ئاوارەکانی شەڕ لە قوتابخانە و مزگەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان جێگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، نزیکەی 550 خێزانی ئاوارەی شەڕی دوو رۆژی رابردوو لە ناوچەکانی رەققە و تەبقەوە گەیشتوونەتە رۆژئاوای کوردستان. سەرۆکی رێکخراوێک دەڵێت، لە مزگەوت و قوتابخانەکاندا جێگەی ئاوارەکان دەکەنەوە و دۆخیان خراپە.
هەدیە قامشلۆ، هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "540 خێزان بەهۆی شەڕەوە لە رۆژئاوای فوراتەوە گەیشتوونەتە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان".
بەگوتەی هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان، 400 خێزان لەوانەی ئاوارەبوون چوونەتە قامشلۆ، 100 خێزان چوونەتە دێرک و 40 خێزانیش چوونەتە عامودێ.
هەدیە قامشلۆ گوتی، ژمارەیەک خێزانی دیکە لە رێگەدان و خۆیان لە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا دەپارێزن بەرەو ناوچە ئارامەکان.
هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: " ناوەندە پزیشکییە گەڕۆکەکانمان و تەواوی تیمەکانمان بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکان بڵاوە پێکردووە و ئامادەن بۆ هاوکارییان".
ئیمان ئیبراهیم، سەرۆكی رێكخراوی ئاشتی لە قامشلۆ، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی ئاوارەکان زۆر زۆر خراپە، لە دوێنێوە خەڵک دێن و ئێستاش چەندین خێزان لە رێگەدان".
سەرۆكی رێكخراوی ئاشتی لە قامشلۆ گوتیشی: "ئاوارەکان پێویستیان بە شیر، دایبی و خۆراکە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش هاوکاریی پێویستیان پێشکێش نەکردوون. بەهۆی زۆریی ژمارەی ئاوارەکانەوە دابینکردنی شوێنی مانەوە لەم سەرمایەدا زەحمەتی زۆری بۆ دروستکردوون. بۆیە ناچارین لە مزگەوت و قوتابخانەکان دایانبنێین".
دوای هێرشەکانی 6ـی ئەم مانگەی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ دوو گەڕەکی کوردنشین لە حەلەب، لە دوو رۆژی رابردوو ئەو سوپایەی سووریا جارێکی دیکە هێرشی دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری دەستپێکردووەتەوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس ئاوارە بوون.