سەرچاوەیەک: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەند کاژێرێک مۆڵەتی داوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە سووریا
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک بە رۆژنامەیەکی لوبنانی راگەیاندووە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تاوەکو کاژێر 6ـی بەیانیی یەکشەممە مۆڵەتی داوەتە هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ راگرتنی شەڕ.
بەپێی سەرچاوەکە، شەڕ و پێکدادانەکان دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەی "تەبقە" لە رەققە دەوەستن، کە دەکەوێتە رۆژئاوای رووباری فوڕات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای سووریا ناوچەکانی رۆژئاوای فوڕاتی کۆنترۆڵ کردووە، ئەوەش دوای گرتنی ناوچەکانی دێر حافر، مەسکنە، فڕۆکەخانەی سەربازیی جەراح و ناوچەی دبسی عەفنان.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، کە سوپای سووریا هاوکات لەگەڵ هێرشکردنە سەر ناوچەی تەبقە، دەستی بە چوونە ناو شاری "سەبخە" لە شاری رەققە کردووە.
لە بەیانیی ئەمڕۆوە، شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپەکانی، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سنووری شارەکانی دێرحافر و مەسکەنە دەستیپێکردووە.
ئەم شەڕە چەند کاژێرێک دوای بڕیارەکەی مەزڵووم عەبدی هات بۆ کشانەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات. بەڵام هەردوولا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
هەسەدە دەڵێت: هێزەکانی حکومەتی سووریا ناپاکییان لێکردوون و هێرشیان کردووەتە سەریان. هەسەدە، حکومەتی دیمەشق و هێزە نێودەوڵەتییەکانی بە "بەرپرسیاری تەواو"ی سەلامەتی و ژیانی شەڕڤانە گەمارۆدراوەکانی زانی و داوای کرد سەلامەتیان مسۆگەر بکرێت تاوەکو دەگەنە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، بەنداوی مەنسوورەیان لە نزیک شاری رەققە کۆنترۆڵ کردووە، ئەمەش دوای شەڕێکی قورس لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا) رایگەیاندووە، سوپاکە ئێستا "کەمتر لە 5 کیلۆمەتر" لە دەروازەی رۆژئاوای شاری رەققەوە دوورە.
سوپای عەرەبیی سووریا کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی تەبقەشی راگەیاند. هەسەدە راگەیێندراوی لەسەر ئەو بانگەشانە نەبووە.