تەقینەوەیەک حەلەبی هەژاند
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمیی سووریا رایگەیاند، دەنگی تەقینەوەیەک لە شاری حەلەب لە باکووری ئەو وڵاتە بیستراوە و هۆکارەکەی نادیارە.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سووریا دەڵێت، تەقینەوەکە لەنزیک نانەواخانەیەک بووە لە گەڕەکی میەسەر و "زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقینەوەکە خۆکوژییە."
سانا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاسایشی نێوخۆی حەلەبەوە ئاماژەی بەوە کرد، کەسێکی نەناسراو بە پشتێنی بۆمبڕێژکراوەوە خۆی تەقاندووەتەوە، تەنیا خۆی مردووە و زیان بەر خەڵکی دیکە نەکەوتووە.
دەشڵێت: "دەزگا ئەمنییەکان کار لەسەر ئاشکراکردنی ناسنامەکەی دەکەن."
داعش جار جارە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشق و سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەروەها حکومەتی راگوزەری سووریا چەندین جار رایگەیاندووە کە هێرشی ئەو رێکخراوەیان پووچەڵکردووەتەوە.
هێرشەکانی داعش لە ماوەی رابردوودا، زیاتر بۆسەر حەلەب و ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوون، بەڵام بەمدواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر دێرزووریش لەسەر سنووری عێراق زیاد کردوون.