بەرپرسێکی مانگی سووری کوردی: دەرمان لە کۆبانی بەرەو تەواوبوون دەچێ
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاودێریی گەڕۆکی مانگی سوور لە کۆبانی دۆخی تەندروستیی شارەکە بە ''زۆر خراپ'' وەسف دەکات و دەڵێ، ''ئەو کۆگەی دەرمانەی کە هەمانە، تەنیا بەشی دوو رۆژی دیکەی تێدا ماوە''.
رۆژی دووشەممە، 16-02-2026، شادیە ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی گەڕۆکی مانگی سوور لە کۆبانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخزر پێشکێشی کرد لەبارەی دۆخی شارەکەوە رایگەیاند، لە سەرەتای گەمارۆکانەوە، تەنیا کارەبا گەڕێندراوەتەوە کۆبانی، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتەوە گوندەکان.
نزیکەی مانگێکە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە، گەمارۆی سەر کۆبانی بەردەوامە. بەگوتەی شادیە ئەحمەد، ئێستا لە شارەکە ئاوی خاوێن دەستناکەوێت، ''هاونیشتمانییان ناچارن بۆ خواردنەوە جۆرە ئاوێک بکڕن کە گومان دەکرێ پاک نەبێ، چونکە ژمارەیەکی زۆریان تووشی نەخۆشیی سکچوون بوون کە زۆربەیان منداڵن''.
لە بەشێکی قسەکانیدا بەڕێوەبەری چاودێریی گەڕۆکی مانگی سوور لە کۆبانی باسی لە خراپیی دۆخی دەرمان لە شارەکە کرد و گوتی: ''پێویستیی خێرامان بە دەرمان هەیە. ئەو کۆگەیەی کە هەمانە، لەوانەیە تەنیا بەشی دوو رۆژ دەرمانی تێدا مابێت''.
شادیە ئەحمەد دەڵێت، دەرمانی تایبەت بە منداڵان، شەکرە، پەستانی خوێن و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکە لەپێشینەن بۆ دابینکردن یان گەیاندنیان بە کۆبانی.
بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گوندەواری دەوروبەری کۆبانی، روویان لە شارەکە کردووە و بەهۆی تاڵانکرانی ماڵەکانیان نەگەڕاونەتەوە.
بەڕێوەبەری چاودێریی گەڕۆکی مانگی سوور لە کۆبانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئاوارانە لەنێو مزگەوت و قوتابخانەکاندا دەمێننەوە و لە دۆخێکی خراپدا دەژین، ''کارەبا، ئاو، ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکانی دیکەیان لە ئاستی پێویستدا پێناگات''.
سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق 29ـی کانوونی دووەمی 2026 واژۆ کرا و شەڕ راگیرا، بەڵام هێشتا گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریا لەسەر کۆبانی هەڵنەگیراوە و هاونیشتمانییان داوای کردنەوەی رێڕۆی مرۆیی و گەیاندنی هاوکاریی خێرا بە شارەکە دەکەن.