هەسەدە: لەگەڵ یەپەژە تانکێکی سوپای سووریامان لە نزیک بەنداوی تشرین تێکشکاند
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانیان بە بەشداریی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، دوو ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوویان دژی چەکدارانی سەر بە دیمەشق لە دەورووبەری گردی (سیریاتێل) لە ناوچەی بەنداوی تشرین کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا کۆبوونەوەیەکی چەکدارەکان کراوەتە ئامانج کە خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ هێرشکردن، تێیدا تانکێکی سوپای سووریا بە تەواوەتی تێکشکێندراوە."
لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا، لەرێگەی درۆنەوە هێرشێکی ورد کراوەتە سەر "کۆبوونەوەیەکی دیکەی چەکدارەکان و تەقینەوەیەکی گەورەی لە ناو ریزی هێرشکاراندا لێکەوتووەتەوە." هەسەدە دەڵێت، لەو دوو هێرشەدا ژمارەیەک چەکدار کوژراون و بریندار بوون.
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، لە گوندی (حاجی حوسێن)ـی سەر بە ناوچەی بەنداوی تشرین، هێرشێکی دیکەیان کردووە و تێیدا پێگەیەکی سەربازی و شوێنی کۆبوونەوەی چەکدارانی دیمەشقیان تێکشکاندووە.
ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدان کە لە 06-01-2026ـەوە شەڕی تووند لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزە کوردییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی حەلەب، رەققە و دێرەزوور بەردەوامە. تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەم شەڕانەوە زیاتر لە 159,000 کەس ئاوارە بوون.