حکومەتی سووریا فرۆشتنی کحولی لە دیمەشق قەدەخە کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا رۆژی دووشەممە بڕیارێکی نوێی دەرکرد، تێیدا فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی تەنیا بۆ چەند گەڕەکێکی کریستیاننشین سنووردار کرد. 
 
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، فرۆشتنی هەر جۆرە خواردنەوەیەکی کحولی لە سەرجەم چێشتخانە و یانە شەوانەکانی ناو شاری دیمەشق قەدەخە کرا. بەرپرسانی شارەکە هۆکاری ئەم بڕیارەیان بۆ "زۆریی سکاڵای دانیشتووان" و "پاراستنی رەوشتی گشتی" گەڕاندەوە.
 
فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان تەنیا لە سێ گەڕەکی کریستیاننشینی (باب توما، قەسا و باب شەرقی) رێگەی پێ دەدرێت، ئەویش بەو مەرجەی؛ تەنیا لە ناو ئەو شوێنانەدا بێت کە مۆڵەتی بازرگانیی تایبەتیان هەیە. دەبێت خواردنەوەکان "کەپسکراو" بن. شوێنی فرۆشتنەکە لانیکەم 75 مەتر لە مزگەوت، کەنیسە، قوتابخانە و گۆڕستانەکان دوور بێت. لانیکەم 20 مەتر لە بنکەکانی پۆلیس و فەرمانگە حکومییەکان دوور بێت.
 
حکومەت مۆڵەتی سێ مانگی داوەتە خاوەن دوکانەکان تاوەکو خۆیان لەگەڵ ئەم رێسا نوێیانەدا بگونجێنن.
 
لەوکاتەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ـدا رووخاوە، دەسەڵاتە ئیسلامییە نوێیەکان بە فەرمی رێسای تووندیان بۆ ژیانی خەڵک رانەگەیاندبوو، بەڵام زنجیرەیەک بڕیاری پچڕپچڕ نیگەرانیی لای خەڵکی دروست کردووە، لەوانەش:
 
مانگی کانوونی دووەم: قەدەخەکردنی ماکیاژ بۆ فەرمانبەرانی ژن لە کەرتی گشتی.
 
ساڵی 2025: سەپاندنی جلی مەلەی داپۆشراو لە کەناراوە گشتییەکان.
 
مانگی ئایاری 2025: هێرشێکی خوێناوی کرایە سەر یانەیەکی شەوانە لە دیمەشق، کە ترسێکی زۆری لای خەڵک دروست کرد.