سوپای سووریا دەڵێت فڕۆکەخانەی تەبقە و بەنداوی مەنسوورەی کۆنترۆڵ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، بەنداوی مەنسوورەیان لە نزیک شاری رەققە کۆنترۆڵ کردووە، ئەمەش دوای شەڕێکی قورس لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا) رایگەیاندووە، سوپاکە ئێستا "کەمتر لە 5 کیلۆمەتر" لە دەروازەی رۆژئاوای شاری رەققەوە دوورە.
سوپای عەرەبیی سووریا کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی تەبقەشی راگەیاند. هەسەدە راگەیێندراوی لەسەر ئەو بانگەشانە نەبووە.
بەنداوی مەنسوورە بۆ گرنگە؟
کۆنترۆڵکردنی ئەم بەنداوە زۆر گرنگە، چونکە بەشێکی سەرەکییە لە ژێرخانی سەر رووباری فورات، هەروەها کۆنترۆڵی زیاتری سەرچاوەکانی ئاو و رێگەکانی گواستنەوە دەداتە دەستی حکومەتی راگوزەری سووریا.
لە چەند هەفتەی رابردوودا چی روویداوە؟
سوپای عەرەبیی سووریا لەم دوو رۆژەی رابردوودا، کۆنترۆڵکردنی چەندین شوێنی گرنگی لە دەوروبەری رەققە راگەیاندووە، بەڵام هەسەدە ئەوە رەت دەکاتەوە.
میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، کە هێزەکانیان لە شاری تەبقە و فڕۆکەخانە سەربازییەکەی نزیک دەبنەوە.
هەڵوێستی هەسەدە چییە؟
هەسەدە دەڵێت، شەڕی قورس و تۆپباران بەردەوامە، بەڵام پێگە سەرەکییەکانیان، بەتایبەتی لە رەققە و تەبقە، هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە. هەروەها حکومەتی سووریا تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی پێشوو.
کاردانەوەی نێودەوڵەتی
ئەمریکا، کە هێزی لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە، داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە هێرشەکان رابگرن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ بۆ رێگریکردن لە شەڕێکی گەورەتر.
کاریگەری لەسەر خەڵکی سڤیل
نیگەرانییەکی گەورە هەیە لەبارەی کاریگەریی ئەم شەڕە لەسەر خەڵکی سڤیل. لە هەندێک ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە و باس لە ئاوارەبوونی خەڵک لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکرێت.
دۆخی ئێستا چۆنە؟
دۆخەکە لە کەناری رۆژئاوای رووباری فورات هێشتا ناجێگیرە و هەردوولا بەردەوامن لە جووڵەی سەربازی. زانینی راستیی گۆڕانکارییەکانی بەرەکانی شەڕ سەختە، چونکە رێگە نادرێت میدیا سەربەخۆکان بچنە ناوچەکەوە و هەردوولا زانیاریی دژبەیەک بڵاودەکەنەوە.