بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ رووداو: هێزەکانی حکومەتی سووریا نەچوونەتە نێو شاری رەققە


رووداو دیجیتاڵ

مستەفا عەلووش، ئەندامی دەستەی وزەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە رووداوی رایگەیاند: "هێزەکانی حکومەتی سووریا نەچوونەتە نێو شاری رەققە و ئەو چەکدارانەی لە نێو شارەکەدان، شانەی نووستوون و دەیانەوێت ئارامی شارەکە تێکبدەن." بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریاش کارەبا لەسەر شارەکانی کۆبانی، عەین عیسا و گوندەوارەکانیان بڕاوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2026، مستەفا عەلووش، ئەندامی دەستەی وزەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە رووداوی رایگەیاند: "هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە دەوروبەری شاری رەققەن و ئەو گرتە ڤێدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و تێیدا ژمارەیەک چەکدار لە نێو شارەکە پێشان دەدرێن، شانەی نووستوون و دەیانەوێت ئاڵۆزی و نائارامی لە نێو شارەکەدا دروست بکەن."
 
مستەفا عەلووش رەتیکردەوە، هێزەکانی حکومەتی سووریا رەققەیان کۆنترۆڵ کردبێت و دەڵێت: "جەخت لەوە دەکەینەوە، ئەو زانیاری و بانگەشانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە گوایا هێزەکانی حکومەتی سووریا لە ناوەندی شاری رەققەن، راست نین. ئەوانەی لە بەشێکی شارەکە دەبێنرێن، شانەی نووستوون و بەنیازن، ئارامی شارەکە تێکبدەن."
 
جەختیشی کردەوە، "هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا ئێستا لە باشووری پردی رەققە و لە رۆژئاوای شارەکە لە شارۆچکەی سەلحەبیەن."
 
سەبارەت بە دۆخی بەنداوی تشرین، ئەندامی دەستەی وزەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، بەنداوەکە تاوەکو ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک (هەسەدە)دایە، بەڵام هێرشی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر بەنداوەکە و ناوچەکانی دەوروبەری بەردەوامە.
 
مستەفا عەلووش راشیگەیاند: "بەهۆی هێرشی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر بەنداوی تشرین، کارەبا لەسەر شارەکانی کۆبانی و عەین عیسا و گوندەواری هەردوو شارەکە بڕاوە، لەبەر شەڕ، فەرمانبەرانی بەنداوەکە و فەرمانگەی کارەبا ناتوانن بچنە ناوچەکە بۆ چاککردنی کێشەی کارەبای ناوچەکە.
 
ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر روونیکردەوە، ئەگەر شەڕ لە بەنداوی تشرین بەردەوام بێت، زیانێکی زۆر بەر بەنداوەکە دەکەوێت.