چیرۆکی ئەو پیاوە بەساڵاچووەی سمێڵی تاشرا چییە؟ لە ژیاندا ماوە؟
رووداو دیجیتاڵ
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی، شێخێکی بەتەمەنی دروز لەلایەن چەند چەکدارێکەوە سووکایەتی پێدەکرێت و سمێڵی دەتاشرێت. دوای ئەوەی بنەماڵەکەی پەیوەندییان لەگەڵیدا نامێنێت، دەڵێن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نەناسراویان پێگەیشتووە و پێی راگەیاندوون کە گیانی لەدەستداوە.
گرتە ڤیدیۆکە لە پارێزگەی سوەیدا لە کاتی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریادا تۆمارکراوە و تووڕەییەکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.
پیاوەکەی ناو ڤیدیۆکە ناوی شێخ مورهەج شاهینە و تەمەنی 80 ساڵە. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەردەکەوێت، کاتێک پیاوێک بە جلی سەربازییەوە دەستی دەخاتە سەر سەری و بە دەستەکەی دیکەی سمێڵی دەتاشێت.
کریستین شاهین، کچەزای شێخەکەیە و لە بەیروت رۆژنامەڤانە، گوتی: "ڤیدیۆی باپیرەم نزیک کاژێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە بڵاوبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی چوونە ناو گوندەکەمان، سالا، کە نزیکەی 12 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری سویداوە دوورە."
ئەو گوتی: "باپیرەم پیاوێکی ئاشتیخواز بوو. کاتێک هێزەکانی حکومەت هێرشەکەیان دەستپێکرد، خەڵکی گوندەکە رایانکرد و ئێمە تکامان لێکرد بڕوات، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر مانەوە بۆ ناشتنی کچەزایەکی، کە رۆژی دووشەممە بە تەقەی نیشانەشکێنێک کوژرا بوو."
کریستین باسی لەوەش کرد: "ڤیدیۆی باپیرەمیان تۆمارکرد و بڵاویانکردەوە، وایان نیشاندا کە وازیان لێهێناوە، بەڵام ئێمە بۆ چەندین کاژێر پەیوەندیمان لەگەڵیدا نەما. پوورم چەندین جار هەوڵیدا پەیوەندیی پێوە بکات و نزیک کاژێر 8:00ـی شەو، کەسێک وەڵامی پەیوەندییەکەی دایەوە و بە گاڵتەپێکردنەوە پێی گوتبوو، گەیشتە کۆتایییەکەی."
دوای ئەوەی بنەماڵەکە هەواڵی گیانلەدەستدانی شاهینیان بڵاوکردەوە، پەیوەندییان پێوەکراوە و پێیانگوتراوە کە بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە. کریستین هێزەکانی حکومەتی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی "شاردنەوەی کردەوەکانیان" دەدەن. هەروەها مام و ئامۆزایەکیشی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادیارە.
ئەم رووداوە بەشێکە لە زنجیرە تووندوتیژییە خوێناوییەکانی چەند رۆژی رابردووی پارێزگەی سوەیدا. دوای بڵاوبوونەوەی هێزەکانی حکومەت لە ناوچەکە، دانیشتووان و روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باسیان لە کوشتن، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و تاڵانکردنی ماڵ و دووکانەکان کردووە.
شتەکان تاوەکو ئێستا چۆنن؟
دەستپێکی ئاڵۆزییەکان: پێکدادان لە نێوان هۆزە بەدەوییەکان و چەکدارانی دروز دەستی پێکرد، دواتر حکومەتی سووریا بە بیانووی گەڕاندنەوەی ئارامی هێزی رەوانەی ناوچەکە کرد.
تۆمەتبارکردنی هێزەکانی حکومەت: شایەتحاڵان و گرووپە دروزەکان دەڵێن، هێزەکانی حکومەت شانبەشانی دەشتەکییەکان دژی دروز شەڕیان کردووە.