هەسەدە تێکشکاندنی هێرشێکی هێزەکانی حکومەتی سووریا لە رەققە رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، رۆژی شەممە هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی رەققە تێکشکاندووە و هۆشداریی ئەوەشیان دا کە لەبەرامبەر دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە "دەستدرێژییانە دەستەوەستان نابن."
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمڕۆ هێزەکانمان لە بەرەی گوندی غانم عەلی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی رەققە رووبەڕووی هێرشێکی لەناکاو بوونەتەوە" و ئاماژەی بەوەشکرد، گرووپە هێرشبەرەکان "درۆنی بۆمبڕێژکراو و چەکی قورسیان" بەکارهێناوە.
هەسەدە جەختی کردەوە کە "ئەو هێرشە بێهوودەیەیان تێکشکاندووە" و ئاماژەی بەوەش کرد، پێکدادانەکان بوونەتە هۆی برینداربوونی سێ لە شەڕڤانەکانیان بە "سووکی"، هەروەها "برینداری پشتڕاستکراوە لە ریزەکانی گرووپە دەستدرێژیکارەکاندا" تۆمارکراوە.
راگەیێندراوەکە سرووشت و ناسنامەی گرووپە هێرشبەرەکانی بە وردی رووننەکردووەتەوە و تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە "گرووپی سەر بە حکومەتی دیمەشقن."
هەسەدە دەڵێت، ئەم جۆرە هێرشانە "سووربوونی ئەو لایەنانە لەسەر بردنەپێشەوەی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی و پووچەڵکردنەوەی هەموو هەوڵەکانی پاراستنی سەقامگیری" دەسەلمێنێت.