لە سوەیدا دروزەکان داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە سوەیدا دروزەکان خۆپێشاندانیان کرد و سەرکۆنەی تووندوتیژییەکانی مانگی رابردووی ناوچەکەیان لەنێوان چەکدارە دەشتەکییەکان و چەکدارەکانیان کرد. داوای مافی چارەی خۆنووسینیان کرد.
رۆژی 13ـی تەممووزی 2025، لە سوەیدا شەڕ لەنێوان چەکدارە دروزەکان و دەشتەکییە سوننە مەزهەبەکان دروستبوو. دواتر، حکومەتی سووریا رایگەیاند، هێزیان بۆ رێگری لە شەڕەکە ناردووە، بەڵام دروزەکان و سەرچاوە خۆجێییەکان ئەو هێزانەیان بە پاڵپشتیکردنی چەکدارە دەشتەکییەکان تۆمەتبارکرد.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لەو شەڕەدا سەروو هەزار و 400 کەس کوژران کە زۆرینەیان هاووڵاتییانی سڤیلی دروز بوون. لەو شەڕەدا بەرپرسانی ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆیان بۆ دروزەکان دەربڕیبوو.
رۆژی 16ـی ئاب، لە مەیدانی سەرەکی سوەیدا، سەتان دروز خۆپێشاندانیان کرد. لە دیمەنەکاندا دەرکەوت، بەشێکی خۆپێشاندەران ئاڵای ئیسرائیلیان بەرزکردبووەوە و دەیانگوت، تەل ئەڤیڤ کاری بۆ پاراستنیان کردووە و پێویستە باشووری سووریا لە چەک دابماڵدرێت.
بەشێکی دیکە لە خۆپێشاندەران دروشمی "ئازادی بۆ سووەیدا، جۆلانی واز لە دەسەڵات بێنە"یان دەگوتووە. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی سووریا نازناوی محەممەد جۆلانی هەبوو ئەو کاتەی لە ریزی گرووپە چەکدارەکان بوو.
ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران دروشمی "مافی چارەی خۆنووسین مافێکی پیرۆزی سووەیدایە"یان هەڵگرتبوو.
محەممەد سهناوی، یەکێک بوو لە خۆپێشاندەران و هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکاشە رایگەیاند، "نزیکەی مانگێکە لەژێر گەمارۆداین. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کۆریدۆری مرۆییمان بۆ بکەنەوە".
دروزەکان سەر بە تایفەی "دروزن"؛ ژمارەیان بە نزیکەی دوو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت؛ زۆرترینیان نیشتەجێی پارێزگای سوەیدای باشووری سووریان کە ژمارەیان سەرووی 700 هەزار کەسە، لە لوبنان و ئیسرائیلیش هەن.
دروز سەر بە ئایینە "باتنییەکان"ـن، کە هێشتا زۆر شت لەسەریان نازانرێت و بە کۆمەڵگەی داخراو ناسراون، باوەڕیان بە کتێبی "نامەکانی حیکمەت" هەیە کە بە گوتەی خۆیان "تەفسیرێكی باتنی" قورئانی پیرۆزە؛ بە گشتی دروزەکان لە مەزهەبی شیعەوە نزیکن و لە زنجیرەی زەید کوڕی عەلی کوڕی حوسێنی کوڕی عەلی ئەبو تالیب، خەلیفەی چوارەمی موسڵمانان شۆڕبوونەتەوە؛ زەید برای محەممەد باقرە، ئیمامی پێنجەمی مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی، کە لە ئێران و عێراق پەیڕەو دەکرێت.