووە کە تەنیا بۆ یەک جار بەکاردەهێنرێ. 
 
پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ دووشەممە، خێزانەکان بە دوو مینی پاس لە کەمپەکەوە گوێزرانەوە بۆ دیمەشق، بۆ ئەوەی لەوێشەوە بە فڕۆکە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان. 
 
ڤیڤیان فەتاح گوتی: "کەسوکاریان بە خۆیان بەدوایاندا هاتن و پێشوازییان لێکردن". بەڵام دواتر گوتی، حکومەتی دیمەشق مینی پاسەکانی ناچارکردووە بگەڕێنەوە کەمپی رۆژ. 
 
هێزەکانی هەسەدە کە یاوەریی کاروانەکەیان دەکرد، پەیامی حکومەتی دیمەشقیان بە خێزانە ئوسترالییەکان گەیاندووە کە ئەوان نابێت لە گەشتەکەیان بەردەوام بن. 
 
حکومەتی ئوسترالیاش لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، ئەوان یارمەتیی گەڕاندنەوەی هیچ کەسێک لە سووریاوە بۆ وڵاتەکەیان نادەن: "ئاژانسە ئەمنییەکانمان چاودێرییان کردووە و بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی دۆخی ئەمنیی سووریا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی تا چەند ئامادەن هیچ ئوستڕالییەک بگەڕێننەوە بۆ ئوستڕاڵیا."
 
حکومەتی ئوسترالیا هەروەها دەڵێت: "پێویستە خەڵکی نێو ئەو کۆمەڵەیە بزانن کە ئەگەر تاوانێکیان کردبێت و بگەڕێنەوە ئوسترالیا، بە هەموو هێزی یاساوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. سەلامەتیی ئوسترالییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئوسترالیا، کاری هەرە لەپێشینەمانە."
 
لەگەڵ کەمپی هۆل، کەمپی رۆژ یەکێکە لە دوو کەمپە سەرەکییەکە کە کەسوکاری چەکدارانی داعش و ئەوانەی پەیوەندییان پێوەیە لێی دەمێننەوە.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆتایی ساڵی 2025 و سەرەتای 2026، ژمارەی دانیشتووانی هەردوو کەمپەکە نزیکەی 30 هەزار کەس بوو کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، لەنێویاندا نزیکەی 8 هەزار و 500 هاووڵاتیی بیانی خەڵکی زیاتر لە 60 وڵات، جگە لە سووریایی و عێراقییەکان. 
 
حکومەتی ئوسترالیا لە ساڵانی رابردوودا بە تایبەتی لە کاتی حکومەتی پارتی لیبراڵ/نەتەوەیی پێشوو، زۆرجار رەتی کردووەتەوە ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی مەترسی ئاسایشی نیشتمانی و ترسی تووندڕۆبوونی منداڵان یان بەشداریکردنی ژنان لە جموجووڵی داعش. 
 
بەڵام لە ماوەی حکومەتی پارتی کرێکاران بە سەرکردایەتیی ئەنتۆنی ئەلبانیز کە لە ساڵی 2022ـەوە دەست بەکاربووە، گۆڕانکارییەک هاتە ئاراوە و چەندین کەس گەڕێندراونەتەوە، وەک گەڕانەوەی 17 کەس (4 ژن و 13 منداڵ) لە ساڵی 2022 و هەندێکی دیکە لە ساڵانی دواتردا.