مەزڵووم عەبدی دەڵێت تورکیا "نەرمی نواندووە" لەسەر تێكەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سووریا

 
رووداو دیجیتاڵ 

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، حکومەتی سووریا و هەسەدە لەسەر پلانێکی سەرەتایی رێککەوتوون بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانیان وەک گرووپێکی یەکگرتوو و یەکپارچە بۆ نێو سوپای نیشتمانیی سووریا. 
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشتیەتد پرێس کە رۆژی پێنجشەممە تۆمارکراوە، مەزڵوم عەبدی گوتی، ئێستا لەگەڵ دیمەشق لەسەر "میکانیزمێک" بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا رێککەوتوون. 
 
بە گوتەی مەزڵووم عەبدی، پێچەوانەی داواکاریی پێشووی حکومەتی راگوزەری سووریا، ئەندامانی هەسەدە تاک تاک ناچنە نێو سوپای سووریا، بەڵکو هەسەدە وەک هێزێکی یەکخراو دەبێتە بەشێک لە سوپاکە. 
 
فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، دەیان هەزار شەڕڤانی هەسەدە و ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەن، "ئەو هێزانە ناتوانن بە تاک تاک بچنە نێو سوپای سووریاوە، وەک هێزە بچووکەکانی دیکە. بەڵکو وەک پێکهاتەی سەربازیی گەورە دەچنە پاڵ سوپا کە بەگوێرەی یاساکانی وەزارەتی بەرگری پێکدەهێنرێن."
 
لە بارەی ئەوەی کە ئایا تورکیا رازی دەبێت لەبری هەڵوەشاندنەوە، هەسەدە وەک قەوارەیەکی سەربازی بچێتە نێو سوپای سووریا، مەزڵوم عەبدی گوتی: "پێموایە ئەگەر ئێمە رێکبکەوین—وەک ئەوەی ئێستا روودەدات—تورکیا هیچ بیانوویەکی نابێت بۆ دەستوەردان لەنێو سووریادا." هەروەها گوتیشی: "هەندێک نەرمیمان لە هەڵوێستی تورکیادا بەدی کردووە سەبارەت بە چوونەپاڵی هەسەدە بۆ نێو سوپای سووریا."
 
گوتیشی، لیژنەیەکیان پێکهێناوە کە لەگەڵ وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیکەی سەربازی کاردەکات بۆ دیاریکردنی "میکانیزمە گونجاوەکان."
 
مەزڵووم عەبدی هەروەها باسی لەوە کرد، بەڵێنی پێدانی پۆستی باڵا لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی سوپا بەو ئەندام و فەرماندانەی هەسەدە دراوە کە دەچنە پاڵ سوپای سوریا.
 
گوتیشی: "لەسەر بنەمای ئەزموون و خزمەتی دوورودرێژیان، شوێنێکی بەڕێزیان لەنێو سوپای سووریادا پێدەدرێت."
 
هەروەها گوتی، ئەزموونی ئەوان "یارمەتیدەر دەبێت لە بەهێزکردنی سوپا."
 
گوتیشی، ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش تێکەڵی هێزە ئەمنییەکانی سووریا دەکرێت.
 
مەزڵووم عەبدی گوتی، لە سەردانێکیدا بۆ دیمەشق لە سەرەتای ئەم مانگە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەر و بەرپرسانی دیکە، لەنێویاندا وەزیرانی دەرەوە و بەرگری کۆبووەتەوە و "رێککەوتنێکی سەرەتاییان" لەسەر میکانیزمی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپاوە کردووە.
 
ئەو کۆبوونەوانە لە کاتێکدا بوون کە گرژییەکان روویان لە زیادبوون کردبوو.
 
دیمەشق لە سەرەتای ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی رێکخست کە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە بەشدارییان تێدا نەکرد.
هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگە، پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و شەڕڤانانی کورد لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب لە باکووری سووریا روویدا.
 
عەبدی گوتی، جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزە کوردییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی زۆر کێشەی دیکەی وڵاتەکە.
 
هەروەها باسی لەوە کرد کە شەڕی تائیفی لەلایەن چەکدارەکانی سەربە حکومەت و هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا لە مانگی ئادار و لە پارێزگای سوەیدا لە باشوور لە مانگی تەممووز، ترسی خستووەتە دڵی زۆر لە دانیشتووانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و وایکردووە دوودڵ بن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
 
مەزڵوم عەبدی دەڵێت: "ئەمە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە بووە هۆی دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار. بەڵام، ئێمە پێمانوایە ئەگەر پێشکەوتن لە رێککەوتنی ئاداردا بکرێت و هەموو بڕگەکانی بە کردەیی جێبەجێ بکرێن، دەتوانین رێگری لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە بکەین."
 
فەرماندە کوردەکە گوتی، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێگری لە هێرشی تائیفیی لەو شێوەیە بکرێت، دەبێت رێککەوتنێک بکرێت کە تێیدا هەموو سووریاییەکان مافی یەکسانیان هەبێت و لە بنیاتنانی دەوڵەتدا بەشدار بن.
 
مەزڵووم عەبدی گوتی، هەسەدە پشتگیری لە شێوازێکی حکومڕانیی ناناوەندی دەکات "کە دەسەڵاتەکان لەنێوان ناوەند و پارێزگاکاندا دابەشکرابن" لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا.
 
حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق ترسی ئەوەی هەیە کە ناناوەندیبوون ببێتە هۆی دابەشبوونی وڵاتەکە.
 
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئادار بەو واتایە دێت کە هەموو دامەزراوە سڤیل، ئابووری و سەربازییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێکەڵی دەسەڵاتی دیمەشق دەبن.