وەزیری دارایی سووریا بۆ رووداو: پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا باشتر دەبێت و کۆمپانیاکانیان دەگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی سووریا بە رووداوی گوت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا "رۆژ بە رۆژ باشتر دەبێت" و گەشبینن بە گەڕانەوەی کۆمپانیا و بانکە ئەمریکییەکان بۆ وڵاتەکەیان. هەروەها گوتی، "پشتیوانیی سیاسی"ـیان هەیە بۆ وەرگرتنەوەی متمانەی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان.
چوارشەممە 15-10-2025 محەممەد یەسر بەرنییە، وەزیری دارایی سووریا، بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن، راگەیاند: "پێموایە رۆژ بە رۆژ پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا باشتر دەبێت، ئێمە هەوڵ دەدەین ئەوە پیشان بدەین کە هاوبەشێکی جیدین و پرۆگرامێکی چاکسازیی جیدیمان هەیە."
بەرنییە ئاماژەی بەوەدا، لە نزیکەوە کار لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکەن بۆ ئەوەی پیشانیان بدەن دارایی گشتیی خۆیان رێکخستووە و چاکسازیی زۆر دەکەن بۆ پێشخستنی کەرتی دارایی. ئەو گوتی: "ئێمە بە پەیوەندیی سووریا-ئەمریکا زۆر گەشبینین."
وەزیری دارایی سووریا ئاشکرای کرد، چاوەڕێی هاتنی کۆمپانیای زیاتری ئەمریکین و گوتی: "لە چەند هەفتەی رابردوو لەگەڵ چەندین رێکخراوی ئەمریکی کۆبوونەوەمان هەبووە. بەیانی لەگەڵ [بانکی] ڤیزا کۆبوونەوەمان هەیە و لەگەڵ زۆربەی بانکەکان لە گفتوگۆی چڕوپڕداین."
سەبارەت بە چۆنیەتی وەرگرتنەوەی متمانەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی نێودەوڵەتی، بەرنییە گوتی، ئەمە لە رێگەی بەڕێوەبردنی دارایی "بە رێکخستن و سیاسەتێکی بەرزەوە، بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بە یاسا و رێسای نوێ و بە شەفافیەت" دەبێت.
بەرنییە جەختیکردەوە: "رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش پێویستییان بە پشتیوانیی سیاسی هەیە، کاتێک پشتیوانیی سیاسی هەبێت، ئەوانیش کارت لەگەڵدا دەکەن،" و دووپاتیکردەوە کە ئەوان ئەو پشتیوانییەیان هەیە.
لەبارەی وەرگرتنی قەرزی نوێوە، وەزیری دارایی سووریا گوتی: "ئێمە خواستی وەرگرتنی پارە [قەرز]ـمان نییە، سەرنجمان لەسەر ئەوەیە رێکخراو بین. ئێمە دەمانەوێت لەوە دڵنیابینەوە کە ناوماڵی خۆمان رێکخراوە. لەوانەیە تەنیا بۆ پرۆژەی ستراتیژی قەرز وەرگرین، ئەو کاتەی کە کەرتی تایبەت نایەوێت پرۆژەکە وەربگرێت."