ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کۆبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق کۆبوونەوە و پڕۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدەیان بۆ نێو سوپای سووریا تاوتوێ کرد.
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئامادە بوو، تەواوکردنی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سووریا و تێکەڵکردنی فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ فەرمانگەکانی دەوڵەتی سووریا تاوتوێ کرا.
 
14ـی نیسان، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی دیمەشقیان کرد. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و دیاریکردنی کورد بووە لە پۆستە حکومی و دەوڵەتییەکاندا.
 
بنەمای سەرەکیی کۆبوونەوەکان تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 29ـی کانوونی دووەمە، کە لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا واژۆ کرا.
 
ئامانج لە رێککەوتنەکە "یەکخستنەوەی خاکی سووریا، دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە لە چوارچێوەی سوپای نیشتمانیی سووریادا".
 
سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ دیمەشق، یەکەمین سەردانی فەرمیی بەرپرسانی باڵای رۆژئاوای کوردستان و هەسەدەیە بۆ دیمەشق دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا.