هەسەدە: لە ئۆپەراسیۆنیکدا 12 داواکراو و گومانلێکراوی داعشمان دەستگیرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە، لە شارۆچکەی غەرانیج ئۆپەراسیۆنێکیان کردە سەر شانە نووستووەکانی داعش و 12 داواکراو و گومانلێکراوی پەیوەندیدار بە گرووپەکەیان دەستگیرکرد. 
 
رۆژی شەممە، 16ـی ئابی 2025، نووسینگەی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور کە سەر بە هەسەدەیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژنان کراوە. دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سەر "شانەکانی داعش بووە کە لەم دواییانە هێرشەکانیان زیادکردبوو" بۆ سەر ناوچەکە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا "12 گومانلێکراو و داواکراوی پەیوەندیدار بە شانە نووستووەکانی داعش دەستگیرکران".
 
هەسەدە دەڵێت، "ئەوان پلانیان بۆ هێرشی تیرۆریستی دژی هێزە ئەمنییەکان، خەڵکی سڤیل و ناوەندە گرنگە ئەمنییەکانی ناوچەکە دانابوو". 
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات لایەنی سەربازی دەسەڵاتی خۆسەرە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دەکرێن. 
 
رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە ئاماری ئۆپەراسیۆنەکانی لە ساڵی 2024 دژی داعش بڵاوکردەوە. 
 
هەسەدە رایگەیاند، 98 ئۆپەراسیۆنی بۆسەر پێگەکانی داعش کردووە و 17 کەسی لە رێکخراوەکە کوشتوون کە شەشیان سەرکردە بوون. هەروەها 278 چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنیدا گرتووە. 
 
لەبارەی هێرشەکانی داعشیش بۆ سەر هێزەکە، هەسەدە باس لەوە دەکات، پار داعش 113 هێرشی کردوەتە سەر هێزەکانی و پێشوەختەش 43 هێرشی ئەو رێکخراوە پەڕگیرەی شکست پێهێناوە.