ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی قەیسەری سەر سووریا دا

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای سزاکانی "قەیسەر" لەسەر سووریا دا؛ پڕۆژەیاساکە رەوانەی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپ کرا بۆ واژۆکردن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد.
 
رۆژی چوارشەممە 17-12-2025، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی 77 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 20 دەنگی نەخێر، پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی (NDAA)ـی پەسند کرد، کە بڕگەیەکی تێدایە داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی "یاسای پاراستنی سڤیلەکانی سووریا" ناسراو بە "یاسای قەیسەر" دەکات.
 
هەفتەی رابردووش ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئەو پڕۆژەیاسایەی کە لە سێ هەزار لاپەڕە پێکهاتووە پەسند کردبوو؛ ئێستا تەنیا واژۆی دۆناڵد ترەمپی ماوە و 14 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.
 
بڕیارێکی مێژوویی لە یەکەمین ساڵیادی رووخانی ئەسەد
 
یاسای قەیسەر لە ساڵی 2019 و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا واژۆ کرا، ئامانج لێی سزادانی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی (رووسیا و ئێران) بوو، کە بەرپرس بوون لە کوژرانی زیاتر لە 500 هەزار سووریایی. یاساکە سزای بەسەر هەر کەس و لایەنێکدا دەسەپاند کە بازرگانی یان هاوکاریی حکومەتی سووریا بکات، بەتایبەت لە کەرتەکانی بیناسازی، وزە، ئەندازیاری و فڕۆکەوانیدا.
 
سەرەڕای رووخانی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 لەسەر دەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، یاساکە تاوەکو ئێستا وەک خۆی مابووەوە. شەرع مانگی رابردوو لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە و داوای لێکرد سزاکان هەڵبگرێت، چونکە "رێگرن لەبەردەم بووژانەوەی ئابووریی سووریا لە دوای جەنگ."
 
هەوڵە دیپلۆماسییەکان و بەڵێنەکەی ترەمپ
 
تێپەڕاندنی ئەم بڕیارە دوای چەند هەفتەیەک لە دانوستاندنی نێوان کۆنگرێس و کۆشکی سپی هات. ئیدارەی ترەمپ گوشارێکی زۆری کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساکە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنەی ترەمپ، کە لە ئایاری رابردوودا دابووی بۆ لادانی هەموو سزاکان لەسەر سووریا.
 
جین شاهین، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و جۆ ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکردایەتیی هەوڵەکانیان کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی بێ مەرجی یاسای قەیسەر. ئەو دوو کۆنگرێسمانە لە گوتارێکی هاوبەشدا نووسیویانە: "ئەو سزایانەی بەسەر ئەسەددا سەپێندرابوون، ئێستا بوونەتە هۆی دابڕانی سووریا لە جیهان. ئێستا دەرفەتێکی مێژووییمان لەبەردەمدایە بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و گونجاندنی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانمان."
 
چاودێریکردنی دۆخی سووریا لە دوای سزاکان
 
هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر بێ مەرجە، بەڵام پڕۆژەیاساکە داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ماوەی چوار ساڵ، هەر شەش مانگ جارێک راپۆرتێک پێشکەش بە کۆنگرێس بکات سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی دیمەشق لە چەند پرسێکی سەرەکیدا، لەوانە:
 
دەرکردنی چەکدارە بیانییەکان لە سووریا.
رێزگرتن لە مافی کەمینەکان.
پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ ئیسرائیل.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەگەر حکومەتی سووریا لە ماوەی ساڵێکدا لەو پرسانەدا پێشکەوتن نیشان نەدات، سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت بۆ سەپاندنی سزای تاکەکەسی و دیاریکراو بەسەر بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا.