پارێزگاری حەسەکە بۆ رووداو: بودجە بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە تەرخانکراوە و کێشەی بێ ئاوی نامێنێت


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری حەسەکە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی پڕۆسەی یەکخستنی کارگێڕیی ناوچەکە و رێککەوتنە نوێیەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا ئاشکرا کرد. پارێزگاری حەسەکە رایگەیاند، حکومەتی سووریا بڕی یەک ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکانی حەسەکە، دێرەزوور و رەققە بۆ ساڵی 2026 تەرخان کردووە و پڕۆسەی یەکخستنی دامودەزگاکانیش چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.
 
نورەدین عیسا، پارێزگاری حەسەکە ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 40 تا 46 هەزار فەرمانبەری ئیدارەی خۆسەر لەنێو وەزارەتەکانی دەوڵەتدا دادەمەزرێندرێن و کەس لە کارەکەی دوورناخرێتەوە.
 
هەروەها مژدەی ئەوەی بە دانیشتووانی حەسەکە دا کە تاوەکو مانگی شەشی ئەم ساڵ، کێشەی بێئاویی شارەکە لە رێگەی کارپێکردنەوەی وێستگەی عەلۆکەوە چارەسەر دەبێت.
 
سەبارەت بە پێگەی کورد لە سووریای نوێدا، پارێزگاری حەسەکە گوتی، کورد لە هەموو جومگەکانی دەوڵەت پشکی دەبێت و ئێستا پۆستی جێگری وەزیری بەرگری و فەرماندەیی فیرقەکان بە کورد دراوە و ئەگەری وەرگرتنی پۆستی وەزیریش لە ئارادایە.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی ڤیڤیان فەتاح و نورەدین عیسا:
 
رووداو: لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان کە لەم دواییانەدا لە رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا روویاندا، رووداوەکان لەم چەند رۆژەی رابردوودا هەموو ناوچەکانیان لە رووی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە گۆڕی. بۆ ئەوەی بزانین دۆخی ناوچەکە بەرەو کوێ دەچێت، ئێستا میوانی نورەدین عیسا، پارێزگاری حەسەکەم. زۆر سوپاس بۆ ئەوەی کە لەگەڵمانی.
 
نورەدین عیسا: سەر چاوان، بەخێرهاتنتان دەکەین و لە دەستپێکدا ئێمە دەمانەوێ سوپاسی کەناڵی رووداو و تیمەکەی بە گشتی بکەین، کە لەم ماوەیەی دواییدا درێخیتان نەکرد. دیسان سوپاستان دەکەین.
 
رووداو:  بودجەیەکی تایبەت بۆ پارێزگای حەسەکە لە لایەن حکومەتی سووریاوە تەرخان کراوە یان دەستنیشان کراوە. دەکرێت بزانین بەشە بودجەی پارێزگای حەسەکە چەندە؟
 
نورەدین عیسا: پارێزگای حەسەکە تایبەتمەندی وەک ئەوانە دەبێت کە پێیان دەڵێن پارێزگاکانی رۆژهەڵات کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێ.حەسەکە، دێرەزوور، رەققە، تایبەتمەندییەکیان دەبێت لە رووی بودجەوە، چونکە داهات و خێر و بێری زیاتریان لایە. بۆیە ئەم بابەتە لە گفتوگۆدایە و بڕیار وایە تیمێکی تایبەت هەبێت و بڕە پارەیەک هەبێت بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکە. ئەمە گوتراوە و وەک دەستپێکیش لە لایەن جەنابی سەرۆک ئەحمەد شەرعەوە گوتراوە کە یەک ملیار بۆ پارێزگاکانی رۆژهەڵات هەبێت بۆ ئەوەی دەسپێبکەن لەم ساڵدا.
 
رووداو: یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی؟
نورەدین عیسا: بەڵێ.
 
رووداو: تەنیا بۆ پارێزگای حەسەکە؟
نورەدین عیسا: نەخێر، بۆ هەرسێ پارێزگای رەققە، دێرەزوور و حەسەکە.
 
رووداو:  بۆ ساڵێک دەستنیشان کراوە ئەم پارەیە؟
نورەدین عیسا: راستە بۆ دەستپێکی ئەم ساڵە 2026.
 
رووداو: هەموو کەسێک دەزانێت لە پارێزگای حەسەکە زۆر کێشەی خزمەتگوزاری هەیە. ئەگەر مرۆڤ لە رێگەوبان دەستپێبکات تاوەکو دەگاتە پرسی ئاو و کارەبا. چ پڕۆژەیەکی ئێوە دەبێت کە لە ماوەی ساڵێکدا بتوانن ئەنجامی بدەن؟ باس لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەکەم کە بتوانن بۆ خەڵکی بکەن؟
 
نورەدین عیسا: وەک پارێزگای حەسەکە، وەک دەتانزانی ئەم هەموو ساڵە پێشتر هەیكەلێک هەبوو وەک ئیدارەی خۆسەر کاریان دەکرد بە هەموو توانای خۆیانەوە، بەڵام وەک دەزانن دوای رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، ئێمە لەم قۆناخەدا بەرەو پێش دەچین و دەمانەوێ یەکخستن بکەین لەنێوان هەیکەلی کارگێڕی و هەیکەلی نوێی لێ دەربکەین بۆ ئەوەی بتوانین بۆ پێداویستییەکانی گەل دابین بکەین. ئەم ماوەیە رۆیشتووە و ئێستا لە هەنگاوی کرداریداین. یەکێک لە بەرنامە سەرەکییەکەمان ئەوەبوو کە بتوانین بیکەین، راستە بابەتی یەکەم لای ئێمە ئاوی حەسەکە بوو. وەک هەمووتان دەزانن، حەسەکە لە 2019وە بێ ئاوە وەک شارێکی گەورە و نزیکەی ملیۆنێک مرۆڤ ئاوی خواردنەوەی دەست ناکەوێ. ئێمە هەوڵماندا نزیک بێتەوە لە کاراکردنەوە و وێستگەی عەلۆک بخرێتەوە کار. بە رەزامەندیی وەزارەتی کارەبا، ئێستا کارەبای بۆ دابین کراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش وەک خاچی سووری نێودەوڵەتی ئەویش بەرپرسیارێتی گرتووەتە ئەستۆ کە وێستگەی عەلۆک بخەنە خزمەتەوە و ئامادەی بکەن بۆ خزمەتگوزاری و ئاوەدان بکرێتەوە.
 
رووداو: کەی دەخرێتەوە کار؟
 
نورەدین عیسا: ئێمە بڕوامان وایە زۆری پێناچێ، بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێمە مانگی شەش ئاو دەگاتەوە حەسەکە. بەڵام کارەبا زۆر بە زوویی خەریکە تەواو دەبێت، هێڵێکی فریاگوزاریمان بۆ راکێشاوە لە دێرەزوورەوە بۆ وێستگەی گواستنەوە، ئەویش دەستەی کارەبای حکومەت کاریان لەسەر کردووە بە هاوکاری وەزارەتی وزە. ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە و لیژنەیەک کار دەکات بۆ ئەوەی هێڵێکی دیکەی سەرەکی لە بەنداوی تشرینەوە بگاتە وێستگەی عەلۆک. بۆیە پرسی ئاو بۆ حەسەکە بە راستی بابەتی یەکەم بوو بۆ ئێمە بە گشتی. بابەتێکی دیکە بابەتی خوێندنە کە هەنگاوی بۆ دەنرێت. پاشان پرسی تەندروستی و نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان باشتر بن و پزیشک دابین بکرێت، ئێمە لەسەر ئەوەش کار دەکەین. پرسی شارەوانییەکان و خزمەتگوزاری رێگاوبان و پاککردنەوە، ئەویش لە قۆناخی کۆتاییدایە و هەندێک دواکەوتووە، بەڵام گەیشتووەتە هەنگاوی کۆتایی. سەرۆکی شارەوانییەکان و هەیکەلی نوێیان بۆ دادەنرێ بۆ ئەوەی دەستپێبکەن بە کارەکانیان، ئەوەش لەم رۆژانەدا دەبێت.
 
رووداو: باسی پڕۆسەی یەکخستنەوەت کرد. ئەوە زۆر دۆسیە دەگرێتەوە. ئێستا گەیشتووەتە چ ئاستێک؟ ئەو کاتەی دەستنیشان کراوە یان دانراوە لەبەردەمتان، کە لەم ماوەی کاتییەدا بە تەواوی یەکخستن بکرێ و دامودەزگاکان ببنە یەک لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی سووریا، کەیە؟ خەڵک دەپرسن چارەنووسی بەڕێوەبەریی خۆسەر چی لێدێت؟
 
نورەدین عیسا: کاتێک وەک رۆژ و مانگ دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لەسەر کارەکانین کە زۆر بە زوویی تەواو بن. بۆچی ئەم پڕۆسەی یەکخستنە؟ بۆ خزمەتی پارێزگاکە و خەڵکی خۆمان و هاووڵاتییان. بۆیە هەنگاوی باشمان ناوە و تێدەپەڕین. لە هەموو لایەکەوە، لە لایەنی سەربازییەوە هەنگاوی باش نراوە، لە لایەنی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی ناوخۆ هەنگاوی باش نراوە و هەیکەلیان بۆ دروست دەکرێ بە رەنگێکی نوێ. دەمەوێت ئەم خاڵە روون بکەمەوە: مەبەست لەوە نییە کە لایەنێک تیابچێت یان نەمێنێت، وەک لەملا و لەولا دەگوترێت "ئیدارەی خۆسەر نەما". ئیدارەی خۆسەر نەما بەڵام بووە بەشێک لە دەوڵەت، بووە بەشێک لە شتێکی گەورەتر. لەبری ئەوەی بەڕێوەبەر بێت لە نێو ئیدارەی خۆسەردا، دەبێتە بەڕێوەبەری حکومی لە ئاستی پارێزگادا.
 
رووداو: ئەی بابەتی بڕیاردان؟ ئایا خەڵکی لێرە یان ئەم دامودەزگایانە سەربەخۆ دەبن لە بڕیاردان یان بڕیاریان لە دیمەشقەوە بۆ دێت؟ چونکە خەڵک دەڵێن هیچی کورد نامێنێت، بابەتی بڕیاردان چۆن دەبێت و تاوەکو چەند سەربەخۆ دەبن؟
 
نورەدین عیسا: دەمەوێت ئەم خاڵە بە روونی بڵێم. چ کورد بین یان هەموو پارێزگای حەسەکە، ئێمە بەشێکین لە سووریا. کوردیش وەک هاووڵاتی عەرەب و مەسیحی هەموو کەس رۆڵی خۆی دەبینێت، بەپێی توانای خۆی. کورد ئێستا زیاتر لە پێش چاوە لەم بابەتەدا، ئەگەر بەڕێوەبەر بێت لە نێو پارێزگای حەسەکەدا، دەتوانێت وەزیر بێت لەسەر ئاستی هەموو سووریا. بۆیە سەربەخۆیی بڕیار، ئێمە گوتمان ئێمە بەشێکین لە هەموو سووریا، لە ناویدا سەربەخۆیی هەیە بەپێی دەسەڵاتەکان. دەسەڵاتە ئیدارییەکان فراوان کراون، بڕوام وایە ئەمە دەستکەوتە نەک شتێکی خراپ بێت.
 
رووداو: ئەی هەموو فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری حکومەت؟ ئەگەر هەیکەلەکە بگۆڕدرێ، بەڵکو پێویست بەو هەموو فەرمانبەرانە نەبێت، ئایا هەندێک دەردەکرێن و هەندێکی دیکە دادەمەزرێنەوە؟
نورەدین عیسا: بە گشتی لەنێو رێککەوتنەکەدا، هەموو فەرمانبەرانی ئیدارەی خۆسەر دەچنە نێو دامودەزگاکانی حکومەت و وەزارەتەکانەوە. کەس دوورناخرێتەوە، ئەوە دەکەوێتە سەر توانای ئەو و بڕوانامەکەی. ئێمە لە هەیکەلی حکومەتدا پۆلێنکردنی وەزیفیمان هەیە. یەکێک دەڵێت زانکۆی تەواو کردووە و دەبێتە پلەی یەکەم، ئەوەی خوار ئەو بێت دەبێتە پلەی دووەم، سێیەم، چوارەم تاکو پلەی پێنجەم، تەنانەت ئەوەی بڕوانامەشی نەبێت جێگەی خۆی بۆ دەدۆزرێتەوە. بۆیە بوار هەیە بۆ هەموو کەس کە جێگەی خۆی بگرێتەوە
 
رووداو: ژمارەی ئەو کەسانە چەندە؟ چ لە کەرتی سەربازیدا بێت یان مەدەنی؟
 
نورەدین عیسا: وەک پێشتر گوتمان، نزیکەی 40 هەزار بوو، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم لە نێوان 40 بۆ 45 یان 46 هەزار فەرمانبەر جێگەیان دەبێتەوە لە نێو هەموو دامەزراوە خزمەتگوزارییەکاندا.
 
رووداو:  ئەوانەی پێشتر فەرمانبەر بوون لە ناوچەکە، چارەنووسی ئەوان چ دەبێت؟
 
نورەدین عیسا:  لەم پرسەدا نەک تەنیا ئەوان، نە ئەو فەرمانبەرە کۆنە دەچێت، نە فەرمانبەری ئیدارەی خۆسەر دەچێت، تەنانەت ئەو کەسانەی پێش ئەم ئان و ساتە دەرکرابوون بە هۆکاری سیاسی یان ئەمنی یان هەر شتێک بێت لە لایەن رژێمی پێشووەوە، ئەوانەش دەرفەتیان هەیە بگەڕێنەوە. بۆیە کەس لەسەر حیسابی کەس نییە، هەموو بەپێی تواناکانیان جێگەی خۆیان دەگرن.
 
رووداو: پڕۆسەی یەکخستنەکە باش دەڕوات هەتاکو ئێستا؟
 
نورەدین عیسا: هەتا ئێستا بە ئەرێنی دەڕوات، هەندێک کێشە و ئاستەنگ دەردەکەون، بەڵام نەک ئاستەنگی وا کە کارەکە بوەستێنێت.
 
رووداو: لە رووی سەربازییەوە کەی دەبنە بەشێک لە سوپای حکومەت؟
 
نورەدین عیسا:  ئەوەش بەباشی دەڕوات، کە لەسەر ئاستی پارێزگای حەسەکە سێ لیوا دەبن لەنێو فیرقەیەکدا. زۆر دامەزراندنیش دەرچووە، وەک جێگری وەزیری بەرگریی ناوچەی رۆژهەڵات کە لە حەسەکە بوو، سەرۆکی فەرمانگەی فەرماندەیی حەسەکە، جێگری فەرماندەی فیرقەش لە حەسەکە، ئەم دامەزراندنانە هەموویان کراون و هەیکەلی خۆیان دروست دەکەن و هەنگاو بە هەنگاو دەچنە ناو یەکدی.
 
رووداو: باس لەوە دەکرێت کە یاریدەدەرێکی وەزیری دەرەوەش لە ناوچەکە یان کوردێک دەستنیشان دەکرێت، شتی وا هەیە؟
نورەدین عیسا: وەک ئیدارەی خۆسەر بە فەرمانبەر و بەڕێوەبەرانییەوە، پێشتر لە ئاستی پارێزگای حەسەکەدا بوون، بەڵام لەم رێککەوتنەدا رێگەمان کردەوە کە دەبێت وەزیریش بن، نەک تەنیا یاریدەدەری وەزیر بن. دەرفەت کراوەتەوە کە لە هەموو پلە و پۆستێکدا بن لە ناو دەوڵەتی سووریادا. وەزیر و یاریدەدەری وەزیر ئەمانە هەمووی پۆستی وەزیفین و رێگە کراوەتەوە.
 
رووداو: دەکرێت؟ ئەگەر ئەگەر هەبێت؟
 
نورەدین عیسا: راستە.
 
رووداو: کەسێک هەیە دانراوە یان دەستنیشان کرابێت؟
 
نورەدین عیسا: وەک گوتم ئێمە وەک یەکپارچەیی کاردەکەین و بووینە بەشێک لە هەیکەلی دەوڵەت وەک گشتی. وەک دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر. تەنیا لە حەسەکە نابێت، هەموو سووریا دەگرێتەوە.
 
رووداو: لە ماوەی رابردوودا ئاوارەکانی عەفرین کە ژمارەیەکی زۆر بوون گەڕانەوە، 700 تا 800 خێزان گەڕاونەتەوە لەم دواییانەدا، کاروانی ئەوان چۆن دەبێت؟
 
نورەدین عیسا: وەک بۆ عەفرین، پێش دوو رۆژ کاروانێکیان رۆیشت و چارەسەر بووە. پڕۆگرامێکی بۆ دانراوە کە رێگاکان ئاسان بکرێن و هاوئاهەنگی لەنێوان پارێزگای حەلەب و لایەنی عەفرین بکرێت بۆ ئەوەی رێگاکان بکرێنەوە. هەر کەسێک بیەوێت بگەڕێتەوە کارەکە هەیە و وەک کاروانیش دەڕۆن.
 
رووداو: ئیدی کاروان نامێنێت؟
 
نورەدین عیسا: وایە، ئیدی وەک کاروان نامێنێت و هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت بڕوات.
 
رووداو: ئەی بۆچی لە سەرەتاوە وەک کاروان دەستیپێکرد؟
 
نورەدین عیسا:  بۆ دڵنیایی بوو. ئێستا لیژنەیەک کار دەکات بۆ ئەوەی هەر کەسێک لە عەفرینەوە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی و لە هەردوولا کار دەکەین. هەر ئاوارەیەک لە سووریادا کە بیەوێت بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی.
 
رووداو: ئەی گەڕانەوە بۆ سەرێکانی؟ کەی خەڵک دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟
 
نورەدین عیسا: لە سەرێکانییش کار بۆ ئەویش دەکرێ، لیژنەکان چوونەتە سەرێکانی و خەڵکی ئەوێش هاتن. وەک چۆن ئاوارە لە عەفرین هەبووە، ئاوارەش لە سەرێکانی و حەسەکە هەیە، ئێستا لیژنەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی هەر کەسێک لە سەرێکانییە ئەویش بە دڵنیایی و بە ئارامی بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی. گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانەی ئێستا لە سەرێکانین دەکرێت بۆ ئەوەی بە ئارامی خەڵکەکە بگەڕێنەوە. بڕوام وایە گەڕانەوە بۆ سەرێکانییش زۆر دوور نییە.
 
رووداو: باسی خوێندن بکەین، پرۆسەی خوێندن یەکێک لە بابەتە گرنگەکان بوو کە کێشەی بۆ دروست ببوو، خوێندن کەی دەستپێدەکات و چۆن دەبێت؟
 
نورەدین عیسا: خوێندن بۆ ئەم ساڵ رێکخراوە بۆ هەموو قوتابییانی ناوچەکە. هەوڵ دەدەین ساڵی داهاتوو ساڵێکی تەندروست بێت و هەموو شتێک ئامادە بێت لە رووی لۆجیستی و ستافی وانەبێژ و هەموو شتێک. بەڵام ئەم وەرزە کەمێک زەحمەت بوو بۆ قوتابخانەکانی ناوچە ئاوارەنشینەکان. ئێستا خەریکی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانین بۆ ساڵی داهاتوو.
 
رووداو: وانەی زمانی کوردی دەبێتە وانەیەکی تایبەت؟ چۆن دەبێت؟
 
نورەدین عیسا: وانەی زمانی کوردی ئەنجامی مەرسوومی 13یە. بەڵام بۆ ئێمە وەک گشتی ئەمە هەنگاوێکە بۆ کورد، بۆ مافی زمان، بەڵام بەس نییە. هەوڵ دەدەین و کار دەکەین بۆ ئەوەی شتی باشتر بکرێت و هیوادارین بچێتە پێشەوە.
 
رووداو: بەڵام حکومەت هەتا ئێستا تەنیا وانەیەکی داناوە بۆ زمانی کوردی؟
 
نورەدین عیسا: راستە و بڕیارەکە وا هاتووە، بەڵام گفتوگۆ و لیژنەکان کار دەکەن بۆ هەموو پڕۆگرامەکە. لە وەزارەتی پەروەردە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و هەوڵ هەیە بۆ شتی باشتر.
 
رووداو: فەرماندەی گشتیی هەسەدە مەزڵووم عەبدی گوتی 1700 کەس لای حکومەت زیندانین و دەستگیرکراون لە شەڕی دێرەزوور و حەسەکە و دەوروبەری، پێشتر 100 ئازاد کران، دواتر 200، دواتر 300 و 400. وایە؟ ئایا 200ی تر ماون؟
 
نورەدین عیسا: بە گشتی ژمارەکە بڕوام وایە لە نێوان 200 بۆ 300 کەس بێت، لیژنەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی تەواو بێت و زیندانی نەمێنێت لە هەردوولا.
 
رووداو: باسی ئافرەتە زیندانییەکانیش دەکرێت؟
 
نورەدین عیسا: بەڵێ، لیژنەکان کار دەکەن و هەر کەسێک بێسەروشوێن بێت بێت، دۆسیەکەیان لای لیژنەکەیە بۆ ئەوەی چارەنووسیان روون بێتەوە.
 
رووداو: دەچینە سەر پرسی هەڵبژاردن، هەڵبژاردن کەی دەکرێت لە حەسەکە و کۆبانی؟
 
نورەدین عیسا: دەبێ هەفتەی داهاتوو لیژنەکان بێن و کار بکەن، کاتەکە جارێ دیار نییە، بەڵام دەبێت هەبێت. حەسەکە 10 کورسی دەبێت لە پەرلەماندا و هەمووی بە دەنگدان دەبێت.
 
رووداو: ئەم 10 کورسییە هەمووی بە دەنگدان دەبن؟ چونکە لە سیستەمی سووریا 70%ی کورسییەکان بە دەنگدانن و 30%ی لە لایەن سەرۆکایەتییەوە دەستنیشان دەکرێن. ئایا ئەو 10 کورسییەی حەسەکە هەمووی بە دەنگدان دەبن؟
 
نورەدین عیسا: نەخێر، ئەو 10 کورسییە بەپێی سیستەمی هەڵبژاردن دەبێت کە لە هەموو شارەکان وەک یەکە، ژمارەیەک هەڵدەبژێردرێن و لە ناو ئەو ژمارەیەدا ئەو کەسانە دەردەچن.