جەنگی نێوخۆی سووریا.. ئەكتەرەكانی و هاوسەنگییەكانی هێز


لە 15ی ئاداری 2011ەوە گۆڕەپانی سووریا لە جەنگێكی نێوخۆییدا دەكوڵێت. دەیان هەزار چەكداری سووری و بیانی كە دابەشبوونەتە سەر چەندین لیوا و كەتیبەی جیاجیا، لە دژی رژێمی دەسەڵاتدار، یان لەدژی یەكتر دەجەنگن. لە بەرامبەریشدا چەندین هێز و گرووپ بەرگرییەكی سەرسەختانە لەمانەوەی رژێمی سووریا دەكەن.

توێژینەوەیەك كە لەبارەی هێزە بەشەڕهاتووەكانی ناو ئەو وڵاتە كراوە، بەرچاومان زیاتر روون دەكاتەوە لەبارەی قەبارەی مەزەندەكراوی هەریەك لەو هێزانە و هاوسەنگییەكانی هێز لەسەر گۆڕەپانی سووریا.

ئەنجامدەرانی توێژینەوەكە: لینا سنجاب ـ دەیڤد گریتن- جێمس لونگمان ـ فەیسەڵ ئەرشید

رێبەری ئۆپۆزیسیۆنی چەكدار لە سووریا

ئۆپۆزیسیۆنی چەكدار ژمارەیەك هێز و گرووپ لەخۆدەگرێ كە دیارترینیان سوپای ئازادی سووریایە و لەنێو ئەم سوپایەشدا چەندین لیوا و كەتیبەی جیاجیا هەن. لەدوای ئەوانیش گرووپە سەربەخۆكان، ئینجا گرووپە جیهادییەكان و هێزە كوردییەكان دێن.

هاوپەیمانییە  سەرەكییەكانی شۆڕشگێڕان

 یەكەم : ئەنجوومەنی باڵای سەربازیی سوپای ئازاد

مانگی ئابی 2011، ژمارەیەك فەرماندە و ئەفسەر و سەرباز كە لە رژێمی سووریا جیاببوونەوە، لە توركیا سوپای ئازادیان دامەزراند و عەقید ریاز ئەسعەد بوو بە فەرماندەی ئەم سوپایە.

زۆر لە گرووپە چەكدارەكان لەسەرانسەری وڵاتدا ئاڵای سوپای ئازادیان بەرز كردەوە، بەڵام فەرماندەیی سوپای ئازاد لە مەیداندا كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبوو. بۆیە پاڵپشتیكارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە رۆژئاوا و وڵاتانی كەنداو هەوڵەكانیان خستەگەڕ بۆئەوەی فەرماندەییەكی ناوەندی بۆ چەكدران دابنێن. لە كانوونی یەكەمی 2012 ژمارەیەك لە گرووپە چەكدارەكان چوونە نێو ریزەكانی ئەنجوومەنی باڵای سەربازی كە تازە دامەزرابوو، لیوا سەلیم ئیدریس سەرۆك ئەركانی ئەو ئەنجوومەنە دەیویست بیكاتە ئەلتەرناتیڤی بەهێزی گرووپە جیهادییەكان.

هاوپەیمانی نیشتیمانیی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن لیوا سەلیم ئیدریس بە فەرماندەی سوپای ئازاد دەناسێت، لەكاتێكدا چاودێران دەڵێن سوپای ئازاد تەنیا تۆڕێكی هەڵوەشاوەی گرووپە چەكدارەكانە نەك هێزێكی یەكگرتووی شەڕكەر. بەڵام لە رووی تیۆرییەوە گرووپ و لیواكان راپۆرت بۆ لیوا ئیدریس بەرز دەكەنەوە، ئەگەرچی لیوا ئیدریس دەسەڵاتی بەسەر ئۆپەراسیۆنەكاندا نییە، بەڵكو بە كردەوە وەكو گوتەبێژی فەرمی یان نێوەندكاریكی گەیاندنی چەك و پارە وایە.لیواكانی ژێر چەتری ئەنجوومەنی باڵای سەربازی شوناس و فەرماندەیی سەربەخۆیان هەیە، تەنانەت هەندێكیان كار لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكانی وەك بزووتنەوەی ئەحراری شام و جیهادییەكانی سەر بە قاعیدە دەكەن.

گرووپەكانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای سەربازی:

ا ـ لیواكانی (شهداء سوریە) 

فەرماندە: جەمال مەعروف 
ژمارەیان 7000 چەكدار

ئەم گرووپە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2011 لە ئیدلب دامەزرا، ئەوكاتە ناوی لەخۆی نابوو “شهداء سوریە جبل زاویە”، بەڵام سەرباری گۆڕینی ناوەكەی بۆ لیواكانی (شهداء سوریە) وەك هەوڵێك بۆ فراوانكردنی چالاكییەكانی، هێشتا نەیتوانیوە لە بازنەی باكووری رۆژئاوای سووریا دەرباز بێت، ئەمەش بە پێچەوانەی گرووپی “صقور الشام” كە لە هەمان ناوچە سەری هەڵدا و ئێستا هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی دەدات. بەپێی راپۆرتەكان لیواكانی (شهداء سوریە) پەیڕەوی هیچ ئایدیایەك ناكات.

ب ـ لیوای (عاصفە الشمال)

ئەمەیان گرووپێكی ئیسلامییە لەنێو سوپای ئازاددا و دەستیگرتووە بەسەر دەروازەیەكی سنووری لە نێوان سووریا و توركیا، لە ماوەی رابردووشدا كاتێك چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام دەیانویست بچنە شارۆچكەی ئەعزازەوە، ئەم لیوایە رێگەی نەدان، بۆیە شەڕێكی سەخت لە نێوانیادا بەرپا بوو.

ج ـ لیوای (احرار سوریە)

ئەم لیوایە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای سەربازییە و لەلایەن عەقید قاسم سەعدەدینەوە دامەزراوە كە فڕۆكەوانێكی پێشووی هێزی ئاسمانیی سووریا بووە و بەڕەچەڵەك خەڵكی رستنە.

2 ـ بەرەی رزگاریخوازی ئیسلامیی سووریا

فەرماندە: ئەحمەد عیسا
ژمارەی چەكدارانی: 35 ـ 40 هەزار

بەرەی رزگاریخوازی ئیسلامیی سووریا لە ئەیلولی 2012 دوای كۆبوونەوەی 20 گرووپی چەكدار دروستبوو كە پێكدەهاتن لە “كەتیبەكانی فاروق”، “كەتیبە ئیسلامیەكانی فاروق”، “لیوای تەوحید”، “لیوای فەتح”، “صقور الشام”، “لیوای ئیسلام” و “ئەنجوومەنی شۆڕشگێڕیی دێرە زوور”.

ئەم بەرەیە لە ئیسلامی میانڕەو تا سەلەفیی توندڕەو لەخۆدەگرێ و دان بە ئەنجوومەنی باڵای سەربازیدا دەنێن، بەڵام گومانیان لە هاوپەیمانی نیشتمانیی سووریا هەیە كە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە پشتیوانی دەكرێت.

بەرەی ئیسلامی لە حەڵەب و ئیدلب و شام و حومس چالاكە و خۆی وەك گەورەترین هاوپەیمانیی شۆڕشگێڕی دەناسێنێت، بە سەرەكیترین هێزی ئەنجوومەنی باڵای سەربازیش دادەنرێت.

أ ـ كەتیبەكانی فاروق

فەرماندە: ئوسامە جنیدی، 
ژمارەیان: 14 هەزار چەكدار

كەتیبەكانی فاروق لە كۆتایی ساڵی 2011 دەركەوت، لە هەوڵی شكستخواردووی پێشگرتن بە هەڵمەتی رژێم بۆ سەر گەڕەكی بابا عەمرۆی حومس بەشداری كردووە، دوای ئەمەش پەرەی سەند و بووە هێزێكی گەورە و لایەنگری لەسەرانسەری وڵاتدا پەیداكرد، ئێستاش یەكێك لە باڵەكانی بە ناوی فاروقی باكوور ئامادەییەكی بەهێزی لە سنووری توركیا هەیە.

ئەم گرووپە چەندین جار رووبەڕووی لێكترازان و دابەشبوون و دەركردنی سەركردە و هەروەها زەقبوونەوەی قەوارەی لاوەكیی بووەتەوە وەك كەتیبەی ئیسلامیی توندڕەوی فاروق و لیوای عومەر فاروق. ئێستاش فەرماندەی كەتیبەكانی فاروق پێگەیەكی بەهێزی لە بەرەی رزگاریخوازی ئیسلامیی سووریا و ئەنجوومەنی باڵای سەربازیدا هەیە. 

ب ـ صقور الشام

فەرماندە: شێخ ئەحمەد عیسا
ژمارەیان: 9 ـ 10 هەزار چەكدار

ئەم گرووپە توندڕەوترین گرووپەكانی نێو بەرەی رزگاریخوازی ئیسلامیی سووریایە. ساڵی 2011 لە ناوچەی (جبل الزاویە) لە پارێزگای ئیدلب دامەزراوە، لەوكاتەشەوە تا ئێستا ئەم گرووپە لە پەرەسەندن و فراوانبووندایە، ئێستا لە ناوچەی حەڵەب و ریفی دیمەشق چالاكی دەكات. فەرماندەی ئەم گرووپە سەركردایەتی بەرەی رزگاریخوازی ئیسلامیی سووریا دەكات و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سەربازییە.

 ج ـ لیوای تەوحید

فەرماندە: عەبدولقادر ساڵح و
 عەبدولعەزیز سەلامە
ژمارەیان: 8 ـ10 هەزار چەكدار

ئەم لیوایە ساڵی 2012 دامەزراوە و لە كۆمەڵێك گرووپی دیكەی شەڕكەر لە باكووری حەڵەب پێكهاتووە، لیوای تەوحید دەستی بەسەر بەشێكی شاری حەڵەبدا گرتووە و ئێستا بە هێزێكی سەرەكیی پارێزگاكە دەناسرێت، سەرەتای 2013 چووە ریزەكانی بەرەی رزگاریخوازی ئیسلامیی سووریاوە. 

فەرماندەی سەربازیی لیواكە كۆنە بازرگانێكە بە “حاجی مارع” دەناسرێت و یاریدەدەری سەرۆك ئەركانی ئەنجوومەنی باڵای سەربازییە بۆ كاروباری بەرەی باكوور. هەرچی سەركردەی سیاسی لیواكەشە كەسێكە بە “حاج عندان” ناسراوە و مانگی ئەیلولی رابردوو بەناوی 11 لیوای ئیسلامییەوە رایگەیاند كە ئەوان دان بە هاوپەیمانی نیشتیمانی سووریادا نانێن، داوای لە ئۆپۆزیسیۆنیش كردبوو لە چوارچێوەیەكی ئیسلامیدا یەكبگرن.

د ـ لیوای فەتح

ئەم گرووپە بەشێوەیەكی سەرەكی لە حەڵەب و دەوروبەری و هەردوو پارێزگای رقە و حەسەكە چالاكە، هەوڵ بۆ “سووریایەكی ئازاد” دەدات. كاتێك گرووپە جیهادییەكان هێرشیان كردە سەر دەروازەیەكی سنووریی توركیا لە شارۆچكەی ئەعزاز، لیوای فتح هاوكاریی سەربازی بۆ ئەو لایەنە نارد كە دژی ئیسلامیەكان شەڕی دەكرد.

3 ـ لەشكری ئیسلام

فەرماندە: زەهران عەلوش
ژمارەیان: 9 هەزار چەكدار

لەشكری ئیسلام بەرهەمی كۆبوونەوەی 50 گرووپی ئیسلامیی دەوروبەری شام بوو لەساڵی 2013 دامەزرا. 

دەگوترێت ئەم گرووپە لەلایەن عەرەبستانی سعودیەوە دروستكراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی فراوانبوونی چالاكییەكانی قاعیدە لە دەوروبەری شام، باوكی عەلوشیش زانایەكی ئاینییە و لە سعودیە نیشتەجێیە.

4 ـ بەرەی ئیسلامیی سووریا

هاوپەیمانییەكە لەنێوان 11 گرووپی توندڕەوی ئیسلامیدا لە ساڵی 2012 پێكهێنراوە، هەر ئەوكاتە وا راگەیەندرا كە 30 هەزار چەكداری هەیە، لەوكاتەشەوە وەك بەهێزترین شەڕكەری دژە حكومەت ناوی دێت و لەسەرتاسەری سووریادا چالاكە.

بزووتنەوەی (احرار الشام) بە دیارترین و گەورەترین گرووپی نێو بەرەی ئیسلامیی سووریا هەژمار دەكرێت. فەرماندەی ئەو بزووتنەوەیە فەرماندەی بەرەی ئیسلامیشە و بە ئەبو عەبدوڵڵای حەمەوی ناسراوە. پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە دەستگیركرابوو بەتۆمەتی بەشداریكردن لە توندوتیژییەكانی عێراق.

بەرەی ئیسلامیی سووریا بە سەربەخۆیی ماوەتەوە و رەتیدەكاتەوە بچێتە نێو ئەنجوومەنی باڵای سەربازییەوە، بەڵام لە مەیدانی شەڕ هاوكاری ئەنجوومەنی باڵای سەربازی دەكات.

بەرەی ئیسلامی داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی دەكات و هاوكاری لایەنگرانی قاعیدەش دەكات، بەڵام پەیڕەوی لە چەمكی جیهادی جیهانی ناكات.

بزووتنەوەی ئیسلامیی (احرار الشام)

فەرماندە: حەسان عەبود
ژمارەیان: 10ـ 20 هەزار چەكدار

ئەم بزووتنەوەیە سەلەفییە، یەكەم جار لەكۆتایی ساڵی 2011 لە پارێزگای ئیدلب دەركەوت، لەوكاتەشەوە كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەر مەیدانی شەڕ.

چەكدارانی ئەم بزووتنەوەیە بە لێهاتوویی ناسراون، لە یەكەمین ئەو كەسانە بوون كە بۆمبی دەستكردیان لە هێرشەكانیاندا بۆ سەر سەربازگەكانی رژێم بەكارهێنا.

ئەم بزووتنەوەیە بەشێكی تەكنیكیشی هەیە گرنگی بە هاككردن دەدات لەسەر ئینتەرنێت، هەروەها بەشێكی هاوكاریشی هەیە كە گرنگی بە خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتی و كاروباری گشتی دەدات لە رقە و حەڵەب.

دووەم: گرووپە سەربەخۆكان

1 ـ لیواكانی “احفاد الرسول”

فەرماندە: ئەبو ئوسامە جۆلانی، 
محەممەد ئەلعەلی، ماهیر ئەلنعێمی
ژمارەیان: 7 ـ 9 هەزار چەكدار

لیواكانی “احفاد الرسول” هاوپەیمانییەكە لەنێوان 40 گرووپی ئیسلامیی میانڕەو كە لەساڵی 2012 دامەزراوە و لە سەرتاسەری وڵاتدا چالاكە، بەڵام زیاتر لە ئیدلب دەردەكەوێت.

ئەم گرووپە سەربەخۆیە، بەڵام مەیلی بەلای ئەنجوومەنی باڵای سەربازیدا هەیە و پەیوەندی بە قەتەر و دەزگاكانی هەواڵگریی رۆژئاواوە هەیە.
مانگی ئابی رابردوو، رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام چەكدارانی ئەم گرووپەیان لە شاری رقە دەركرد.

2 ـ بەرەی “الاصالە والتنمیە”
ژمارەیان: 13 هەزار چەكدار

بەرەی “الاصالە والتنمیە” هاوپەیمانییەكی ئیسلامیی میانڕەوە مانگی 10ی ساڵی رابردوو دامەزرا. چەكدارانی ئەم بەرەیە بەسەر هەر پێنج بەرەكەی شەڕدا دابەشبوون، بەڵام زیاتر لە حەڵەب و ناوچە خێڵەكییەكانی دێرە زوور بەناوی لیواكانی نورەدین زەنكی دەردەكەون.

3 ـ لیژنەی قەڵغانی شۆڕش 

ئەم لیژنەیە بەستراوە بە ئەنجوومەنی باڵای سەربازی و هاوپەیمانییەكە لە نێوان چەند گرووپێكی چەكدار بە چەكی سووك و زۆربەیان لە ئیدلب و حەمان. ئەم لیژنەیە ساڵی 2012 بە هاوكاریی ئیخوان موسلیمینی سووریا دامەزرا. ئەم لیژنەیە خۆی بە هاوپەیمانییەكی ئیسلامیی میانڕەوی دیموكراتخواز ناودەبات و دان بەوەدا دەنێت كە هاوكاری لە ئیخوان وەردەگرێت، بەڵام رەتیدەكاتەوە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵی هەبێت.

4 ـ گردبوونەوەی (انصار الاسلام)

ئەم گرووپە ساڵی 2012 لە یەكگرتنی حەوت گرووپی ئیسلامی پێكهات، بەڵام لەوكاتەوە رووبەڕووی چەندین دابەشبوون و لێكترازان بووەتەوە.

5 ـ لیوای (شهداء الیرموك)

بریتییە لە كۆمەڵەیەكی ئیسلامیی میانڕەو، سەر بە ئەنجوومەنی باڵای سەربازییە و ساڵی 2012 لە شاری درعا لە هەشت یەكەی سەربازیی بچووك دامەزرا. چالاكییەكانی لە سنووری ئوردن و جۆلان ئەنجام دەدات، ساڵی 2013 هەر لە جۆلان چەند سەربازێكی ئاشتیپارێزی دەستگیركرد.

6 ـ كەتیبەكانی “الوحدە الوطنیە”

ئەم گرووپە ساڵی 2012 دامەزرا و بانگەشەی ئەوە دەكات كە چەندین یەكەی سەربازی هەیە و بەسەر هەموو پارێزگاكانی سووریادا دابەشبوون. كاردەكەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنی دیموكراتی بۆ هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكان. بەشێوەیەكی سەرەكی لە ناوچەی پردی شغور لە ئیدلب، باشووری شام، جبل زاویە، درعا و دێرە زوور چالاكە.
هەندێك راپۆرت باس لەوە دەكەن كە بەشێك لە ئەندامانی ئەم گرووپە لە كەمینەی ئیسماعیلی و عەلەوین.


سێیەم : گرووپە جیهادییەكان

1ـ بەرەی نوسرە

فەرماندە: ئەبو محەممەد جۆلانی
ژمارەیان: 5 ـ7 هەزار چەكدار

بەرەی نوسرە بەعەرەبی ناوی “جبهە النصرە لاهل الشام”ـە، مەزەندە دەكرێت لە ناوەڕاستی 2011 بەهاوكاری رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام دامەزرابێت. بەڵام خۆی لە ساڵی 2012ـەوە بوونی خۆی راگەیاندووە. لەوكاتەوە تا ئێستا وەك یەكێك لە بەهێزترین گرووپە چەكدارەكان دەركەوتووە و چەكدارانی لە 11 پارێزگای سووریا چالاكن، بە تایبەتیش لە ئیدلب و حەڵەب دێرە زوور. 

ئێستا بەرەی نوسرە دەستی بەسەر باكووری سووریادا گرتووە. ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش لە 2012ـەوە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی پۆلێنی كردووە و رایگەیاندووە كە ئەم بەرەیە لە بنەڕەتدا رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراقە.

لە مانگی نیسانی 2013 ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق تێكەڵكردنی بەرەی نوسرە و رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق راگەیاند و رێكخراوێكی نوێی لێدروستكرد بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام، بەڵام ئەبو محەممەد جۆلانی رەتیكردەوە دەستبەجێ تێكەڵ بێت، بەڵكو بەیعەتی دایە ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە. لەوكاتەشەوە هەریەك لە بەرەی نوسرە و رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام وەك دوو گرووپی سەربەخۆ كاردەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین چەكداری بیانی چوونەتە ریزی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە.

2 ـ دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام

فەرماندە: ئەبوبەكر بەغدادی
ژمارەیان: 3 ـ 5 هەزار چەكدار

هەرچەندە بەرەی نوسرە رازی نەبوو رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دابمەزرێنێت، بەڵام بەغدادی كۆڵی نەدا و رێكخراوەكەی دامەزراند و لەناو خاكی سووریا پەرەی بە چالاكییەكانی دا. دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكاش لە مانگی ئابی 2013 دووپاتیكردەوە كە بەغدادی لەناو سووریایە و رابەرایەتی 5 هەزار چەكداری بیانی دەكات. ئەم رێكخراوە بەشێوەیەكی بەرچاو لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا چالاكە و واپێشبینی دەكرێت كە دەستی بەسەر ئەنجوومەنە خۆجێییەكانی حەڵەب و ئیدلب و رقەدا گرتبێت. 

پەیوەندیی ئەم رێكخراوە لەگەڵ گرووپە ئیسلامییەكانی دیكەدا باش نییە، بەگوێرەی هەندێك راپۆرت چەكدارانی ئەم رێكخراوە بەم دواییە ئەندامێكی دیاری بزووتنەوەی “احرار الشام”یان كوشتووە و رووبەڕووی “احفاد الرسول” بوونەتەوە و لە رقە و ئەعزاز خەڵكی مەدەنیی عەلەوی و شیعە دەكوژن.

3 ـ سوپای “مهاجرین والانصار”

ئەمە گرووپێكە لە سەدان چەكداری بیانی پێكهاتووە كە زۆربەیان خەڵكی باكووری قافقاسن. ئەم گرووپە ساڵی 2013 دامەزراوە و كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی دەكات لە سووریا. بازنەی چلاكییەكانی بە شێوەیەكی سەرەكی لە حەڵەبە، بەڵام خۆی دەڵێت كە لە حەما و لازقییەش چالاكیی هەیە.

ئەم گرووپە لەلایەن كەسێكی چیچانی بەناوی ئەبو عومەر چیچانییەوە سەركردایەتی دەكرێت، ئەو كەسەش خۆی دەڵێت كە سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شامە.

چوارەم : گرووپە كوردییەكان

پێكهاتەی هێزەكانی رژێمی سووریا و ئەو هێزانەی هاوكاری دەكەن:

1 سوپای سووریا

ژمارەی سەربازانی سوپای نیزامی بە 350 هەزار چەكدار مەزەندە دەكرێ، بەڵام ئەم ژمارەیە لە كەمبوونەوەی بەردەوامدایە بەهۆی جیابوونەوەی ئەفسەرە باڵاكان و هەڵاتنی سەربازان یان كوژرانیان لە مەیدانی شەڕدا. سەرچاوەكانی ئۆپۆزیسیۆن ژمارەی كوژراوانی سوپای رژێم بە 40 هەزار سەرباز دەخەمڵێنن. 


 2سوپای بەرگری نیشتیمانی 

ئەم هێزە میلیشیایەكی سەر بە رژێمە، سەرەتای ساڵی 2013 دامەزرا و لە سەرباز و مەدەنی و ئەفسەرانی خانەنشین پێكدێت. ئەركی سەرەكیی دانانی بەربەستی ئەمنی و هەڵكوتانە سەر گەڕەكەكانە.

زۆربەی زۆری ئەندامانی ئەم هێزە هیچ كارێكی دیكە ناكەن، لە بەرامبەریشدا 15 هەزار لیرە (100 دۆلار) وەردەگرن.

 3شەبیحە

وشەی شەبیحە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگەڕێتەوە كە لە شوێنە میللییەكان ناویان لێنراوە “شەبەح”. دەگوترێت لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكاندا گرووپێك قاچاخچێتی چەك و ماددەی هۆشبەری دەكرد كە ناو لە ئەندامانی نرابوو شەبیحە. 

كاری سەرەكی ئەم گرووپە پاڵپشتیكردنە لە سوپای رژێم، بە گوتەی چالاكڤانان، دوای كۆنترۆڵكردنی شارەكان لەلایەن سوپای رژێمەوە، شەبیحە كاری تۆڵەكردنەوە و سزادان و تۆقاندن بەڕێوەدەبات.

 4لیژنە میللییەكان

لیژنە میللییەكان لەدوای ئاڵۆزییەكانی سووریا دەركەوت، ئەم هێزە لە گەڕەكەكان پێكهێنرا بۆ پاراستنی ئەو گەڕەكانە لە دزەكردنی چەكداران. بەڵام هەرزوو دەركەوت كە كاری سەرەكییان سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان و پشكنینی خەڵكی مەدەنی و ئۆتۆمبێلی خەڵكە.

وەرگرتنی ئەندامانی ئەم هێزە بە شێوەی خۆبەخش دەبێت و ئەندامانی سوپای نیشتیمانی و شەبیحەش لەخۆدەگرێت.

  5لیوای “ابوالفضل العباس”

ئەم لیوایە تەنیا لە چەند شوێنێكی دیاریكراو دەبینرێ، بەتایبەتی لە ریفی دیمەشق، ئەم لیوا چەكدارە بە تێڕوانینی مەزهەبی شیعە كاردەكات و پاڵپشتی لە رژێم دەكات.

زۆربەی ئەندامانی ئەم لیوایە عێراقین و ئەفسەر و فەرماندەكانیشی ئێرانین. تا ئێستا ئامارێكی ورد لە بارەی لیواكەوە نییە، بەڵام سەرچاوەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە 3 كەسی دەخەمڵێنن.

 6حیزبوڵڵا

حیزبوڵڵای لوبنانی بە گرنگترین ئەو هێزە دەرەكییانە دادەنرێت كە لە پێناوی مانەوەی رژێمی سووریا دەجەنگن. لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە رایگەیاندووە كە چەكدارانیان لە سووریا شانبەشانی رژێم شەڕ دەكەن و زیاتر لە ناوچەكانی ریفی دیمەشق دەردەكەون.
ژمارەی چەكدارانی حیزبوڵڵا لە سووریا بە 15 هەزار مەزەندە دەكرێت.


7بەرەی میللی بۆ رزگاركردنی فەلەستین ـ سەركردایەتی گشتی

بەرەی میللی بۆ رزگاركردنی فەلەستین ئەوكاتە دەستی بەشەڕ لەپێناوی رژێم كرد كە لەنێو خێوەتگەی یەرموكی تایبەت بە پەنابەرانی فەلەستینی جموجۆڵ دژی بەشار ئەسەد سەریهەڵدا، ئەوكاتە بەرەی میللی دەستی بە كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكان كرد. دواتریش رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی لەناو كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكانی پەنابەران لەئەستۆ گرت.
سەركردەی ئەم بەرەیە ئەحمەد جبریلە كە كەسێكی نزیكە لە بنەماڵەی ئەسەد.


YPG یەكینەكانی پاراستنی گەل

سەركردەی سیاسی: ساڵح موسلیم (هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات PYD)
ژمارەیان: 10- 15 هەزار چەكدار

یەكینەكانی پاراستنی گەل باڵی سەربازی پارتی یەكێتی دیموكراتیە، ئەم حیزبەش سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)ـیە و هەرێمی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەدەبات.

(YPG) لە هاوینی 2012 وەك هێزێكی چەكدار دەركەوت، پاش ئەوەی هێزی سوپای سووریا لە رۆژئاوا كشایەوە.

ئەم هێزە و (PYD)ش كاریان لەسەر بەرقەراركردنی ئاسایش و هێشتنەوەی كورد دوور لە ململانێكان كرد. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەی پچڕپچڕ و تاك و تەرا رووبەڕووی هێزەكانی رژێم بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ گرووپە ئیسلامییەكان ئەم شەڕە بەشێوەیەكی دژوارتر سەریهەڵداوە.

گرووپە چەكدارەكانی سوپای ئازاد و حكومەتی توركیا، ئەم حیزبە بە هاوكاریكردن لەگەڵ رژێمی سووریا تۆمەتبار دەكەن.