وەزیری بەرگریی سووریا دەڵێت 'هەموو یەکینە سەربازییەکان' لە ژێر چەتری وەزارەتدا یەکخران

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی سووریا لە زاری وەزیری بەرگریی وڵاتەکەوە رایگەیاند، "هەموو" گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق، چوونەتە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەوە. 
 
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا. رایگەیاندووە: "هەواڵی یەکخستنی تەواوی یەکینەکان لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریی سووریا بە گەلی شکۆمەندمان رادەگەیێنین."
 
ئەگەرچی وەزیرەکە سەرەتا دەڵێت "هەموو یەکینەکان" بوونەتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری، لە دێڕێکی دیکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێ گرووپ هێشتا ماون، بۆیە مۆڵەتی 10 رۆژیان پێدەدات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتەکەوە بکەن، ئەگەر نا هەڕەشەی "گرتنەبەری رێکاری گونجاو" لە بەرامبەریان دەکات. 
 
ئەبو قەسرە دەڵێت: "جەخت لە پێویستیی هاتنی گرووپە چەکدارە بچووکەکانی دیکە بۆ نێو وەزارەت دەکەینەوە، لە ماوەی ئەوپەڕی 10 رۆژ لە دوای ئەم راگەیێندراوە." هۆشداریشدەدات کە "هەر دواکەوتنێک وادەکات بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان رێکاری گونجاو بگرینەبەر."
 
وەزیرەکە ئاماژەی بە چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نەکردووە، کە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە. 
 
گرووپە چەکدارەکان بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 کۆتاییان بە دەسەڵاتی نیو سەدەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا. 
 
ئێستا کە حکومەتێکی راگوزەریان پێکهێناوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕێی چاکسازی و گەرەنتیکردنی پاراستنی یاسا و ئاسایشیان لێدەکات، کە ئەوە مەرجێکی لابردنی گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانی سەر وڵاتەکەیە. 
 
لە دوایین پێشهاتدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە، 14ـی ئەم مانگە بە نێوەندگیریی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا کۆبووەوە و بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکانی پێدا. 
 
یەکێک لە داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتەکەی شەرع، کردنەدەرەوەی گرووپە چەکدارە بیانییەکانە لە سووریا، لە نێویاندا چەکدارانی فەلەستینی. 
 
قامشلۆ و دیمەشق تاوەکو ئێستا لەسەر چارەنووسی هەسەدە رێککنەکەوتوون کە خاوەنی زیاتر لە 100 هەزار شەڕڤان و هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکایە لە شەڕی دژی سەرهەڵدانەوەی داعش. 
 
هەسەدە و دیمەشق لە 10ـی ئاداری ئەم ساڵ، رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بخرێنە سەر حکومەتی نوێی سووریا، لە بەرامبەر داننان بە مافەکانی کورد. 
 
خاڵی ناکۆک ئەوەیە کە هەسەدە داوا دەکات وەک هێزێک بەم تایبەتمەندی و پێکهاتەیەی کە ئێستا هەیەتی، بکرێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری، بەڵام دەسەڵاتدارانی سووریا داوا دەکەن هێزەکە هەڵبوەشێنرێتەوە و شەڕڤانان تاک تاک ببنە ئەندامی وەزارەتەکە.