ئەحمەد شەرع: سەرجەم دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەسەدە چارەسەر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا داوای لە هۆزە عەرەبەکانی رەققە و ناوچەکانی دیکەی سووریا کرد پابەندی هێمنی بن و رێگە خۆش بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکەی نێوان دیمەشق و هەسەدە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-1-2026، ئەحمەد شەرع لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، جەختی کردەوە کە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەچنە نێو هەر سێ پارێزگاکەی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی وڵات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە بۆ سبەینێ دواخراوە.
سەرۆکی کاتیی سووریا هەروەها گوتی کە سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەت و هەسەدە چارەسەر دەکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، شاری رەققەی لە دەستی هەسەدە دەرهێناوە و کۆنترۆڵی کردووە، بەڵام هەسەدە ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێ: شارەکەی چۆڵ نەکردووە.
ئەو پەیامەی ئەحمەد شەرع لەکاتێکدایە، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شەڕێکی سەختدایە لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان لە رەققە و دەوروبەری.